ئاگركەوتنەوە لە سنووری گەرمیان حەوت هێندەی ساڵی ڕابردوو زیادی كردووە

:: AM:09:45:12/06/2019 ‌
نووسینگەی هاوئاهەنگی هاوبەشی قەیرانەكان لە سنووری گەرمیان ڕاپۆرتێك بڵاو دەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، ئەمساڵ ڕێژەی ئاگركەوتنەوە حەوت هێندەی ساڵی ڕابردوو زیادی كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 12ـی حوزەیران، بەپێی ڕاپۆرتێكی نووسینگەی هاوئاهەنگی قەیرانەكان لە سنووری گەرمیان هاتووە، سنووری ئیدارەی گەرمیان لەبەر ئەوەی لەسەر سنووری پارێزگای دیالەیە و گەرمترین ناوچەی كوردستانە و بەهۆی وەرزی پڕ بارانی ئەمساڵیشەوە ساڵێكی پڕ پیت و پووش و پاوان دەگوزەرێنێت.

ڕوون كراوەتەوە، لە بارەی ئاگركەوتنەوە هۆكاری تری شاراوە و نادیاریش لایەنە پێوەندیدارەكان لە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی بەردەوامدان، ئیدارەی گەرمیانیش هەر لە دەست پێكردنی وەرزی ئاگركەوتنەوەی ئەمساڵەوە لە پێوەندی و هاوئاهەنگی بەردەوامدایە لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكانی سنووری ئیدارەی گەرمیاندا و ڕۆژانە داتا و زانیاری ئاڵوگۆڕ دەكەن.

باس لەوەش كراوە، ئەوەی دەگوزەرێ‌ ئەوەیە كە تەواوی ناوچەكانی گەرمیان ڕۆژانە لەگەڵ ئاگركەوتنەوەدا ڕووبەڕوون، بەجۆرێك تەنیا لە مانگی ئایاری ساڵی 2019دا، 250 ئاگر لە كێڵگە كشتوكاڵی و ڕووبەرە بە دانەوێڵە چێنراوەكانی سنووری گەرمیان كەوتووەتەوە.

ئاشكرا كراوە، ئەم ڕێژەیەی ئاگركەوتنەوە بە ئاستێك گەیشتووە كە تەنیا لە 10 ڕۆژی سەرەتای حوزەیرانی 2019دا 242 ئاگر لە سنوورەكە كەوتووەتەوە و ئاگرەكان سنووری 74 گوند و شارەدێی سنوورەكەی گرتووەتەوە، واتە تەنیا لە ماوەی 40 ڕۆژی ڕابردووی وەرزی ئاگركەوتنەوەی ئەمساڵدا 492 ئاگر لە گەرمیان كەوتووەتەوە و بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەكان، لەم ئاگركەوتنەوانەدا چوار هەزار دۆنمی چێنراو بە گەنم و جۆ سووتاوە و لەناوچووە، كە نیوەی ئەم ڕووبەرە كشتوكاڵییە سووتاوە لە سنووری خانەقین و قۆرەتوو و مەیدان بووە و هەزار و 200 دۆنمی لە سنووری كفری و 800 دۆنمیشی لە سنووری كەلار بووە، لەپاڵ سووتانی ئەو هەموو ڕووبەرە بە دانەوێڵە چێنراوەدا، بەسەدان تۆن ئالیكی ئاژەڵ و چەندان باخ و سەدان داری زەیتوون و هەنار و داری بەردار سووتاون.

لە كۆتایی ڕاپۆرتەكە ئەوەیش هاتووە، ڕێژەی ئاگركەوتنەوەكان بەبەراورد بەساڵی ڕابردوو زیادی كردووە و لە ماوەی 40 رۆژی وەرزی ئاگركەوتنەوەی ساڵی ڕابردووی 2018 دا، تەنیا 63 ئاگر لە سنووری ئیدارەی گەرمیان كەوتووەتەوە، كە ئەو ڕێژەیە لە ئەمساڵدا بۆ زیاتر لە حەوت بەرانبەر زیادی كردووە، ئەمەش ئەگەری هەبوونی هۆكاری تر لە پشتی ئاگركەوتنەوەكانەوە بەهێز دەكات و ئیدارەی گەرمیانیش بۆ ئەو مەبەستە ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی لە بەرگری شارستانی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ ڕێگریكردن و بەدواداچوون لە دیاردەكانی ئاگركەوتنەوە پێكهێناوە.




وشە - رامیار جەواد