دوو رۆژ پێش ئه‌وه‌ی بڕۆین بۆ دیداره‌كه گیانی ده‌له‌رزی، به‌جۆرێك كاتێك قسه‌ی ده‌كرد وشه‌كانی بۆ جیا نه‌ده‌كرایه‌وه، زووزوو ده‌یگوت ده‌بێ ئه‌و بینینه چۆن بێت، بڵێی كه‌ی ئه‌وكاته بێت و بیانبینم و تێر له‌باوه‌شیان بگرم و بۆنیان بكه‌م، كاتێك گه‌یشتینه شوێنی دیداره‌كه، هه‌نگاوه‌كانی قورس بوون و دڵی به‌جۆرێك لێی ده‌دا هه‌ستم بهترپهكانی ده‌كرد، به‌ڵام كاتێك گه‌یشتین هه‌موو شتێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌بوو، دایك و سێ منداڵ دوای نۆ ساڵ یه‌كتر ده‌بینن.
ئێواره‌یه‌كی سارد بوو، له یه‌كێك له پاركه‌كانی هه‌ولێردا ده‌بوو ئه‌م گۆشت و خوێنانه دوای ئه‌و ماوه دوور و درێژه یه‌كتر ببینن، دیدارێكی تاڵ بوو، له‌گه‌ڵ تاڵییهكهشی قورس بوو، ڕوانینی دایك بۆ منداڵه‌كان و تووڕه‌یی چاوی منداڵه‌كان وه‌ك كورد ده‌ڵێت "كافری مسوڵمان ده‌كرد"، فرمێسكی دایكه‌كه له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م باوه‌شی كچی گه‌وره‌یدا وشك نه‌بوو هه‌تا دواین ماڵئاوایی، تووڕه و ناخگهرمی ئه‌وانیش تا پێش ماڵئاواییه‌كه هێور نه‌بووه‌وه.
باوه‌ش، ماچ، بۆنكردنی دایك هه‌ناسه‌ی گه‌رم كردبوو، ساردوسڕی منداڵه‌كانیش له گه‌رمی ناخیان دانیشتنه‌كه‌یان كپ كردبوو، من كه هیچ ته‌ره‌فێك نه‌بووم له دانیشتنه‌كه‌دا، جگه له هاوه‌ڵ و هاوكاری ڕێكخستنی دیداره‌كه نه‌بێت، هه‌وڵی هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌م ده‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌شه‌كه بگۆڕم، ده‌ستم كرد به‌چه‌ند پرسیارێك، ته‌مه‌نتان چه‌نده و پۆلی چه‌ندن و له‌چ مهكتهبێكن، نه پرسیاره‌كانی من نه وه‌ڵامه‌كانی ئه‌وان به‌ده‌ردی هیچ كامی نه‌خوارد، چونكه ناخی منداڵه‌كان پڕ بوون له پرسیاری بێ وه‌ڵام، جوانتر بڵێم وه‌ڵامی باوه‌ڕ پێنه‌هێنراو.
كه‌نار 11 ساڵ پێش ئێسته به‌تۆمه‌تی ناپاكی هاوسه‌رگیری ته‌ڵاق ده‌درێت، سه‌ره‌تا منداڵه‌كانی له‌لای خۆی ده‌بن، به‌ڵام براكانی ڕێ ناده‌ن به‌خێویان بكات و ده‌ڵێن، "خۆت باری به‌سه‌رمانه‌وه نۆره‌ی سێ منداڵیشمانه به‌خێوی بكه‌ین ده‌بێت بیاننێریتهوه". بۆیه به‌ناچاری منداڵه‌كانی ده‌داته‌وه به باوكیان، دوای ئه‌وه‌ی منداڵه‌كان ده‌چنه‌وه لای باوكیان و باوكیشیان هاوسه‌رگیری ده‌كاته‌وه، ته‌نیا بۆ یه‌كجار ماوه‌ی نیو سه‌عات كانیاو منداڵه‌كان ده‌بینێته‌وه، ئه‌وكاته‌ی دوایین جار كه‌نار منداڵه‌كانی ده‌بینێت نۆ ساڵ و دوو مانگ پێش ئێسته ده‌بێت، ئیتر ماڵی بابیان ڕێیان پێ ناده‌ن و ده‌ڵێن پاشه‌ڵی زۆر جوان نییه با ڕه‌وشتی كچه‌كانیش تێك نه‌دات!.
كوڕه تاقانه‌كه‌ی ته‌مه‌نی ١٢ ساڵه، ئه‌وكاته‌ی كه دوایین جار دایكی بینیبوو ته‌مه‌نی نزیكی سێ ساڵ بووه، ئێسته كوڕێكی گه‌وره‌یه، ڕه‌نگه له پێش ئه‌و دیداره، ڕۆژگار به رێكه‌وت بردنیه به‌رانبه‌ر یه‌كتر، به‌ڵام سته‌می ده‌سه‌ڵاتی خێزان ڕێی ناسینی نه‌داون، كوڕه‌كه له‌ژێر چاوه‌كانیه‌وه سه‌یری ئه‌و دایكه‌ی ده‌كرد كه ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه به بوونی زانیوه و پێشتر وا تێگه‌یه‌نرابوو كه باوه‌ژنه‌كه‌ی دایكی خۆیه‌تی، بۆیه هه‌ستی هه‌تیوی كوڕهتاقانه به‌رۆكی دایكه‌ی تا ئێسته‌ش به‌رنه‌داوه، ئێسته‌ش ده‌ڵێت هه‌موو شه‌وێك خه‌وێكی ئاڵۆز چاوه‌كانی ده‌گرێت و بۆنی كوڕه‌كه‌ی له مێشكی ده‌رناچێت.
كچه بچووكه‌كه‌ی كه ته‌مه‌نی 15 ساڵه به‌دیار دایكیه‌وه تاسابوو، زووزوو سه‌یرێكی خوشكه گه‌وره‌كه‌ی ده‌كرد و به ئیشاره‌ت چه‌ند قسه‌یه‌كیان ده‌گۆڕییه‌وه، كچه گه‌وره‌كه‌ی پێچه‌وانه‌ی هه‌ردووكیان بوو، تووڕه پڕ له قسه‌ی كچانه بۆ گوێگرتنی دایكێكی دڵسۆز كه هه‌ست به ئارامی و خاڵیبوونه‌وه بكات، ئه‌و ئارامییه‌ی كه پێ ده‌چوو ساڵانێكی زۆر بێت به‌ده‌ستی نه‌هێنابێت.
كاتێك ده‌هاته دووان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كانی دایكی زۆر ڕه‌ق بوو، تووڕه‌ییه‌كی زۆر له ده‌نگی و له ڕووخساریشی هه‌ستی پێ ده‌كرا، هه‌رزوو تێی گه‌یشتم كچێكی 18 ساڵ گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ته‌مه‌نه ده‌بێت چه‌ند پێویستی به‌دایكی بووبێت، له‌گه‌ڵ خۆم به‌راوردم ده‌كرد كه له پێهه‌ڵگه‌ڕانی مێرووله‌یه‌ك تا ته‌زووی یه‌كه‌م هه‌ستی هه‌رزه‌كارانه چۆن بۆ دایكمم به‌یان ده‌كرد، له‌دڵی خۆمدا ده‌مگوت به‌و هه‌موو نهێنییه‌وه ده‌بێت چۆن مابێت!
كانیاو سه‌ری كوڕه‌كه‌ی به‌سینگیه‌وه نابوو، یه‌ك له‌دوای یه‌ك فرمێسكی ده‌ڕشت، كچه‌كانیشی له ده‌وری دانیشتبوون و لێی ڕامابوون، له كچه گه‌وره‌كه‌م پرسی باوهژنهكهتان له‌گه‌ڵتان باشه، خێرا به‌رپه‌چی دامه‌وه و به‌ده‌نگێكی تووڕه‌وه گوتی مه‌ڵی باوه‌ژن، بڵێ دایكتان چونكه له هه‌موو كه‌س باشتره.
گه‌وره كچ ئاخێكی هه‌ڵكێشا و به‌گریانه‌وه باوه‌شی په‌شیمانی بۆ قسه‌كه‌ی هه‌ڵكێشا و گوتی، لێی بپرسه بزانه له‌و هه‌موو ساڵه‌دا بۆ یه‌ك جار نه‌هات بمانبینێ، بۆ پێوه‌ندیمان پێوه ناكات، ئه‌گه‌ر دایكه بۆ ساڵی جارێك گوێمان له ده‌نگی ده‌بێت، ئێمه ڕێمان پێ ناده‌ن مۆبایلمان پێ بێت، به‌ڵام خۆ ده‌توانێ پێوه‌ندی به باوكمان بكات یان به دایكمان، لێی بپرسه بۆ شووی كرده‌وه و بۆ ئێمه‌ی به‌خێو نه‌كرد، بۆ بیر له ئێمه و ئازاره‌كانمان ناكاته‌وه بۆ هه‌وڵی ئه‌وه نادات تێبگات من گه‌وره‌م ئه‌وه‌نده پێویستیم پێیه‌تی، ئه‌ی ئه‌و دووانه !
گریان بۆ ماوه‌ی چاره‌كێك زیاتر به‌رده‌وام بوو، دایكه هاته قسه و له وه‌ڵامی پرسیاره‌كاندا گوتی، "زۆرم پێوه‌ندی كرد و به‌سه‌ریان داخستم، چه‌ندان جار هاتم و پاڕامه‌وه كه‌س نه‌ما هانای بۆ نه‌به‌م و سوودی نه‌بوو، منیش له‌دووری ئێوه مردم، چه‌ندان جار پێیان گوتم ئێوه ناتانه‌وێ بمبینن و قسه‌م له‌گه‌ڵ بكه‌ن." دوای ناخ هه‌ڵڕشتن چوونه‌وه باوه‌شی یه‌كتر، به‌ڵام كچه گه‌وره‌ی دایكی هێشتا ئاگری ئه‌و دابڕانه زۆره ناخی ده‌سووتاند.
به‌هه‌ر جۆرێك بێت باسی ژنه‌كه‌ی باوكی كرد كه ده‌كاته باوه‌ژنیان، گوتی دوو مه‌دالیای بۆ كڕیوم له منداڵییه‌وه تا ئێسته هه‌ڵمگرتووه به جانتای مهكتهبییهوه ده‌كه‌م هه‌موو ساڵێك. من و دایكی سه‌یری یه‌كمان كرد و دڵمان خۆش بوو واتێگهشتین مه‌دالیای دایكی بێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌رزوو خۆشییه‌كه‌ی نه‌هێشت و گوتی ئێسته دایكم سه‌فه‌ری كردووه، شه‌وان تا خه‌وم لێ ده‌كه‌وێت بۆنی له‌چكه‌كه‌ی ده‌كه‌م چونكه به‌بێ ئه‌وه‌ی بۆنی بكه‌م خه‌وم لێ ناكه‌وێت، تێگه‌شتین له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ی باوكیه‌تی.
هه‌رزوو تێگه‌شتم ده‌یه‌وێت ئاخی ئه‌و هه‌موو شه‌وه پڕخه‌م و قسه‌وباسه په‌نگخواردووانه‌ی له‌ماوه‌ی ئه‌و هه‌موو ساڵه‌دا به‌دایكی بڕێژێت، فرمێسكه‌كانی كانیاو كانیاویان به‌ستبوو، كچه‌كه‌ی دووباره ڕووی لێ كرد، ئاخر به‌هه‌ر جۆرێك بێت ده‌توانی پێوه‌ندی بكه‌ی، ئه‌ویش هه‌ر له‌سه‌ر یه‌ك بۆی دووباره ده‌كرده‌وه كه چه‌ند جار پێوه‌ندی كردووه باوكی و باوه‌ژنه‌كه‌ی پێیان گوتووه منداڵه‌كان نایانه‌وێت و ژیانیان لێ تێك مه‌ده.
تا ده‌هات دانیشتنه‌كه تاڵتر و هه‌ڵگرتنی قسه‌كان له سینه‌دا قورس‌تر ده‌بوو، پێم گوتن دایك و منداڵ به ئاسووده‌یی دابنیشن و من پیاسه‌یه‌ك ده‌كه‌م، راستییه‌كه‌ی دوور كه‌وتمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی باشتر تێبگه‌م گۆشت و خوێن بۆ ئاوا له‌یه‌ك تۆراون، له هه‌مان كاتدا بیرم له‌و یاسایه ده‌كرده‌وه كه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی دوو هاوسه‌ر دانراوه و ده‌بێته په‌تی سێداره و ده‌كرێته ملی منداڵه‌كانیان، هێنده‌ی تر له كاری سستی ڕیكخراوه‌كانی پاراستنی مافی خێزان و منداڵ و ژن په‌ست ده‌بووم، له‌دڵی خۆمدا ده‌مگوت "له چی په‌ست ده‌بیت خه‌وه‌كه‌یان زۆر قووڵتره له‌وه‌ی هێنده زوو به ئاگابێن".
ئه‌وه‌ی له دیداری كورتی دوای ماوه‌یه‌كی هێنده دوور و درێژی دایك و سێ منداڵدا بۆ ده‌سه‌لمێت ئه‌وه‌یه، له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا سه‌رۆك عه‌شیره‌ت، نه‌نك، باپیر، برا، مام، خاڵ، پوور، سه‌دان هێنده‌ی یاساكان ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر تاكه‌كاندا هه‌یه، چونكه له زۆرینه‌ی جاره‌كاندا ئه‌وانن بڕیار ده‌ده‌ن تاك له‌ژێر ره‌حمه‌تی كام هه‌ست و بڕیاردا بژیت.
دیداره‌كه كۆتایی هات، دایك دڵشكاوتر و منداڵه‌كان چاو بهگریانتر و دڵپڕتر، وه‌ك بڵێی له كۆتایی ژوانهكهدا گه‌یشتبوون به له‌زه‌تی هه‌ستی ڕاسته‌قینه‌ی دایك و منداڵ، بۆیه تا گه‌یشتنه ماڵه‌وه‌ش چه‌ندان جار به مۆبایله‌كه‌ی باوكیان پێوه‌ندییان به دایكیانه‌وه كرد، پێیان ده‌گوت تۆ زۆر جوانی ئێمه تۆمان زۆر خۆش ده‌وێت، كه ده‌یانگوت جوانی بێگومان تێده‌گه‌ین كه مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه وه‌ك ئه‌و پیسی و ناشیرینییه نیت كه چه‌ندان ساڵه باس كراوی.
وشه/ ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان