ئەمڕۆ چوارشەم 12ی حوزەیران، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیامێكی توندی ئاراستەی هێزە سیاسییەكان كرد لە بارەی دواكەوتنی كابینەی حكوومەت.
كەریم علێوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح ئاشكرای كرد، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران پەیامێكی توندی ئاراستەی هێزە سیاسییەكان كردووە لەبارەی وەزارەتە بەتاڵەكان و 20ی ئەم مانگەی وەك دوا مۆڵەت پێداون بۆ گەیشتن بە رێككەوتن.
علێوی گوتی "ئەگەر هاتوو هێزە سیاسییەكان تا 20ی ئەم مانگە لەسەر كاندیدەكانیان نەگەن بەڕێككەوتن ئەوا عادل عەبدولمەهدی بەخۆی كاندید بۆ ئەو پۆستانە دەستنیشان دەكات و رەوانەی پەرلەمانی دەكات بۆ دەنگدان لەسەری بێ گەڕانەوە بۆ ئەو هێزانە، ئەگەریش ئەو كاندیدەی رەوانەی پەرلەمانی دەكات متمانەی پێ نەدرێت ئەوا بۆ رۆژی دواتر كاندیدێكی تر رەوانەی پەرلەمان دەكات".
پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بەوەدا،
عادل عەبدولمەهدی ئەو پەیامەی بۆ هەموو هێزە سیاسییەكان رەوانە كردووە، ئەمەش لە كاتێكدایە دوێنێ سێشەم لە كۆنگرەی هەفتانەی خۆیدا، سەرۆك وەزیران دووپاتی لە تەواوكردنی كابینەی حكوومەت كردووە پێش كۆتایی هاتنی ئەو خولەی پەرلەمان.
عادل عەبدولمەهدی گوتی "ئەوانەی باس لەوە دەكەن بە نیازم دەستلەكار كێشانەوە پێشكەش بكەم راست نییە و تەنیا هەواڵی میدیایین".
جێی بیرخستنەوەیە لە 24ی ئۆكتۆبەری 2018 پەرلەمانی عێراق متمانەی بە 14 وەزیری كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی دا، دواتر لە دوو كاتی جیاواز متمانەی بە پێنج وەزیری تر دا و لە ئێستەشدا لە كۆی 22 وەزارەت، تەنیا وەزارەتەكانی داد و بەرگری و ناوخۆ بێ وەزیرن كە پشكی كورد و سوننە و شیعەن.