بایدن بەڵێنێكی مەزن دەدات

:: PM:07:52:12/06/2019 ‌
دوای ئەوەی هاتە نێو ركابەری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا بۆ ساڵی 2020، جۆ بایدن بەڵێنێكی مەزن دەدات و دەڵێ، ئەگەر بووم بە سەرۆك كۆتایی بە نەخۆشی شێرپەنجە دەهێنم.

جۆ بایدن جێگری سەرۆكی پێشووتری ئەمەریكا لەسەر لیستی دیموكراتەكان ئەمجارە بە فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەمەریكا دژ بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئێستەی وڵات و كاندیدی كۆمارییەكان كاندید كرد.

بایدن دوێنێ سێشەم لە شاری ئۆتۆموای سەر بە ویلایەتی ئایوا لە چوارچێوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ناوخۆی كاندیدە دیموكراتەكان كە ژمارەیان نزیكەی 20 كاندید دەبێت، رای گەیاند، دەزانم رووبەڕووی چ ئاستەنگێك دەبنەوە وەك خێزان كاتێك یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكانتان بە نەخۆشی شێرپەنجە گیان لەدەست دەدات، گوتی "من دەزانم هەست بە چی دەكەن، بۆیە بەڵێن دەدەم بەسەر نەخۆشی شێرپەنجە زاڵ بین و كۆتایی پێ دەهێنین".

جۆ بایدن ساڵی 2015، بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەی مێشك بۆ بایدنی كچی گیانی لە دەستدا، زیاتر گوتی "لەبەر ئەو هۆیە بە رژدی لە ژیانمدا كارم كردووە تا ببم بە سەرۆكی ئەمەریكا، ئەوكات دەزانن كە گرنگترین شت چیە لە ئەمەریكا دەگۆڕدرێت، كۆتایی بە نەخۆشی شێرپەنجە دەهێنین".
 
ماڵپەڕی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی كە گوتارەكەی جۆ بایدنی پەخش كردووە، ئاماژەی بەوەدا گوتارەكەی كاندیدی دیموكراتەكان لای خەڵكی ویلایەتەكە پێشوازی گەرمی لێ كراوە.

جۆ بایدن ساڵی 2016 كاتێك جێگری باراك ئۆباما بوو، بەرنامەیەكی تایبەتی راگەیاند بۆ دۆزینەوەی چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە، هەر لەم چوارچێوەیەشدا دوای جێهێشتنی پۆستەكەی دەستپێشخەرییەكی راگەیاند.
 
لە مانگی نیسانی رابردوو، جۆ بایدن بە فەرمی خۆی لەسەر لیستی دیموكراتەكان كاندید كرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، رای گەیاند، جەنگێك بۆ رۆحی نەتەوەكەمان بەرپا دەكەین، داواشی لە هاووڵاتیانی ئەمەریكا كرد دەنگی پێ بدەن تا بەرانبەر بە دۆناڵد ترەمپ سەركەوتوو بێت تا رێگە لە خولی دووەمی سەرۆكایەتی ئەو بگرێت.

بایدن یەكێكە لە ناسراوترین سیاسییەكانی ئەمەریكا كە خاوەنی شارەزاییەكی زۆرە، هاوكات دووەم گەورەترین كاندیدە دوای بیرنی ساندرز كە ئەویش كاندیدێكی تری دیموكراتەكانە و تەمەنی 77 ساڵانە.


وشە - فه‌رمان سادق