خه‌ریكی بازرگانین و هیچ چاودێرێك به‌سه‌ریانه‌وه نییه
به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی، زیاتر له 100 په‌یمانگه‌ی فێربوون مۆڵه‌تیان نییه و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانیش ئه‌و كاره به مه‌ترسی و كاره‌سات داده‌نێت و داوا ده‌كرێ په‌روه‌رده ڕێوشوێنی توند بۆ داخستنیان بگرێته‌به‌ر.
ئاكۆ عه‌بدولمه‌جید به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی فێركردن له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌و په‌یمانگانه‌ی له سنووری پارێزگای سلێمانی مۆڵه‌تیان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی به‌شی فێركردن وه‌رگرتووه، ژماره‌یان 117 په‌یمانگه‌یه و سه‌رجه‌م مه‌رج و ڕێنوێنییه‌كانی په‌روه‌رده‌یان جێبه‌جێ كردووه و له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه پێوه‌ندیداره‌كانیشه‌وه ڕه‌زامه‌ندییان پێ دراوه.
ئه‌وه‌شی گوت، ئه‌و په‌یمانگانه‌ی كه مۆڵه‌تیان هه‌یه، ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی چاودێری ده‌كرێن و بۆ هه‌ر ژماره‌یه‌ك په‌یمانگه فه‌رمانبه‌رێك دیاری كراوه بۆ چاودێرییان و پێویسته ئه‌و پسپۆڕییانه‌ی كه وانه ده‌ڵێنه‌وه، به‌پێی مه‌رجه‌كان بێت و سزا و لێپێچینه‌وه ده‌كرێن ئه‌گه‌ر سه‌رپێچی بكه‌ن، ساڵانه‌ش پێویسته مۆڵه‌تیان نوێ بكه‌نه‌وه و له ساڵی داهاتووه‌وه به‌رنامه دانراوه بۆ هه‌ر 12 په‌یمانگه فه‌رمانبه‌رێك دابنرێت بۆ چاودێریكردنیان.
بە گوتەی بەرپرسەکە ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمانه له سنووری پارێزگای سلێمانی، زیاتر له 100 په‌یمانگه‌ی په‌روه‌رده و فێركردن و شوێن هه‌ن كه كاریان كردنه‌وه‌ی خولی هاوینه و وانه‌گوتنه‌وه به خوێندكارانه، به‌ڵام ئه‌و په‌یمانگه‌یانه هیچ مۆڵه‌تیان نییه و نازانرێت چۆن كار ده‌كه‌ن، ته‌نیا كاریان بووه‌ته په‌یداكردنی پاره و هیچ چاودێرییه‌كیان به‌سه‌ره‌وه نییه، بۆ نموونه له سنووری چه‌مچه‌ماڵ هیچ په‌یمانگه‌یه‌ك نییه مۆڵه‌تی هه‌بێت، به‌ڵام چه‌ندان شوێن وه‌ك په‌یمانگه كراونه‌ته‌وه و كاریان وانه‌گوتنه‌وه و خوله‌كانه.
جگه‌له‌مه هه‌ندێ له‌و په‌یمانگه‌یانه بیانووی ئه‌وه ده‌هێننه‌وه گوایه نه‌یانزانیوه پێویست بكات مۆڵه‌ت وه‌ربگرن، به‌شی زۆری په‌یمانگه بێ مۆڵه‌ته‌كان، له سنووری شارۆكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سلێمانین، ده‌كرێت به‌شێكی ئه‌وانه هیچ ستانداردێكیان نه‌بێت و بگره ئه‌و پسپۆڕییانه‌ی له‌وێ كار ده‌كه‌ن كه‌سانی ته‌واو شاره‌زا نه‌بن و كاره‌كه زیاتر پاره په‌یداكردن بێت. به‌رپرسه‌كه ده‌ڵێت "ئاگاداری كه‌سوكاری خوێندكاران ده‌كه‌ین كه منداڵه‌كانیان ببه‌نه په‌یمانگه‌یه‌ك كه مۆڵه‌تی هه‌بێت یان كه ده‌یبه‌ن داوای مۆڵه‌ت له په‌یمانگه‌كه بكه‌ن."
ئه‌و به‌رپرسه‌ی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، لیستێكیان ئاماده كردووه له‌و په‌یمانگه‌یانه‌ی كه مۆڵه‌تیان نییه و ئاراسته‌ی لایه‌نی ته‌ناهی ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی لێپێچینه‌وه له‌و كه‌س و شوێنانه بكرێت كه هه‌ستاون به دانانیان و ده‌بێ یان دابخرێن، یان مۆڵه‌تیان پێ ده‌ربكرێت.
هاوكات كه‌ریم عه‌لی ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌روه‌رده له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، كارێكی مه‌ترسیدار و ترسناكه له سنووری پارێزگا به سه‌دان په‌یمانگه‌ی په‌روه‌رده و فێركردن هه‌ن، له كاتێكدا كاری په‌روه‌رده پێویسته وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌گه‌ر شوێنێك كاری په‌روه‌رده و فێركردن بێت و مۆڵه‌تی نه‌بێت، وه‌ك بێ ناونیشانێك وایه و ده‌كرێ هیچ كام له‌وانه مه‌به‌ستیان فێركردن نه‌بێت و ته‌نیا بازرگانی بكه‌ن.
ئه‌و بە پێویستی دەزانێت هه‌رچی زووه په‌روه‌رده و پارێزگاری سلێمانی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه هه‌ڵوێستی توندیان هه‌بێت، چونكه ناكرێ له پارێزگایه‌ك ئه‌و هه‌موو په‌یمانگه بێ مۆڵه‌ته هه‌بێت، خه‌ریكه په‌روه‌رده و فێركردنه‌كه‌ش له ڕێڕه‌وی خۆی لاده‌دات و ده‌بێته كارێكی بازرگانی له‌وه‌ی ئامانجی فێركردن بێت.
"دوا به‌دوای ئاگاداركردنه‌وه‌مان له‌لایه‌ن "وشه"، وه‌ك ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی ڕێوشوێنه‌كان ده‌گرینه‌به‌ر و به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه ده‌كه‌ین و سه‌ردانی لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین، چونكه منداڵێك كه ده‌چێته ئه‌و په‌یمانگه‌یه كه مۆڵه‌تی نییه، وه‌ك ئه‌وه وایه بچێته شوێنێك هیچ پارێزراو نه‌بێت." كه‌ریم عه‌لی وای گوت.
له‌لایه‌كی تره‌وه مه‌هدی مه‌حموود شاره‌زا له بواری په‌روه‌رده و فێركردن به "وشه"ی گوت، ده‌كرێ بابه‌ته‌كه له دوو لایه‌ن لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكرێت، لایه‌نێك حكوومه‌ت خاوه‌نی هه‌زاران قوتابخانه و شوێنی په‌روه‌رده و فێركردنه، به سه‌دان هه‌زار مامۆستا هه‌ن، به‌ڵام قوتابخانه ئه‌هلییه‌كان زیاتر گرنگترن بۆ فێركردن وه‌ك له حكوومییه‌كان، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه له حكوومییه‌كه كار بووه‌ته ته‌نیا به‌ڕێكردن و شتێك به ناوی گرنگیدان نییه، به‌ڵام له په‌یمانگه‌كان چونكه پاره‌ی تێدایه، ئه‌و كه‌سه‌ی وانه ده‌ڵێت زیاتر خۆی ماندوو ده‌كات و زانیاری ده‌دات.
ئه‌و روونی کردەوە په‌یمانگه‌ی بێ مۆڵه‌ت زۆر بووه، هۆكاره‌كه‌شی پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌یه كه له قوتابخانه‌كاندا هه‌یه و یان به ده‌م خوێندكاره‌كان نین، ئه‌و په‌یمانگانه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێسته له وه‌رزی هاوین و كردنه‌وه‌ی خولی فێركردندان و خوێندكار ناوی تۆمار كردووه، په‌روه‌رده ده‌یه‌وێ مۆڵه‌تیان پێ ده‌ربهێنێت، خۆ ئه‌گه‌ر له ئێسته‌وه ده‌ست به كاری ده‌رهێنانی مۆڵه‌ت بكه‌ن، تا سێ مانگی هاوین ته‌واو ده‌بێت، كاری مۆڵه‌تیان ته‌واو نابێت.
*"منداڵێك كه ده‌چێته په‌یمانگه‌یه‌ك كه مۆڵه‌تی نییه، وه‌ك ئه‌وه وایه بچێته شوێنێك هیچ پارێزراو نه‌بێت"
وشه/ سلێمانی. هۆشیار عه‌لی