ئاگر نرخی دروێنەی بەرز كردەوە و خاوەن دەڕاسەی عەرەبیشی هێنایە گەرمیان

:: PM:04:49:14/06/2019 ‌
سەرباری دڵخۆشییەكی زۆری جووتیاران بە زیادبوونی رێژەی باران لە وەرزی زستانی ئەمساڵ بۆ پێگەیشتنی بەرهەمەكانیان، بەڵام ئاگرەكانی وەرزی دروێنە نەیهێشت خۆشیی جووتیاران درێژە بكێشێ. جیا لەوەش، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ بەردەوامی شەپۆلی ئاگرەكاندا نرخی دروێنەی بەروبوومی جووتیاران گران كرا.

محەمەد فەتاح جووتیارێكی گەرمیانە و بە نیگەرانییەوە بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، هەر ساڵەی خەمێك بۆ جووتیار زیاد دەكات لە وەرزی دروێنەدا. هەروەها دەڵێت "خەمی وشكەساڵی پێشتر بەرۆكمانی بەرنەدەدا و دواتر پێنەدانی پارەی گەنم لەلایەن حكوومەتی ناوەندەوە نیگەرانی كردین، ئەمساڵیش لەگەڵ شەپۆلی ئاگرەكاندا نرخی دروێنە زیاد كرا لەسەرمان."

ئەو روونی دەكاتەوە كە جووتیاران ئامادە نین گرفت بۆ خۆیان دروست بكەن و ناوی خاوەن دەڕاسە بە حكوومەت بدەن و هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە هەندێك خاوەن دەڕاسە عەرەبن و دەترسن كێشەیان بۆ دروست بكرێت.

حارس حاجی عەزیز كە یەكێكە لە خاوەن دەڕاسەكانی گەرمیان، بۆ "وشە" گوتی، راستە دروێنەی گەنم و جۆی جووتیاران لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بە بەراورد بەو نرخەی كە لە دەستپێكی وەرزی دروێنەدا بۆ خاوەن دەڕاسەكان دیاری كراوە، زۆر گرانە و دوو هێندەیە، بەڵام راستییەكەی جووتیارانی عەرەب و جووتیارانی كوردی ناوچەكانی تری كوردستان ئەو نرخەیان بەرز كردووەتەوە بۆ 60 هەزار و بگرە زیاتریش.

لە وەرزی دروێنەی ئەمساڵدا جیاواز لە هەموو ساڵەكانی تر جووتیاران پەلەی دروێنەی زەوییەكانیانە لە ترسی ئاگركەوتنەوە. خاوەن دەڕاسەكانیش ئەمساڵ ‌ئەركیان قورستر بووە و شەو و رۆژ كار دەكەن بۆ ئەوەی وەڵامدەری داخوازی جووتیاران بن.

خاوەن دەڕاسەكە ئاماژەی بەوەش كرد كە خاوەن زەوییەكان بوونەتە پاسەوانی زەوییەكان و سەرجەم خاوەن دەڕاسە و جووتیاران بەچەكەوە پاسەوانی زەوییەكان دەكەن نەك كەسانێك بێن ئاگر بەربدەنە دەغڵودانەكانیان.

جووتیارانی كورد لە ترسی كردەوەی تیرۆریستی ناچنە سەر زەوییەکانیان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆیە خاوەن دەڕاسەی عەرەب لەو ناوچانە دروێنە دەكەن.

زۆراب كاكە عەوڵا خاوەن دەڕاسەیەكی تری گەرمیانە، و بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، گرانكردنی نرخی دروێنە نەك لە كەلار، لە ناوچەكانی تریش هەستی پێ دەكرێ و نرخی دروێنە گران كراوە. وەك عەوڵا ئاماژەی پێ كرد هیچ ساڵێك وەك ئەمساڵ جووتیار پەلەی نەبووە لە دروێنەی زەوییەكەی، چونكە دڵیان لە مشتیاندایە و مەترسی ئاگر تێبەردان لە ئارادایە.

جگەلەمە بە بۆچوونی ئەم خاون دەڕاسەیە، بەهۆی ئەوەی خواستی زۆر لەسەر دروێنە هەیە خاوەن دەڕاسەی گەرمیان دەچێتە شارەزوور و خاوەن دەڕاسەی شارەزوور دەچێتە گەرمیان، سەرباری هاتنی خاوەن دەڕاسەی عەرەب.

شادی حوسێن بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی گەرمیان، گرانكردنی نرخی دروێنەی دەغڵودانی جووتیارانی پشتڕاست كردەوە و بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، لە سەرەتای دەستپێكی وەرزی دروێنەدا 30 هەزار بۆ  شوێنە نزیكەكان و 35 هەزاریش بۆ شوێنە دوورەكان دیاری كرا، بەڵام ماوەیەكە نرخی دروێنە بۆ دوو هێندە زیادی كردووە.

ئەو روونی كردەوە، راستە جووتیاران مەترسی سووتانی زەوییەكانیان هەیە و پەلەیانە بە زووترین كات بەرهەمەكانیان هەڵگرنەوە، بەڵام نابێ نرخی دروێنە لەسەریان گران بكرێت. بۆیە گوتی "ئێمە لەیەك كاتدا دەتوانین لایەنە پێوەندیدارەكان لەو گرفتە ئاگادار بكەینەوە، ئەویش ئەو كاتەیە كە جووتیار سكاڵا بكەن".

 بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی گەرمیان باسی ئەوەشی كرد كە جووتیاران گلەیی دەكەن و باس لە گرانكردنی نرخی دروێنە دەكەن، بەڵام بەهۆكاری تایبەت سكاڵا تۆمار ناكەن.

شەهاب ئەحمەد قایمقامی شارۆكەی كەلار /ناوەندی ئیدارەی گەرمیان/ كە بەرپرسی یەكەمی تەناهییە لە ناوچەكە، بە سیفەتی دەسەڵاتەكەی بۆ "وشە" پێداگری لەسەر ئەوە كرد، ناتوانن بێ بەڵگە و لە خۆیانەوە هیچ خاوەن دەڕاسەیەك تۆمەتبار بكەن، یان بیگرن و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكەن، بەڵكو دەبێ جووتیار سكاڵا تۆمار بكەن، دواتر ئەوانیش دەست بە لێپرسینەوە دەكەن.

حوسێن عەزیز بەرپرسی لقی گەرمیانی یەكێتی جووتیاران و هەرەوەزییەكانی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، بەردەوامی شەپۆلی ئاگرەكان وای كرد جووتیاران متمانەیان بە پیشەكەیان نەمێنێ.

ئەو بە پێویستی دەزانێ حكوومەتی ناوەند و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوئاهەنگ بن بۆ قەرەبووكردنەوەی جووتیاران، بۆ ئەوەش ئێستە بەڵێنێكی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی عێراق لە ئارادایە بۆ قەرەبووكردنەوەی جووتیاران، هیوادارین ئەو بەڵێنە كە لە نۆی حوزەیرانی ئەمساڵەوە راگەیەنراوە تەنیا  قسە نەبێت، چونكە بڕیارە تەواوی جووتیاران كە دەغڵیان سووتاوە قەرەبوو بكرێنەوە.

هاوكات نیعمەت عەلی گوتەبێژی بەرگری شارستانی گەرمیان، بۆ "وشە" گوتی، ئاگرەكانی وەرزی دروێنە لە 300 ئاگر نزیك بوونەتەوە و تەنیا رووبەری دەغڵی جووتیاران لە گەرمیان زیاتر لە دوو هەزار دۆنم دەبێ كە سووتاوە. 

بەگوتەی ئەو بەرپرسە هیچ ساڵێك هێندەی مانگی پێنج و شەشی ئەمساڵ لە گەرمیان ئاگركەوتنەوە نەبووە.

هاوكات لیژنەی كشتوكاڵی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دووپاتی كردەوە كە لە ئامارەكانیان بەردەوامن لەسەر سووتانی زەویی جووتیاران، ئەویش 10 هەزار دۆنمی تێپەڕاندووە و پشكی شێری بەر ناوچە كوردستانییەكان كەوتووە.



وشە/ گەرمیان- سەبری هۆرێنی 


وشە - تایبه‌ت