لە كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوونی هەولێر بڕە پارەیەكی زۆر بۆ پێوەری زیرەك وەردەگیرێت

:: PM:04:51:14/06/2019 ‌
لە كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوون پێوەری زیرەك دەبەسترێت و تێچووەكانیان كە لەسەر دانیشتووانە، لەهەر یەكێكیان نرخێكە، دانیشتووانی كۆمەڵگەی ئیمپایەر ناچار كراون ٢٥٠ دۆلار بدەن، ئەمە لە کاتێکدایە بەرپرسێكی وەبەرهێنان دەڵێ "بەپێی ڕێنوێنییەكان نابێ نرخی زیاد لە دانیشتووانی كۆمەڵگەكان وەربگیرێت". 

پێشتر و لە ساڵانی فەڕحانی، حكوومەت كه ‌زەوی بێ بەرانبەر و چەندان هاوكاری بە وەبەرهێنان دا، جیا لە سوودی فرۆشتنەوەی یەكەكانیان بە نرخێكی خەیاڵی، داهاتێكی نەبڕاوەیان وەچنگ كەوتووە كە لەڕێی خزمەتگوزارییەوە لە دانیشتووانەكەی وەردەگرن و نرخیش بە ئارەزووی خۆیانە.

ماوەیەكە لە چەند كۆمەڵگە‌یەكی نیشتەجێبوون پێوەری زیرەك بۆ یەكەكانی نیشتەجێبوون دەبەسترێت و تێچووەكان كە لەسەر دانیشتووانە، لەهەر كۆمەڵگەیەك نرخێكە و كەسیش نییە لێیان بێتە دەنگ، بەپێی نووسراوێكی كۆمپانیای خزمەتگوزاریی پڕۆژەی ئیمپایەر كە دەست "وشە" كەوتووە، دانیشتووانی ئاگادار كردووەتەوە كە مەبەستیانە پێوەری كارەبا بگۆڕن بە پێوەری پێشكەوتووتر، كە خۆی كارەبای حكوومی و مۆلیدە دیاری دەكات و پڕكردنەوەی كارتی كارەبا لەناو ماڵ دەبێت. 

لە نووسراوەكەدا هاتووە "بڕی تێچووی دەكەوێتە ئەستۆی دانیشتووان كە دەكاتە 250 دۆلار و ڕاستەوخۆ دەدرێت بە كۆمپانیای ڕێپێدراو.
زۆر لە دانیشتووانی پڕۆژەكە كە نیگەرانن لەو بڕە پارەیەی بە ناچاری دەبێت بیدەن، بۆ "وشە" باسیان لەوە كرد كە نرخەكە زۆرە و لە پڕۆژەكانی تر نیوەی ئەوە وەردەگیرێت.

لە بەدواداچوونی "وشە"دا هەندێك لە دانیشتووانیش ئەو كارەی كۆمپانیای خزمەتگوزاری ئیمپایەریان پێ باشە، بەو هۆیەی پێوەرەكانیان بۆ دەبرێتە ناو ماڵەكانیان، بەڵام ئەوانیش نرخەكەیان پێ زۆر بوو، ئەو بڕە پارەیە لەكاتێكدایە بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، لە ماوەی ڕابردوودا پێوەری زیرەك بۆ كۆمەڵگەی ڕۆیاڵ هاتە گۆڕین و لە بەرانبەردا 150 دۆلار لە دانیشتووانی كۆمەڵگەكە وەرگیرا، لە چەند كۆمەڵگە‌یەكی تریش پێوەری زیرەك بەستراوە و لە یەكەی پزیشكانی گوندی كۆری نرخی پێوەرەكە هەر 150 دۆلار بووە.

"وشە" بۆ ئەوەی نرخی بەرزی پێوەری زیرەك لە ئیمپایەر بە بەراوردی كۆمەڵگەكانی تر بۆ ڕوون ببێتەوە، چەند جارێك پێوەندی بەو ژمارەیەی كۆمپانیای خزمەتگوزاری ئیمپایەرەوە كرد كە لەسەر نووسراوەكەدا هەیە، بەڵام بەردەست نەبوو.

هەموو ئەو كۆمەڵگە نیشتەجێبوونانە وەبەرهێنەران بنیاتیان ناوە و لە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان وەرگرتووە، زانا یەحیا بەرپرسی سەرپەرشتیاری یەكە لە وەبەرهێنانی هەولێر، ڕای دەگەیەنێ، دانانی پێوەری زیرەك یان گۆڕینی پێوەری كۆن بۆ پێشكەوتوو، بەپێی جۆر و كوالێتی نرخەكان جیاوازن، بەڵام دەڵێ "بەدواداچوون هەیە و بەپێی ڕێنوێنییەكان نابێ نرخی زیاد لە دانیشتووانی كۆمەڵگەكان وەربگیرێت".

جیاوازیی نرخ لە كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوونی هەولێر هەر پێوەری كارەبا نییە، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، زیاتر لە 83 كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە هەولێر هەن، 55 كۆمەڵگەیان كۆڵێك پارە بەناوی خزمەتگوزارییەوە لە دانیشتووانیان وەردەگرن و بڕی وەرگیراویش لە پڕۆژەیەكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازە، كە نرخی خزمەتگوزارییەكان لە 35 دۆلارەوە دەست پێ دەكات و هەشیانە 270 دۆلار بۆ هەر مانگێك وەردەگرن.

ئەو نرخە كە بۆ هەندێك لە دانیشتووانی كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوون ئاساییە، هاواری لە زۆریان هەستاندووە و ئەوەی بۆیان هەزم ناكرێت جیاوازییەكەیە.

زانا یەحیا بەرپرسی سەرپەرشتیاری یەكە لە وەبەرهێنانی هەولێر بۆ "وشە" ئەوە دەخاتە ڕوو، لە دەزگاكەیان لیژنەی تایبەتمەند هەیە بە دانانی نرخی خزمەتگوزارییەكان و بڕیار دراوە هەر كۆمەڵگەیەك بەپێی كوالتی خزمەتگوزارییەكەی نرخەكانی دیاری بكرێت، خۆ هەشیانە لاملی دەكات و بە ئارەزووی خۆی نرخ دادەنێت، بۆ ئەوانەش بەپێی ڕێنوێنییەكانی بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنان سزا بۆ كەسانی ناپابەند لە ملیۆنێكەوە تا پێنج ملیۆن و لە ئەگەری دووبارەبوونەوە پڕۆژەكەی لێ وەردەگیرێتەوە و بە كۆمپانیایەكی تر دەدرێت. 

ئەو بەرپرسەی وەبەرهێنانی هەولێر ئاماژە بە چەند پڕۆژەیەك دەدات كە لەبەر وەرگرتنی پارەی زیاتر لەو بڕەی لیژنەی وەبەرهێنان بۆی دیاری كردوون، دراونەتە داواكاری گشتی و سزا دراون. 

زانا دەڵێ "پێویستە كۆمەڵگەكان پابەند بن بەو نرخەی كە لیژنەكانی وەبەرهێنان بۆی دیاری كردوون".

پاشاگەردانی لەو نرخانە و ساغکردنەوەی هەموو خزمەتگوزارییەک لەسەر گیرفانی هاووڵاتی، لە کاتێکدایە کۆمپانیاکان بۆ هەمیشە لەسەر قازانج وەستاون مانگانە داهاتێکی خەیاڵی لەو هاووڵاتییانە وەردەگرن کە زیاترە لە هەموو ستانداردێک بۆ خزمەتگوزاری، ئەگەرچی خزمەتەکەش تەنیا لایەنی تەناهییە.



وشە/ هەولێر. چواس خالید


وشە - تایبه‌ت