كێشەی دوو هۆزەكەی ئاكرێ بە "چۆڵكردنی گوندێك" چارەسەر كرا

:: AM:11:47:15/06/2019 ‌

دوای ئەوەی‌ چەند رۆژی رابردوو لەسەر برینداركردنی قوتابییەكی پۆلی 12ی ئامادەیی لە سەنتەری شاری دهۆك، كێشە كەوتە‌ ناو دوو بنەماڵەی گوندی باژێرەی سەر بە شارۆكەی ئاكرێ و هەشت كەس بریندار بوون، دواجار رێككەوتن لە نێوان ئەو هەردوو بنەماڵەیە بە چۆڵكردنی گوندەكە كۆتایی هات.

سەرچاوەیەك لەناو گوندی باژێرە بە "وشە"ی راگەیاند، لە ساڵی 2017 بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی شەر له ‌نێوان هاووڵاتییانی گوندی باژێرە رووی دا كە پێكهاتووە لە چەند خێزانێكی هۆزی هەركی و هۆزی زێباری، دواتر رێككەوتنێك له ‌نێوان هەردوو بنەماڵەكە ئەنجام درا، بەڵام بەداخەوە چەند رۆژی رابردوو بە برینداركردنی هاووڵاتییەك لەكاتی تاقیكردنەوەكان، رێككەوتنەكەی نێوانیان تێكچوو.

زیاتر روونی دەكاتەوە، لە ئەنجامی برینداركردنی ئەو قوتابییە كێشە و شەڕە تەقە دەكەوێتە نێوان دانیشتووانی ئەو گوندە و دواتر هەردوو هۆزی هەركی و زێباری هێنایە سەر خەت، لە ئەنجامی ئەو كێشەیە چەند كەسێك لە هەردوولا بریندار بوون.

سەباح زوهێر بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی ئاكرێ بە "وشە"ی راگەیاند، ‌لە ئەنجامی ئەو شەڕە پێنج كەس لە هەردوولا بریندار بوون و یەكێك لە برینداران ژنە و دوو برینداریش برینەكانیان قورسە‌.

سەرچاوەیەك لە هێزەكانی پێشمەرگەی زێرەڤانی كە ئێستە بۆ مەبەستی پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییانی ئەو گوندە لە باژێرە جێگیر كراون بۆ‌ "وشە" ئاشكرای كرد، لە ئەنجامی شەڕی گوندی باژێرە بێجگە لە برینداربوونی هاووڵاتییان، هاوكات دوو پێشمەرگەی زێرەڤانی بریندار بوون و دوو هەمەڕی پێشمەرگە لەلایەن ئەو هۆزانە تێكشكێندراوە، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە هەستیارانە مامەڵەیان لەگەڵ رووداوەكە كرد بۆ ئەوەی كەس نەبێتە قوربانی.

ئیدریس هەركی سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بۆ "وشە" روونی كردەوە،‌ بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەردوو هۆزی هەركی و زێباری بە ناوبژیوانی لقی نۆی پارتی دیموكراتی كوردستان، رێككەوتنێكی تر بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی ئەو گوندە واژوو كراوە.

"بەپێی رێككەوتنەكە دەبێت گوندی باژێرە بۆ ماوەیەك چۆڵ بكرێت، دواتر كێشەكە بە یاسا و لە رێی دادگا چارەسەر بكرێت، هەموو ئەو كەسانەی كە رێككەوتنی پێشوویان شكاندووە و تەقەیان كردووە سزا بدرێن". ئیدریس هەركی وای گوت.

كێشەی سەرەكی ئەو گوندە كێشەی موڵكداری یه و ‌دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 20 ساڵ لەمەوبەر، گوندەكە دەكەوێتە سنووری نیشتەجێبوونی نێوان هەردوو هۆزی هەركی و زێباری، تاكە گوندە كە دانیشتووی هاوبەشی هەیه.

بێجگە لە برینداربوونی پێنج هاووڵاتی ئەو گوندە، دوو لە پێشمەرگەی زێرەڤانی و هاوكات منداڵێكی تەمەن شەش ساڵان بریندار كراوە و فیشەكێك بەر سەری كەوتووە.

ئاكرێ/ نەوزاد هلۆری





وشە - هیدایه‌ت جان