وەرزی گەرما و تووشبوون بە نەخۆشیی لیر "لیركە"

:: PM:01:18:15/06/2019 ‌

لیر "لیركە" جۆرە نەخۆشییەكی پێستە و لە وەرزی هاویندا زۆر بڵاوە تووشی منداڵ و گەنج و پیر دەبێت، ئەم جۆرە نەخۆشییە بە زوویی دەستنیشان دەكرێت، چونكە لەكاتی تووشبوونیدا ئازاری هەیە و خورانێكی زۆری لەگەڵدایە و بە ئاسانی لەهەموو جەستە بڵاو دەبێتەوە، بۆیە نەخۆش زوو سەردانی پزیشك دەكات، نەخۆشییەكی نەگوازراوەیە، بەڵام هۆكاری توشبوونی ئاسانە بە تایبەت لە وەرزی گەرمادا.

د. جوان فایەق تاڵەبانی پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست،  لە ڕێی "وشە" باس لە وردەكارییەكانی ئەو نەخۆشییە بە نیشانە و هۆكار و چۆنیەتی خۆپاراستن و چارەسەركردنی دەكات و هۆشداریش دەدات و دەڵێت دەبێت كەسی تووشبوو بەزووترین كات دەرمان لەژێر چاودێری پزیشكی پسپۆڕدا وەربگرێت و بەكاری بهێنێت بۆ ئەوەی نەخۆشییەكەی قورس نەبێت و زوو بە چارەسەر بگات.

* جۆرەكانی نەخۆشیی لیر "لیركە"

-جۆری ئاسان یان ئەكیوت، ئەم جۆرە ئاسانە و  نەخۆش دوای ماوەیەكی كەم چاك دەبێتەوە، هۆكارەكانیشی دیارن و بەئاسانی دوای سەردانی پزیشك دەزانرێت بەهۆی چییەوە توشی هاتووە، كاتێك هۆكارەكەی زانرا بە بنبڕكردنی هۆكارەكەی چارەسەری بۆ دەكرێت.

* هۆكارەكانی
 
-خۆراكی ورووژێنەر وەك "مۆز، كاڵەك، هێلكە، كیوی، بەهارات، فراولە، هەموو مادە تیژەكان" هەركەسێك بە جۆرە خۆراكێك تووشی ئەو جۆرە هەستیارییە دەبێت، بۆیە خۆراكەكان جیاوازن بۆ هۆكاری تووشبوون.

- بەكارهێنانی داودەرمان بەتایبەت ئەوانەی وەك هێوركردنەوە بەكار دەهێنرێن.

-كاتێك كەسێك بەهۆی نەخۆشییەكەوە توشی هەوكردن  دەبێت لە جەستەی ئەو هەوكردنە هۆكارە بۆ دروستبوونی ئەو لیرانە لەسەر جەستەی.

-نەخۆش دوای زانینی هۆكاری تووشبوونی بە یەكێك لەم مادانە ئەوا تەركی دەكات و لەگەڵ بەكارهێنانی دەرمان بەرەو چارەسەر دەچێت، بەڵام دەبێت نەخۆشەكە هۆكاری توشبوونەكە بنبڕ بكات و هەروەها ئەو دەرمانانەی پێی دەدرێت بە شێوازێكی ڕیكوپێك بەكاریان بهێنێت، چونكە ئەگەر بە پێی ڕینمایی پزیشك بەكاریان نەهێنێت، چارەسەرەكە لەخۆی قورستر دەكات و ماوەی چارەسەرییەكەی دوورتر دەبێت.

-جۆری سەخت یان كڕۆكل، ئەم جۆرەیان جۆرێكی خراپە و نەخۆش بۆ ماوەی شەش مانگ یان ساڵێك یان زیاتر بەدەست ئەو جۆرە هەستیارییەوە دەناڵێنێت، زۆرجاریش ماوەی سێ مانگ جارێك نەخۆشییەكەی چاك دەبێت و دووبارە سەر هەڵدەداتەوە، ئەم جۆرە %65 هۆكارەكانی نادیارن و نازانرێت هۆكاری تووشبوونی چییە.

لەم جۆرە حاڵەتەدا چارەسەر قورسترە، چونكە هۆكارەكانی بەئاسانی نادۆزرێنەوە و زۆبەی جار هەموو پشكنینێكی بۆ دەكرێت، بەڵام ناتوانرێت هۆكارەكەی بزانرێت، لەو حاڵەتەدا نەخۆش بۆ ماوەی مانگێك كۆرسێكی دەرمانی بۆ دادەنرێت و دەبێت بەكاریان بهێنێت.

* جۆری تری لیر "لیركە"

جۆرێكی تر پێی دەگوترێت درۆزن، چونكە ماوەیەكی كەم لیرەكان دەردەكەون، بەڵام دواتر نامێنن، نەخۆش تادەگاتە لای پزیشك هیچ شتێك بە جەستەیەوە نامێنیت، پزیشك خۆی دەزانێت ئەمانە لیرن، وەك دەرزی لە گیانی كەسەكە هەڵدەچەقن  و ئازاری دەبێت، لەوكاتەدا دوای پشكنینی شەكرە و ژێندەرمانی دژە هیستامینەكان بەكار دەهێنین بۆیان.

جۆرێكی تر بەهۆی وەرزشكردن دروست دەبێت، كاتێك كەسێك دەچێت بۆ هۆڵی لەشجوانی یان ڕاكردن یان هەر یارییەكی تر، تووشی لیر دەبێت و بەهەمانشێوە دەرمانی تایبەتی پێ دەدرێت و چارەسەر دەبێت.

جۆرێكی تری بەهۆی تیشكی خۆر دروست دەبێت، یان بەهۆی ئاوی سارد یاخن ئاوی گەرم دروست دەبێت.

دوای دەستنیشانكردنی هۆكاری دروستبوونی ئەم لیرانە، پزیشك دەرمانی دژی ئەو هۆكارەی بۆ دەنووسێت و پاشان چارسەر دەبێت، هەندێك جار نەخۆش ماوە ماوە لیری بۆ دروست دەبێت، لەو كاتەدا دەبێت دژە هیستامین بەكار بهێنێت كە دەبێت نەخۆش لە ڕۆژێكدا سێ جار بەكاریان بهێنێت بۆ ئەوەی لیرەكان لە جەستەی نەمێنن  و ئازاری نەمێنێت.

* ئەم نەخۆشییە دەگوازرێتەوە یان نا؟

ئەم نەخۆشییە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر ناگوازرێتەوە، تەنانەت ئەگەر بەریەككەوتنیشی لەگەڵ بكەی، لە ناو جەستەی یەك كەسیشدا ناگوازرێتەوە بۆ نموونە لە قۆڵی بۆ سنگی یان دەموچاوی یان شوێنێكی تر، نەخۆشییەكە مەترسی نییە و چارەسەری هەیە، بەڵام نەخۆشییەكی بێزاركەرە و تووشبوو هەراسان دەكات.

* لیری مەترسیدار

هەندێك جۆری تایبەت هەن كە مەترسیدارن، ئەو جۆرەیان جیاوازە لەوانەی باسمان كردوون، ئەو لیرانە بە ئاسانی دەناسرێنەوە كە هی نەخۆشییە قورسەكانن و لیرێكی ئاسایی نییە، ئەوانە ڕیگا چارە و هۆكاریان جیاوازە و بۆ ماوەیەكی زۆر شوێنیان دەمێنێتەوە كە زیاتر لە 24  سەعات لەجیاتی ئەوەی سوور بێتەوە، شوێنەكەی ڕەش دەبێت و لەجیاتی بخورێت ئازاری دەبێت، پێیان دەڵێن گورگە سوورە و پەل دەهاوێن بۆ نەخۆشی قورس و چارەسەری گەورە.

وشە/ئیڤان عەبدولڕەحمان 



وشە - هیدایه‌ت جان