شەقامی 120 مەتری هەولێر دادەخرێت

:: PM:01:47:15/06/2019 ‌
بەشێك لە شەقامی 120 مەتری هەولێر لە چەند رۆژی داهاتوو دادەخرێت و دەست دەكرێ بە تەواوكردنی ئەو كارانەی تەواو نەكراوە.

ئەمرۆ شەموو 15ـی حوزەیران، ئەمیر عەبدولخالق بەڕێوەبەری پرۆژەكانی هێمن گرووپ بۆ دروستكردنی شەقامی 120 مەتری بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەو ڕووداوەی كەوتنە خوارەوەی ئۆتۆمبیڵ لە شەقامی 120 مەتری دوێنێ‌ ڕووی دا، هیچ پێوەندییەكی بەو سێ‌ بەشەی شەقامەكەوە نییە تەواو كراوە.

زیاتر ڕوونی كردەوە، ئەو شوێنەی ئۆتۆمبێلەكەی تێدا كەوتە خوارەوە بەشی چوارەمی شەقامەكەیە لەلایەن كۆمپانیا توركییەكەوە بە تەواو نەكراوی جێهێڵدراوە، لە بنەڕەتیشدا ئەو بەشە نەكراوەتەوە، بەڵام هاووڵاتییان بەكاری دەهێنن.

ئاشكرای كرد، ئەو بەشە هیچ مەرجێكی هاتوچۆی تێدا نییە كە دەكەوێتە رێی كەركووك بۆ ڕێی مووسڵ، بەمنزیكانەش بە تەواوەتی ئەو ڕێیە دادەخەین، چونكە ئێمە ئەو بەشە وەردەگرین بۆ ئەوەی تەواوی بكەین وەك سێ‌ بەشەكەی تر.

شەقامی 120 مەتری هەولێر یەكێكە لە شەقامە گرنگەكان، چەندان پرد و ژێر پرد لە خۆ دەگرێت و لە هیچ شوێنێكی ئەو شەقامە ترافیكی نییە و پێش جەژن بەشی سێیەمی كرایەوە.



وشە - رامیار جەواد