"چەند پەرلەمانتارێکی کورد ھانی بەغدا دەدەن بودجەی ھەرێم ببرن"

:: PM:01:54:15/06/2019 ‌

ئەندامێکی لیژنەی ئابوری و وەبەرھێنان لە پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند، لەبەغدا چەند پەرلەمانتار دژایەتی کورد دەکەن و ھانی بەغدا دەدەن بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان ببڕێت، ئەمەش پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەیە کە بەخەڵکی کوردستانیان داوە بەوەی، بچنە بەغدا نوێنەرایەتی ئەوان بکەن و بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان بکەن.

ئەمڕۆ شەموو 15ی حوزەیران، د.میادە نەجار پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرھێنان لەپەرلەمانی عێراق بۆ "وشە" گوتی، لیژنەی دارایی راپۆرتی خۆی پێشکەشی پەرلەمان کرد تێیدا باسیان لەوە کرد، پێویستە وەزیری دارایی بانگھێشتی پەرلەمان بکرێت بەھۆی ئەوەی بودجەی بۆ ھەرێم رەوانە کردووە و پێشێلی مادەی 10ی یاسای بودجەی کردووە، ئەمە بەھیچ شێوەیەک راست نیە و ناردنی مووچە یاساییە و وەزیری داراییش یاساکەی جێبەجێ کردووە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، چەند پەرلەمانتارێکی کورد ھانی بەغدا دەدەن بۆ ئەوەی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان ببرن، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان ھێشتا بڕیاری نەداوە وەزیری دارایی بانگھێشت بکات، بەداخەوە کە ئەو پەرلەمانتارانە پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکی کوردستانیان داوە کار دەکەن و دژایەتی خەڵکی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی بەغدا مووچەیان ببڕێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران دووپاتی دەکاتەوە، ئەو پەرەلەمانتارانە رۆیشتوون بۆ دادگای فیدراڵی و سکاڵایان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی بودجەی ھەرێم ببرن، ئەوانە بەڵێنیان بە دەنگدەرانی خۆیان داوە بەرگری لە ھاووڵاتییانی خۆیان بکەن نەک دژایەتییان بکەن.

د. میادە نەجاڕ ئاشکرای دەکات، ھەرکاتێک وەزیری دارایی بانگھێشتی پەرلەمان بکرێت، ئێمەش وەکو فراکسیۆنی پارتی ھەڵوێستی خۆمان دەبێت و رازی نابین.

هەولێر/ بڵند ئیبراھیم



وشە - هیدایه‌ت جان