عێراق.. حەشدی شەعبی بە پاساوی داعش عێراق دەخاتەوە باوەشی ئێران

:: PM:04:31:15/06/2019 ‌

دوای چەند كردەیەكی تیرۆریستی لە ناوچەكانی پشتێنەی بەغدا وەك لە تارمییە كە ژمارەیەك هێزە تەناهییەكانی عێراق بوونە قوربانی، هەروەها لە چەند ناوچەیەكی پارێزگای نەینەوا و سەڵاحەدین و دیالە و كەركووك و ئەنبار، دانیشتوانی ئەو ناوچانە كەوتوونەتە ژێر هەڵكوتانی شەوانە و گرتن و رفاندن و سەرانە لێسەندن لەلایەن هەریەك لە رێكخراوی داعش و میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە.

لە كۆتایی ئایاری رابردووەوە زنجیرەی شێواندنی دۆخەكە و كارە تێكدەرەكانی حەشدی شەعبی بە رێنوێنی راستەوخۆی فەرماندەكانی فویلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران دەستی پێ كرد، لەو ناوەدا شارۆكەی تارمییە لە باكوری بەغدا و گوندەكانی سەر بە پارێزگای دیالە هەڵمەتێكی فرەوانی گرتن و راگواستن لەلایەن میلیشیاكانەوە بەخۆیەوە دەبینێت لەدژی خەڵكی ئەو ناوچانەوە، ئەوەش وەك پلانێك بۆ گۆڕینی ناوچەكە بۆ سەربازگە و بنكەی هەڵدانی مووشەكی.  

ئەفسەرێك لە وەزارەتی بەرگری عێراق دووپاتی كردەوە كە ئەوان ئەو هەڵمەتانەیان ئەنجام نەداوە، بەڵكو حەشدی شەعبی ئەو كارەی كردووە و ئاماژەی كرد كە بەپێی زانیارییەكان ژمارەی گیراوان زۆرە و زۆرینەشیان گەنجن و هەموو ئەوان بۆ زیندانییەكانی حەشدی شەعبی گواستراونەتەوە. ئەوە لەو كاتەی ئامارەكانی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی عێراق ئاماژە بۆ بوونی 15 هەزار گیراوی چارەنووس نادیار لە خەڵكی پارێزگاكانی ئەنبار و سەڵاحەدین و نەینەوا دەكەن كە لە ساڵانی رابردوو لەلایەن حەشدی شەعبییەوە گیراون لەكاتی هەوڵی هەڵاتنیان لە ناوچەكانیان لەكاتی جەنگی نێوان هێزە تەناهییەكانی عێراق و داعش.

عیدە سائیر هاووڵاتییەكی عێراقییە لە پارێزگای سەڵاحەدین بەم دواییە و دوای گرتنی برا و دوو كوڕی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە هەڵاتووە بۆ هەولێر بە گریانەوە گوتی، لەوكاتەوەی گەڕاوینەتەوە ناوچەكانی خۆمان دوای ئازادكردنەوەیان لە داعش، هەموو شەوێك میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەڵدەكوتنە سەر ماڵەكانمان و سووكایەتیمان پێ دەكەن و لێمان دەدەن و جارێكیان ئامۆزاكەم و دوو كچیان كوشت و تا ئێستەش چارەنووسی براكەم و كوڕەكانی دیار نین، بۆیە دووبارە ئاوەر بووینەوە. 

حەشدی شەعبی دوای ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانەی داعش داگیری كردبوون، كۆنترۆڵی ئەو ناوچەكانە دەكات و دەستی كرد بە دەستگرتن بەسەر زەویوزاری گشتی و تایبەت و كێڵگە نەوتییەكان و سەرانە و خاوە وەرگرتن لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە، جیا لە راگواستنی هەزاران خێزانی ناوچەكان بەمەبەستی بەتاڵكردنیان لە دانیشتوانی و كردنی بە سەربازگەی فەیلەقی قودس و گرتووخانەی نهێنی وەك لە ناوچەكانی جورف ئەلسەخڕ لە باشووری بەغدا و چەند گوندێكی مووسڵ و دیالە. 

لای خۆیەوە شێخ سائیر ئەلبەیاتی سەرۆكی ئەنجوومەنی هۆزەكانی عێراق داوای لە ئەمەریكا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد بۆ رزگاركردنی عێراق لە ئێران و دەسەڵاتەكانی و گوتی، میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە سەركوتكاری عێراقییەكان نەوەستاون، بەتایبەتی لە ناوچە ئازادكراوەكان لە داعش، روونی كردەوە، دوو هەفتەیە میلیشیاكان گەمارۆی شارۆكەی تارمییەیان داوە و خەریكی پاكتاوكردنین و پلانیان بەدەستەوەیە بۆ جێبەجێكردنی هەمان شت لە ناوچەكانی رۆژئاوای پشتێنەی بەغدا، دووپاتی كردەوە، ئەو كارانە لە چوارچێوەی پلانی ئێرانە بۆ كۆنترۆڵكردنی عێراق بەتەواوەتی.

هاوكات هەفتەی رابردوو رێكخراوی داعش تۆمارێكی ڤیدیۆیی نوێی بڵاو كردەوە و تیایدا هۆشداری دایە سوننەی عێراق بەوەی دووچاری كوشتن دێنەوە ئەگەر بۆ بەرژەوەندی حكوومەتی عێراق كار بكەن.

ئەو تۆمارە ڤیدیۆیەی لە 11ی ئەم مانگە لە "تەلەگرام" بڵاو كرایەوە و ماوەكەی زاتر لە 25 خولەكە، تیایدا هەڕەشە لە "هەڵگەڕاوەكانی سوننە"، دەكات بەوەی رێكخراوەكە دەگەڕێتەوە ناوچەكانیان و دەیانكوژێت، چونكە لە دژی ئەوان كار دەكەن.

تۆمارەكە چەندان هێرشی داعش پێشان دەدات بۆ سەر كەسانی سوننە كە هاریكاری حكوومەت یان لە ریزی هێزە تەناهییەكانی عێراق كار دەكەن و چەكدارێكی داعش پێشان دەدات كە لیستێك لەسەر كۆمپیۆتەرەكەی رەوانە دەكات بەناوی ئەو پیاوانەی سوننە كە لەگەڵ حكوومەتی عێراق كار دەكەن.

دوای ئەو شكستە گەورەی رێكخراوی داعش دووچاری هاتەوە لە زۆرینەی ناوچەكانی پێشتر داگیری كردبوون لە عێراق و سووریا، ئێستە داعش بە سوود وەرگرتن لەو بۆشاییە تەناهییەی لە هەندێك ناوچە هەیە، دەیەوێت لە رێگەی تۆمارە ڤیدیۆیی و كردە تیرۆریستییەكان لە چەند ناوچەیەك ئەنجامیان دەدات، وا پێشانی بدات هێشتا بەهێزە توانای گەیشتن و كۆنترۆڵكردنی ناوچەی سوننەكانی هەیە.

شاكر نووری نووسەر و شرۆڤەكار لەو بارەوە دەڵێت، تا ئێستە ئێران وا دەزانێت كە دەتوانێت لە رێگەی باڵ و میلیشیاكانی لە ناوچەكە رووبەڕووی ئەمەریكا ببێتەوە، جیا لەوە دەستی بۆ سوننەی عێراقیش بردووە، بەتایبەتی لەوانەی حەزی پۆست و دەسەڵاتیان هەیە، ئەوەش بە پاساوی بوونی هەڕەشەكانی داعش، بۆیە ترس هەیە لەوەی عێراق ببێتە كۆپییەكی ئێران.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل