لە چەمچەماڵ ژن و پیاوێك كوژران و ژنێكیش بریندارە

:: PM:04:42:15/06/2019 ‌

لە شارەدێی شۆڕشی سەر بە شارۆكەی چەمچەماڵ بەهۆی تەقەكردنەوە ژن و پیاوێك دەكوژرێن و كەسێكیش بریندار دەبێت و پۆلیسی شارۆكەكەش دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كردووە و قایمقامی چەمچەماڵیش دەڵێت, گەڕان بەدوای بكوژەكە دەستی پێ كردووە و دەكرێت رووداوەكە كێشەی كۆمەڵایەتی لە پشتەوە بێت.

ئەمڕۆ شەموو ئەیووب حەمەغەریب بەڕێوبەری راگەیاندنی نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو لە چەمچەماڵ بە "وشە"ی راگەیاند, دوای ئەوەی سێ كەس بە برینداری گەیەندرانە نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو لە چەمچەماڵ، دوای وەرگرتنی زانیاری دەركەوت ئەو سێ كەسە بە چەك تەقەیان لێ كراوە و بە برینداری هێنراونەتە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەكە.

زیاتر گوتی, ئەو سێ كەسە كە بریندار بوون دووانیان ژن و مێردن و پیاوەكە بە ناوی (پ, ج, م) و ژنەكەش بەناوی (ر, س , ص)، تەمەنیان سەروو ٣٥ ساڵە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەیانەوە دوای هەوڵێكی زۆر گیانیان لە دەست دا.

حەمەغەریب روونی كردەوە، یەكێك لە بریندارەكان كە ئێستە دۆخی تەندروستی باشتر بووە، خزمی ژن و مێردەكەیە و ئەویش ژنە و لەگەڵ ژن و مێردەكە بووە كاتێك تەقەیان لێ كراوە و ناوی (ر, ص,ئ ) و ئێستە لەژێر چاودێری وردی پزیشكیدایە و ئەو ژن و مێردەكەی كە گیانیان لە دەست داوە، تەرمەكانیان رەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی كراوە بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر.


لای خۆیەوە رەمەك رەمەزان قایمقامی شارۆكەی چەمچەماڵ بە "وشە"ی راگەیاند, ژن و پیاوێك لەو رووداوەدا گیانیان لە دەست داوە و ژنێكیش بریندارە و ئەو خێزانە خەڵكی ناوچەیەكی شارۆكەی كەلارن و ماوەیەكی زۆرە لە شارەدێی شۆرشی لە ناو قادركەرەمییەكان لە چەمچەماڵ نیشتەجێ بوون.

ئاشكرای كرد، تا ئێستە دیار نییە كێن ئەوانەی تەقەیان كردووە، بەڵام لایەنە تەناهییەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كردووە و بەدوای تەقەكەر و بكوژی ئەو ژن و مێردەدا دەگەڕێن كە بەپێی هەندێك زانیاری پێدەچێت كێشەكە كۆمەڵایەتی بێت، چونكە ئەو بنەماڵەیە ماوەیەكی زۆرە لە شۆرش نیشتەجێ بوونە و خۆیان خەڵكی سنووری كفری و كەلارن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل