بزووتنەوەی گۆڕان: سكاڵاكەی غالب محەمەد لەسەر حكوومەتی هەرێم بەتاڵە

:: PM:07:46:15/06/2019 ‌

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان رای گەیاند كە سكاڵای غالب محەمەدی پەرلەمانتاری بزووتنەوەكە لە دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر حكوومەتی هەرێم بەتاڵە و دووپاتی كردەوە كە بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ خۆفشەڵكردن نییە.

چالاك موهەندیس ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ خۆفشەڵكردن و خۆ پاڵەوانكردن نییە، بەڵكو بەرنامەیەكی چاكسازی هەڵگرتووە و لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمدا كار بۆ جێبەجێكردنی دەكات.

لە بارەی ئەو لێدوانانەی پەرلەمانتارانی بزووتنەوەكەیان لە بەغدا لە بارەی حكوومەتی هەرێم بڵاوی دەكەنەوە گوتی، بزووتنەوەی گۆڕان حزبی موزایەدە نییە، ئێمە لە دوایین كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بڕیارمان دا ئەوەی لەسەر خستنی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرنامەكەی لابدات، سیاسەتی سزا و پاداشتی بەسەردا جێبەجێ دەكرێت.

موهەندیس روونی كردەوە، بەپێی بڕیارەكانی جڤاتی نیشتمانی تەنیا ئەندامانی جڤات هەڵوێستە سیاسییەكانیان وەردەگیرێت، پەرلەمانتار لەو ئاستەدا نییە لێدوانەكانی وەك هەڵوێستی سیاسی لێكدانەوەی بۆ ناكرێت. 

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دووپاتی كردەوە، ئەو سكاڵایەی دكتۆر غالب محەمەد لە دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر حكوومەتی هەرێم تۆماری كردووە بەتاڵە، چونكە ئەوە پرسێكی ناوخۆیی هەرێمی كوردستانە نەك بەغدا.  

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل