لە كاتێكدا بە بەردەوام توێژینەوە لەسەر زیانەكانی بەكارهێنانی مۆبایل و ئامێرە ئەلكترۆنییەكان بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ ئەنجام دەدرێت و ئەوەی تا ئێستە یەكلابووەتەوە، زیانی زۆری بۆ چاو هەیە. توێژینەوەیەكی ئوسترالی، مەترسییەك گەورە لەسەر زیانەكان بۆ سەر ئێسكی كەلەی سەری مرۆڤ ئاشكرا دەكات.
ئەمڕۆ شەموو 15ی حوزەیران، هاوكاتی زیانەكانی بۆ سەر تەندروستی چاو،
توێژینەوەیەكی ئوسترالی باس لە زیانەكانی بەكارهێنانی مۆبایل و ئامێرە ئەلكترۆنییەكان بۆ سەر ئێسكی كەلەی سەری مرۆڤ دەكات.
رۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی بڵاوی كردەوە، بەگوێرەی توێژینەوەی شارەزایان و پسپۆرانی ئوسترالی لەسەر زۆر بەكارهێنانی مۆبایل و ئامێری ئەلكترۆنی دەریخستووە كە ئەوانەی زۆر بەكاری دەهێنن ئەوا لە پشتەوەی كەلەی سەریان شتێك وەك دڕك پەیدا دەبێت كە ئەمە زۆر مەترسیدارە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ و دەركەوتنیشی دەگەڕێتەوە بۆ زۆر بەكارهێنان و ورد تەماشاكردنی شاشەی مۆبایل و ئامێرە ئەلكترۆنییەكان.
توێژینەوەكە لە زانكۆی "سان شان كوست"ی ئوسترالی كاری لەسەر كراوە، دەركەوتووە كە كەلەی سەری مرۆڤ بووەتە قوربانی دەركەوتنی دڕكە ئێسك بەهۆی زۆر بەكارهێنانی ئامێرە ئەلكترۆنییەكان بەشێوەیەكی زیاد لە پێویست، دەڵێ، زۆر كەس ئێستە هەست بەو ئێسكە دەكات لە دواوەی كەلەی سەری، لەوانەشی كەچەڵ بووینە ئەو دڕكە ئێسكە ئاسانتر دەبینرێت.
تیمە ئوسترالییەكە توێژینەوەكەیان لەسەر كەلە سەری زیاتر لە هەزار كەس كردووە، دەركەوتووە ئەو دڕكە ئێسكە لای گەنجانی تەمەن 18 بۆ 30 ساڵان زیاتر دەردەكەوێت.
داڤید شاهار لێكۆڵەر و سەرپەرشتیاری توێژینەوەكە دەڵێ، ماوەی 20 ساڵە لە نەخۆشخانە كار دەكەم، تەنیا لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا زۆر بە روونی هەستم بەو دڕكە ئێسكە كردووە و حالەتەكانیش روو لە زیاد بوونە.
زیاتر گوتی، "هۆكاری دەركەوتنی ئەو دڕكە ئێسكە بۆ سەر نزمكردنی بەردەوام دەگەڕێتەوە، بەتایبەت لە بەكارهێنانی ئامێرە ئەلكترۆنییەكان بۆ سەعاتێكی زۆر كە پێویست دەكات بۆ تەماشا كردنی شاشەكەی سەرت نزم بكەیتەوە".