نوێترین مۆبایلی شاومی نمایش كرا.. ڕكابه‌ری دنیا ده‌كات

:: PM:09:20:15/06/2019 ‌

كۆمپانیای شاومی له‌ نوێترین به‌رهه‌میدا یه‌كێك له‌ به‌هێزترین مۆبایله‌كانی نمایشك كرد كه‌ خێرایی و هێزه‌كه‌ی ركابه‌ری هه‌موو مۆبایله‌كانی تر ده‌كات.

هه‌واڵێك كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی "gadgets" بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، باس له‌ یه‌كێك له‌ مۆبایله‌ به‌هێزه‌كانی شاومی ده‌كات كه‌ خاوه‌نی دوو كامێرایه‌، له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ ئه‌م مۆبایله‌ ناوی "Mi 9T" ه‌وه‌ هێزێكی زۆر بۆ دانراوه‌ له‌گه‌ڵ دوو كامێرا كه‌ جوانترین وێنه‌ ده‌گرن و ركابه‌ری مۆبایله‌كانی وه‌ك سامسۆنگ و هواوی ده‌كات بۆ وێنه‌ گرتن و خێرایی.

شاومی زیاتر له‌باره‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م مۆبایله‌وه‌ گوتی، مۆبایله‌كه‌  ئێسته‌ له‌ بازاڕه‌كاندا به‌رده‌سته‌، هه‌روه‌ها مۆبایله‌كه‌ دیزاینێكی زۆر جوانی و ناوازه‌ی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵیدا شاشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ دانراوه‌ كه‌ 6.39 ئینجه‌، پرۆسێسه‌ره‌كه‌یشی 2.8 گێگاهێرتزه‌ له‌گه‌ڵ ڕامی شه‌ش گێگابایت، جگه‌ له‌وه‌یش خاوه‌ن دوو كامێرای ناوازه‌یه‌ كه‌ وێنه‌ی 4K ده‌گرن، كه‌ ئه‌مه‌یش وای كردووه‌ نرخه‌كه‌ی بگاته‌ 356 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی.  
 
شاومی یه‌كێكه‌ له‌ كۆمپانیا به‌ناوبانگه‌كانی چین بۆ دروستكردنی ئامێری ئه‌لیكترۆنی و لاپتۆپ و مۆبایل، ئه‌و كۆمپانیایه‌ بنكه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ شاری "بیجینگ" و له‌ شه‌شی نیسانی ساڵی 2010 دامه‌زراوه‌ و یه‌كه‌م مۆبایلی زیره‌كی له‌ ئابی 2011 دا خسته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌ و ئێسته‌یش یه‌كێكه‌ له‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌ ساڵانه‌ و مانگانه‌ مۆبایلی خاوه‌ن كوالێتی باش و به‌هێز ده‌خاته‌ بازاڕه‌كانی دنیا.












وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان