ئەگەرچی تا ئێستە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان ئەمەریكا و ئێران بژارەیەكی دوورە، بەڵام هێرشەكانی دوایی بۆ سەر سعوودیە و كەشتییە نەوتییەكانی دەریای عومان رێژەی ئەو ئەگەرەیان زیاتر كرد، بەتایبەتی دوای ئەوەی واشنتن بەرپرسیارەتی هێرشەكانی سەر كەشتییە نەوتییەكانی خستە ئەستۆی ئێران كە بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو، بەڵام ئێران تۆمەتەكەی ئەمەریكای رەت كردەوە.
باربارا لیف باڵوێزی پێشووی ئەمەریكا لە ئیمارات لە لێدوانێكی بۆ "بی بی سی"ی بەریتانی رای گەیاند كە توانا سەربازییەكانی لە هێرشەكەی دەریای عومان بەكار هاتوون، تواناكانی ئێران دیاردەخەن كە پێدەچێت ئەو لەو هێرشە سوودمەند بێت، چونكە لەو رێگەوە دەیەوێت دوو پەیام بگەیەنێت، یەكەمیان بۆ واشنتنە بەوەی تاران زیاتر لە ئامرازێكی هەیە بۆ وڵامدانەوەی سزاكانی پەرەسەندووی ئەمەریكا بۆ سەری، دووەم بۆ هاوپەیمانانی واشنتن لە ناوچەكە بەتایبەتی سعوودیە و ئیمارات بەوەی ئەگەر ئێران بەهۆی سزاكانەوە سزای پێ بگات، ئەوانیش بە هەمان شێوە زیانیان بەردەكەوێت.
زیاتر گوتی، بێگومان وڵاتانی كەنداو دەیانەوێت پرسەكە ببەنە ناو ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دەرخستنی ئەوەی ئەو كارە كاریگەری بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیاشەوە هەیە، ئەوەش جێی سەرنجە هێرشەكان هاوكات بوون لەگەڵ دەست پێكردنی هەوڵەكانی شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن بۆ ناوەندگیری و سەردانی ئێرانی كرد، ئێستە رێڕەوی گواستنەوەی نەوت لە كەنداو لەژێر هەڕەشەدایە و شتێكی سەیر نەبوو كە وڵاتانی ئاسیا لەوانەش چین و ژاپۆن لە سەرووی ئەوانە بوون كە نیگەرانیان پێوە دیاربوو.
لای خۆیەوە
فاتح پیرۆڵ بەڕیبَوەبەری جێبەجێكاری ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی گوتی، هێرشەكەی دەریای عومان هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وزە لە دنیا، بۆیە چاودێری رووداوەكان دەكەین و ئامادەشین كە كاتێك پێویست بكات، جموجۆڵ بكەین.
لای خۆیەوە چین داوای دەست پێكردنی گفتوگۆی لە نێوان لایەنە ناكۆكەكانی كەنداو كرد و گینگ شوانگ گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی چین گوتی، هیوادارین لایەنە ناكۆكەكان بتوانن ناكۆكییەكانیان تێپەڕ بكەن و بە گفتوگۆ چارەسەریان بكەن، لای خۆیەوە بیل ئۆربان گوتەبێژ بەناوی سەركردایەتی ناوەندی سوپای ئەمەریكا تۆمارێكی ڤیدیۆیی بڵاو كردەوە دەریدەخات كە بەلەمێكی سوپای پاسداران لە كەشتی نەوتهەڵگری ژاپۆنی "كوكوكا كۆراجۆس"، نزیك دەبێتەوە كە هەفتەی رابردوو هێرشی كرایە سەر كاتێك مینێكی نەتەقیەوە لەلایەن ئەو بەلەمەوە لادەبرێت، لەوكاتەی یۆتۆكا كاتادا سەرۆكی كۆمپانیای كەشتییەكە رای گەیاند تیمی كەشتیوانانی كەشتییەكە رایان گەیاندووە كە تەنێكی فڕیو بەر كەشتییەكەیان كەوتووە و لەو هۆیەوە تەقیوەتەوە.
لەو كاتەی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بە رۆژنامەوانانی راگەیاند كە حكوومەتی وڵاتەكەی گەیشتووتە ئەو ئەنجامەی ئێران بەرپرسە لە هێرشەكە لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری و جۆری چەكی بەكارهاتوو و ئاستی شارەزایی ئەنجامدانی هێرشەكە و بوونی هێرشی هاوشێوەی ئێران پێشتر و كەسیتر لەو ناوچەیە نییە كە بتوانێت بەو خێراییە جموجۆڵ بكات، بۆیە ئێران كار بۆ پەكخستنی هاتوچۆی نەوت لە گەرووی هورمز دەكات.
لیوا فایز دوێری شرۆڤەكاری سەربازی لە لێدوانێكی بۆ "بی بی سی"، گوتی، ناروونی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان پێوەست بە هێرشەكانی مانگی رابردووی ئیمارات تارانی هان دا بۆ پێڕەوكردنی سیاسەتی لێواری رووچوون بۆ جارێكی تر، "رۆیتەرز" لەو شرۆڤەكارانی گواستەوە كە ئەو هێرشە ئێرانی ئەنجامی داوە و ئامرازێكە لەلایەن ئێرانەوە بۆ بەدەستهێنانی خاڵی زیاتر بۆ كاتی دەست پێكردنی گفتوگۆ یان زیادكردنی گوشار بۆ سەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆكان.
رۆژنامەی "عەرەب"ی لەندەنی ئاماژەی كرد، رەنگە تاران بەو شێوەیە بیەوێت ئاسایشی هاتوچۆی نەوت بشێوێنێت بۆ بەرانبەركردنی بە لابردنی سزاكانی ئەمەریكا لەسەری. لەوكاتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی دەیەوێت تاران بێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ و ئەوكاتەی ێران ئامادەبێت بۆ ئەوە، ئەوانیش ئامادەن، بۆیە پەلەیان نییە. لە تویتێكیش نووسیویەتی، وا هەست دەكەم جارێ زۆر زووە تەنانەت بۆ بیركگردنەوەش لەبارەی سازكردنی رێككەوتنێك لەگەڵ تاران، چونكە ئەوان ئامادە نین و ئێمەش هەروەها.
لای خۆیەوە مالك عەونی، بەڕێوەبەری گۆڤاری "سیاسەتی نێودەوڵەتی" كە لە سەنتەری ئەهڕام بۆ لێكۆڵینەوەی سیاسی دەردەچێت لە قاهیرە دەڵێت، دیمەنەكە بەگشتی ئاشكرای دەكات كە ئێران پێڕەوی تەكتیكی ئاراستەوكردنی ململانێكان بەرەو باشووری دەریای سوور دەبات و لەوێ ناوچەیەكی كێشە دروست بكات و بەوەش لە سنوورەكانی دوور بكەوێتەوە، ئەوەش دواس شكستهێنانی لە هەمان پلان لە سووریا و ترسی لە دروستكردنی لە باشووری لبنان، بۆیە ئەوەی دەیكات لە كەنداو یان دەریای عومان یان لەدژی سعوودیە سوودی هەیە بۆ ئێران لەهەر گفتوگۆیەكی نهێنی پێشبینیكراو كە دوور لە خواستی ئێران وەستاوە.