پێنجوێن.. كۆنفراسی نێودەوڵەتی عەلامەی پێنجوێن كۆتایی هات

:: PM:08:59:16/06/2019 ‌

دوای دوو رۆژ لە بەردەوامی كارەكانی و پێشكەشكردنی چەندین توێژینەوە، ئەمڕۆ لە شارۆكەی پێنجوێن كۆتایی بە یەكەمین كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی "عەلامە عەبدولڕەحمانی گەورەی پێنجوێن" هات، كە بە هاوبەشی لەلایەن هەردوو زانكۆی سۆران و قایمقامیەتی شارۆكەی پێنجوێنەوە رێكخرابوو و ژمارەیەكی زۆر لە توێژەر و ئەكادیمست و مامۆستایانی ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون.

زانا رەحمان، قایمقامی شارۆكەی پێنجوێن و سەرۆكی لیژنەی باڵای كۆنفرانس لە لێدوانێكی تایبەتدا بە"وشە"ی راگەیاند، دوای ئەوەی دوێنێ شەموو بۆ یەكەمجار بە هاوبەشی لەگەڵ زانكۆی سۆران، دەستمان كرد بەئەنجامدانی یەكەمین كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی "عەلامە مەلا عەبدولڕەحمانی گەورەی پێنجوێن"، تیایدا ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە توێژەر و مێوانان لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان و عێراق و ئێران و توركیا بەشدار بوون.

زیاتر گوتی، ئەنجامدانی ئەم كۆنفرانسە دوای كۆنفرانسی زانستی نیودەوڵەتی موفتی پێنجوێنی دێت كە ساڵی رابردوو ئەنجام درا، مەبەستمانە لەم رێگەیەوە خزمەتی زیاتر بواری رۆشنبیر و كولتووری لە پێنجوێن بكەین، مەلا عەبدولڕەحمان یەكێكە لە كەڵە زانا دیار و مەزنەكانی سەدەی رابردووی پێنجوێن كە خزمەتیكی زۆری بە بواری ئاینی و خوێندەواری كردووە.

لای خۆیەوە بەهمەن تاهیر گوتەبێژی كۆنفرانسەكە بە"وشە"ی راگەیاند، لە دوای دوو رۆژ لە كۆنفرانسەكە بە نۆ خاڵ كۆتایمان پێ هێنا و داومانەتە لایەنە پێوەندیدارەكانی پێنجوێن و دەزگا ئەكادیمەیەكانی حكوومەتی هەرێم، لەوانە یەكەم/ كۆنفرانسەكە بۆ یەكەمجار ئەو بەربەست و دیوارە دەستكردانەی تێكشكاند كە لە نێوان زانكۆ و یان دەزگا ئەكادیمییەكان و بوارە زاستییەكانی تر و كەلەپووری زانایان دروست بووە، بۆیە كۆنفرانس ئەو دەرگایەی كردەوە كە كۆمەڵگەی كوردی و بزاڤی زانستی لە كوردستان پێویستە ئاوڕ لە سامانی مەعریفی زانایان بداتەوە.

دووەم/ گرنگیدان بە كەلەپووری زانایان چ بە كۆكردنەوە و پاراستنیان یان بە توێژینەوە و ساغكردنەوەیان، پێویستە ستاف و لیژنەی تایبەت لە زانكۆكانی كوردستان پێكبهێندرێت بۆ ساغكردنەوەی ئەو سەتان هەزار دەستنووس و بەرهەمانەی زانایانی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان و جیهانی ئیسلامی و وڵاتانی تر، سێیەم/ لە ئەنجامی توێژینەوەی توێژەرانی كۆنفرانسەكە دەركەوت كە حاسییەكانی عەلامەی ناوبراو لە هەموو بوارە زانستییەكان لە ئاستێكی قووڵی زانستیدان و گرنگە زانكۆەكانی كوردستان سوود لە روانینەكانی وەربرگن و تێكەڵی وانەكانی خوێندنی بكەن، هەروەك چۆن لە رابردوودا بەرهەمەكانی لە زانۆكی ئەزهەر خوێندراون.

روونی كردەوە، راسپاردەی چوارەم بریتییە لەوەی كۆنفرانسی عەلامە پێنجوێنی سەرەتایەكی باش بوو بۆ ئەوەی گرنگی بە بەرهەمی زانایانی كورد بە گشتی و زانایانی دەڤەری پێنجوێن بدرێت بە تایبەتی، هەر لەو سۆنگەیەوە یەكێك لەبەر هەمەكانی كۆنفرانس ساغكردنەوە و چاپكردنی بەرهەمێكی عەلامەیە. پێنجەم/ ناوەندێك لەلایەن قائیمقامیەت و لایەنە پێوەندیدارەكان دروست بكرێت بۆ نووسینەوەی مێژووی ژیانی زانایان و مەدرەسەكانی دەڤەری پێنجوێن و ناساندنی هەموو ئەو دەستخەتانەی زانایانی دەڤەرەكە.

شەشەم/ هەوڵ بدرێت هەموو بەرهەمەكانی عەلامەی پێنجوێنی وەكو كۆبەرهەم چا بكرێت بەتایبەتی "جمع الجوامع"، وەك بەرهەمێكی كۆنفرانس، حەوتەم/ دامەزراندنی دەستنووسخانەیەكی نیشتیمانی كە ببێتە یارمەتیدەر بۆ توێژەرانی كورد بۆ ساغكردنەوەی هەموو بەرهەمە دەستنووسەكانی زانایانی كورد.


گوتەبێژی كۆنفرانسەكە ‌واماژەی بەوەش كرد، خاڵی هەشتەم/ بەناوكردنی شەقامێك یان قوتابخانەیەك یان سەنتەرێك یان هۆڵێك بەناوی عەلامە مەلا عەبدولڕەحمانی گەورەی پێنجوێنی، بۆ بەنەمری مانەوەی ناوی ئەم زانایە بۆ نەوەكانی داهاتوو، نۆیەم/ نۆژەنكردنەوەی مزگەوتەكەی عەلامە پێنجوێنی  بە شێوەیەك كە شایستەی پێگە و ناوی ئەو زانایە بێت، لەگەڵیشیدا هەوڵی ئاوەدانكردنەوەی حوجرە زانستییەكەی بدرێت. 

شارۆكەی پێنجوێن نزیكەی 96 كیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە و خاوەنی چەندین كەڵە زانا و بیرمەندی بوارە جیاوازەكانە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی 






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل