دوای ئەوەی بەشێک لە هاووڵاتییانی هەرێمی
کوردستان پێوەری ئاویان دانا بۆ ئەوەی زێدەڕۆیی لە ئاودا نەکرێت، بەشێک لە
هاووڵاتییان گلەیی لە گرانبوونی نرخی ئاو دەکەن و هاووڵاتییەکیش لە دهۆک بڕی 86 ملیۆن دیناری بۆ هاتووەتەوە.
رێدوان بەرواری، ئەو هاووڵاتییەیە کە پارە
زۆرەکەی بۆ هاتۆتەوە و بە "وشە"ی راگەیاند، فەرمانبەری وەرگری پارەی ئاو
پێی راگەیاندین برێکی زۆر پارەتان بۆ گەڕاوەتەوە و پێویستە سەردانی فەرمانگەی
پەیوەندیدار بکەیت.
دوای سەردانکردنم بۆ فەرمانگەکە پێیان
راگەیاندم لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی پێوەری ئاوم بەستووە، بری 86 ملیون و 975 هەزار
دینارم بۆ هاتۆتەوە کە ئەمەش نرخێکی خەیاڵییە و بەهیچ شێوەیەک توانای دانەوەی ئەو
پارەیەم نییە تەنانەت ئەگەر خانو و ئۆتۆمبێلەکەشم بفرۆشم.
کاوە عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی
بەکاربەرانی دهۆک بە "وشە"ی راگەیاند، پێوەری ئاو یەکێکە لە کارە هەرە
گرنگەکانی حکوومەت و پێویست بوو زووتر ئەو هەنگاوەی هاویشتبایە.
دووپاتی دەکاتەوە، بەڵام پێویستە دانانی
پێوەری ئاو بەپێی ستانداردی جیهانی و بە کوالێتی بەرز بێت، ئەگینا هەڵەی زۆر
خەیالی تێدا دەکرێت و لە ئەنجامدا زیانی زۆر بە هاووڵاتییان دەگات، وەک ئەوەی دهۆک
کە نرخێکی زۆر خەیاڵییە.
بەڕێوەبەری کومەڵەی بەکاربەران روونی
دەکاتەوە، پێویستە پێوەری ئاو لەسەر ئاوێکی 24 سەعاتی و بە هەردوو شیوازی
سارد و گەرم دابنرێ، حکوومەت پێویستە خۆی یاخود تەنیا کۆمپانیایەک راسپێرێت بۆ
ئەوەی پێوەری پێشکەوتو دابنێن بۆ ئەوەی خەڵک متمانەی پێ بکەن، ئێستە بەشێکی زۆری
هاووڵاتییان بەهۆی گرانی و نەبونی متمانە پێوەری ئاو نابەستن.
بەپێی زانیارییەکان زیاتر لە 60%ی هاووڵاتییانی
دهۆک پێوەری ئاویان داناوە و پرۆسەی دانانیش بەردەوامە.
دهۆک/ نەوزاد هلۆری