دوێنێ بەرپرسانی سەر بە هاوپەیمانییەكەی سەدر هەڕەشەی خۆپێشاندانیان لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و حكوومەتەكەی كرد ئەگەر بەرنامەی حكوومەتەكەی جێبەجێ نەكات و رووبەڕووی گەندەڵكاران نەبێتەوە، ئەمڕۆش لە پارێزگای زیقار خۆپێشاندان دەستی پێ كرد و بڕیاریشە سبەی 20ی مانگ و 21 مانگ لە بەسڕە دەست پێ بكات، بۆیە پێ دەچێت هاوینێكی گەرمتر لەوەی حەیدەر عەبادی چاوەڕوانی عەبدولمەهدی بكات.
هەشت مانگ بەسەر تەمەنی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی تێپەڕ دەبێت و تا ئێستە لە سایەی ناكۆكی نێوان هێزە سیاسییەكان بە شیعە و كورد و سوننەوە نەیتوانیوە نە كابینەی حكوومەتەكەی تەواو بكات كە چوار وەزارەتی بەتاڵی هەیە، نە توانوویەتی پڕۆگرامی حكوومەتەكەی جێبەجێ بكات كە چەندان بەڵێنی باشكردنی خزمەتگوزاری و نەهێشتنی بێكاری و رێكخستنەوەی ژیانی سیاسی و ئابووری و تەناهی و كۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرێت، نەیتوانیوە هیچی لێ جێبەجێ بكات.
عەبدولمەهدی نەیتوانی جگە لە لابردنی چەند پارچەیەك كۆنكرێت لە شەقامەكانی بەغدا و چەند كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی كە خۆی دایمەزراندووە و هیچ لایەنێكی سیاسی پاڵپشتی لێی ناكات جگە لە سەدرییەكان نەبێت، هیچیتر بكات، بۆیە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی دیاریكردنی كەسایەتی نوێ بۆ پۆستە تایبەت و نەهێشتنی پۆستی بەوەكالەت و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی وەك دەستبردنی بوو بۆ ئاگر و زۆرێك لە هێزە سیاسییەكان بە نەیار و دۆست لێی هەڵگەڕاونەتەوە و هەڕەشەی لێ دەكەن، جیا لەوەی خەڵكەكە داوای دەكات، بۆیە هاوینی عەبدولمەهدی زۆر گەرمتر دەبێت لەوەی عەبادی.
دوێنێ جاسم حلفی سەركردە لە هاوپەیمانی "سائیروون"، لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا ئاشكرای كرد كە هۆكاری ئەوەی هاوپەیمانیەتەكەی حەمید غزی لە پۆستی ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران داناوە بۆ چاودێریكردنی پڕۆگرامی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدییە، چونكە گومانیان لە جێبەجێكردنی پڕۆگرامەكە هەیە. زیاتر گوتی، عەبدولمەهدی وەك پێشتر پیاوی دەوڵەت نەماوە و دووپاتی كردەوە كە ئەگەری هەیە پەنا بۆ خۆپێشاندانی ئاشتیانە ببەین بۆ گوشار خستنە سەر حكوومەت لەبارەی كارەكانی و داوای نەهێشتنی گەندەڵی.
هەر دوێنێ رائید فەهمی سەركردەیەكی تری هاوپەیمانیەتییەكە رای گەیاند كە هەڵوێستی ئەوان لەبارەی مانەوەی وەك پاڵپشت بۆ عەبدولمەهدی بەندە بە ئامادەبوونی لەپەرلەمان خۆی و وەزیرەكانی كابینەكەی و وڵامدانەوەیان لەبارەی ئاخۆ چەند پڕۆگرامی حكوومەتەكەیان جێبەجێ كردووە و چۆنیش رووبەڕووی گەندەڵی بووەتەوە، بۆیە وڵامەكانی عەبدولمەهدی هەڵوێستی ئێمە دیاری دەكەن لە بەردەوامبوون لە پاڵپشتیكردنی حكوومەتەكەی یان بوون بە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی.
سەرەتای ئەم هەفتەیە حەسەن عاقوولی سەرۆكی فراكسیۆنی "سائیروون"، لە پەرلەمانی عێراق لە بارەگای سەدر لە حەنانە لە نەجەف و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، دوای تێبینیكردنی نەبوونی هیچ گۆڕانكارییەك لە دۆخی خزمەتگوزاری و تەناهی و ئابووری و شكستهێنانی لە دروستكردنی هەلی كار و نەهێشتنی بێكاری لە پڕۆگرامی حكوومەت كە بەڵێنی جێبەجێكردنی لەبەردەم گەل درابوو، بەپێویستی دەزانین سەرۆك وەزیران و ئەندامانی كابینەی حكوومەتەكەی بانگهێشتن بكەین بۆ ناو پەرلەمان بۆ پێشكەشكردنی راپۆرتێك لەوبارەوە، روونی كردەوە، حكوومەتی عەبدولمەهدی لە یەكەم دانیشتنی دووەم وەرزی یاسادانان پابەندی خۆی پێشان دا بۆ پێشكەشكردنی دۆسیەكانی گەندەڵی و لەدادگەدانی گەورە گەندەڵكاران لەو 40 دۆسیەی خراوەتە پێش ئەنجوومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی، بۆیە كاتی هاتووە كە رێوشوێنەكانی ئەنجومەنەكە وەری گرتووە لەوبارەوە بخرێتە پێش خەڵك كە چی كراوە.
هاوینی رابردوو پارێزگاكانی باشووری عێراق بەهۆی خراپی دۆخی خزمەتگوزارییەكان و بێكارییەوە رژانە سەر شەقامەكان بەتایبەتی لە پارێزگای بەسڕە، ئەوان هێرشیان كردە سەر تەلاری ئەنجوومەنی پارێزگا و شارەوانییەكان و بارەگای تەواوی پارتە شیعەكان و تەنانەت دەستیان گەیشتە كونسوڵخانەی ئێران و ئەوانەیان سووتاند، ئەگەرچی بەسڕاییەكان دەڵێن كە دەستێكی سیاسی دزی كردووەتە ناو خۆپێشاندانەكان و لەو رێگەوە ناكۆكی سیاسی نێوان حزبە سیاسییەكان یەكلا كرایەوە، بەڵام نایشارنەوە كە خۆپێشاندانی ئەوان دەستیان پێی كرد بۆ نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەكی وەك ئاوی خواردنەوە و كارەبا و تەندروستی و دەرمان و بێكاری بووە، بۆیە ئەمساڵ ئەوانە بەردەوامن و خۆپێشاندانەكانیش بەردەوام دەبن.
ئەمڕۆ چوارشەم دەیان كەس لە شارۆكەی ئیسڵاح لە رۆژهەڵاتی پارێزگای زیقاڕ دەستیان بە خۆپێشاندان كرد بەهۆی خراپی دۆخی خزمەتگوزاری لەو پارێزگایە، كاتێك ئاوی خواردنەوە و كارەبایان وەك پێویست نییە و وەك شایەتحاڵەكان ئاماژە دەكەن دۆخەكە بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان پەرەی سەندووە.
لەلایەكی تر
لیژنەی ناوەندی سەرپەرشتیار بۆ ناڕەزایەتی جەماوەری لە عێراق داوای دەست پێكردنەوەی خۆپێشاندانە جەماوەرییەكانی لە ژمارەیەك پارێزگای عێراق كرد لە بەرانبەر ئەو رەفتارە نابەرپرسیارانەی حكوومەت و پەرلەمانی عێراق، لیژنەكە لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، هەڵوێستی شەرمەزاری ئەوان بەردەوامە و بێهیوایی لە بەرانبەر حكوومەت و پەرلەمان و دووركەوتننەوەیان لە خەڵك زیاتر دەبێت، رۆژ دوای رۆژ لاوازی ئەوانمان بۆ دیار دەكەوێت لە بەرانبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، بۆیە داوا لە گەلی عێراق دەكەین دەست بە خۆپێشاندانی گەورە بكەن و بۆ ئەوەش وادەكەی رۆژی هەینی سەعات 8:30ی ئێوارە دەبێت.
لەوكاتەی كە خۆپێشاندانەكانی 2018ی باشوور و پارێزگای بەسڕە بە سووتاندنی چەندان تەلاری حكوومەتی و بارەگای حزبی و كوژران و برینداربوونی زیاتر لە 720 كەس و گرتنی 300 گەنج و چالاكی ئەو شارە و چەندان بەڵێنی دامەزراندن و جێبەجێكردنی پڕۆژەی وەهمی و ناڕاست كۆتایی هات، ئەمساڵ خۆپێشاندانەكان دەست پێ دەكەنەوە و سەرەڕای ئەوەی چەند پارتێكی شیعە بەم دواییە باس لە بوونی پلانێكی داعش دەكەن بۆ شێواندنی دۆخی بەسڕە بۆ رێگرتن لە بەسڕاییەكان بۆ رێكخستنی خۆپێشاندانەكان، بەسڕاییەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڵمەتێكی گەورەیان دەست پێ كردووە.
دوور لە لیژنەی ناوەندی سەرپەرشتیاری ناڕەزایەتییەكان ئەوان بانگەشە بۆ خۆپێشاندان بەیانی 20ی حوزەیران دەكەن، ئەوەش ئاماژە بۆ سێ خاڵ دەدات، یەكەمیان تا ئێستە خۆپێشاندانەكان یەك نەخراون لە رووی سەرپەرشتیار و مەبەست و داواكارییەكان، دووەم ئەگەر هەیە چەند لایەنێكی سیاسی دزە بكەنە ناو خۆپێشاندانەكان و مەبەستی خۆیان لەو ناوەدا بخەنە روو و سواری شەپۆِلی ناڕەزایەتی جەماوەر بن، سێیەمیش دوور نییە بەو هۆیەوە هێرش بكرێتە سەر تەلاری پارێزگا و فەرمانگە و بارەگا حزبییەكان و رووبەڕووبوونەوە و كوشتن و گرتن روو بدات كە ئەوەش دۆخی سیاسی لە عێراق بەتایبەتی بۆ عەبدولمەهدی زیاتر دەشێوێنێت، بەتایبەتی كاتێك بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن خەریكە دروست دەبێت لە حزبی دەعوە بە نووری مالیكی و حەیدەر عەبادییەوە و رەوتی حیكمە، هاوكات سەدر بەهۆی خۆپێشاندانەكانی ساڵی رابردوو بەڕەكەی لەژێر پێی عەبادی دەرهێنا و ئەگەر هەیە هەمان شت لەگەڵ عەبدولمەهدی دووبارە ببێتەوە.