عێراق.. بێمتمانەیی بازاڕی كۆمپانیا تەناهییە بیانییەكانی گەرم كردووە

:: PM:06:25:19/06/2019 ‌

زۆرێك لە عێراقییەكان كاتێك باسی كۆمپانیا بیانییەكانی تایبەت بە كەرتی تەناهی دەكەن ئەوەندەی لەبارەوە نازانن و تەنیا وەك كۆمەڵە چەكدارێكی بیانی و خاوەن دەسەڵاتی فرەوانی تەقەكردن دەیانبینن، پەرلەمانتارێكی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە كاری ئەو كۆمپانیایانە لە سنووری بەغدایە و بوونیشیان بەهۆی لاوازیی هێزە تەناهییەكانی عێراق و متمانەی نێردە دیپلۆماسییەكانە بەوان بۆ پاراستنیان.

راپۆرتێكی ئەمەریكایی لە نیسانی رابردوو ئاماژەی كرد بەوەی كۆمپانیایەكی تەناهی چینی لە عێراق هەیە كە دامەزرێنەرەكەی "ئیریك برنس"ە خاوەنی كۆمپانیای "بلاك وەتەر"، كە لە 2008ەوە لە عێراق قەدەغە كراوە دوای كوژرانی 14 هاووڵاتی عێراق بەدەستی چەكدارانی لە 2007دا،  سەعد معەن، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژە دەكات كە ئەو كۆمپانیایانە بە فەرمی لە عێراق هەن و وەزارەتی ناوخۆی زانیاری تەواوی لەبارەیانەوە هەیە و هەموویان مۆڵەتی كاركردنیان هەیە، زۆرینەشیان كار لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەكان و تیمەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن و دەیانپارێزن. 

لەو كاتەی راپۆرتەكانی رۆژنامەوانی ئاماژە دەكەن كە ژمارەی ئەو كۆمپانیایانە دەگاتە 60 كۆمپانیا و ژمارەیان تا دێت زیاتر دەبێت، نایف شمەری پەرلەمانتاری عێراق ئاماژە دەكات كە كاری ئەوان لە سنووری بەغدایە و هۆكاری بڵاوبوونەوەشیان بۆ لاوازیی هێزە تەناهییەكانی عێراق و نەبوونی شارەزاییان لە مامەڵەكردن لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەكانی بیانی و تیمە نێودەوڵەتییەكان دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوان سەریان سڕ ماوە بۆچی وەزارەتی ناوخۆی عێراق زانیارییەكان لەبارەی ژمارەی ئەوان دەشارێتەوە.

خالد سدیق، مامۆستای زانستە سیاسییەكان هۆكاری بوونی ئەو كۆمپانیایانە بۆ خراپی دۆخی تەناهی وڵات و چەند شارێكی عێراق بەتایبەتی و پەنابردنی چەند لایەنێك بۆ ئەو كۆمپانیایانە بۆ پاراستنیان دەگەڕێتەوە و دەڵێت، رەتكردنەوەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئاشكراكردنی ژمارەی راستەقینەی ئەو كۆمپانیا تەناهیانەی لە عێراق هەن ئاماژەیە بۆ ئەوەی ژمارەیان زۆرە و زیاتریش دەبێت، خەڵكەكەش كە ئەوان دەبینن كۆمپانیای "بلاك وەتەر" یان دێتەوە یاد كە ژمارەیەك هاووڵاتی كردە قوربانی، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی حكوومەتی عێراق چەندان ملیار دۆلار لە هێزە تەناهییەكان خەرج دەكات، بەڵام پێ دەچێت تا ئێستە متمانەدار نین.

مێژووی هاتنی كۆمپانیا تەناهییە تایبەتەكان بۆ عێراق بۆ 2003 دەگەڕێتەوە لەگەڵ هاتنی ئەمەریكا بۆ عێراق كە یەرەڕای كاركردنیان بۆ پاراستنی ئاسایشی نێردە دیپلۆماسی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی یارمەتی عێراق دەدەن، بەڵام كەسانێك بەوە تۆمەتباریان دەكەن كە ئەوان باڵی هەواڵگری وڵاتانن و ئامانجیان كۆكردنەوەی زانیاری و ئەنجامدانی كردەی تایبەتە لەكاتی پێویستدا.

بەپێی زانیارییەكان دەیان كۆمپانیای تەناهییە بیانییەكان لە عێراق هەن و لە پارێزگاكانی بەغدا و بەسڕە و هەولێر زیاتر هەن، كاری ئەوان پاراستنی كەسایەتییە گرنگ و نێردە دیپلۆماسی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و كۆمپانیاكانی نەوتە، لەوانە كۆمپانیاكانی ئەمەریكی وەك "ئیجیس دیفینس" و "دین كۆرپ" و " SOC-SMG" و "ئیجیلتی لوجیستیك" و دەیان كۆمپانیای تر كە بوونیان لە عێراق و وڵاتانی كەنداو هەیە.

ئیبراهیم حەدیدی، شارەزای تەناهی عێراق دەڵێت، زۆرینەی ئەو كۆمپانیایانەی لە عێراق كار دەكەن ئەمەریكین و دوای ئەوە بریتانی دێن، كاری ئەوان پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان و كۆمپانیاكانی نەوت و ژمارەیەك بەرپرسە كە متمانەیان بە هێزە تەناهییە ناوخۆییەكان نییە، كاری ئەوان بەنهێنی دەكرێت و هیچ لایەنێكی حكوومەت ئاگەداری جموجۆڵە شاراوەكانی ئەوان نییە، هاوكات ژمارەیەك كۆمپانیای هاوشێوەی ناوخۆیی هەیە سەر بە حزبەكانی دەسەڵاتن.

كەریم محەمەداوی پەرلەمانتارێكی تری عێراق دەڵێت، هەموو ئەو كۆمپانیا تەناهییە بیانیانە سەر بە هەواڵگری وڵاتانی بیانین و بوونیان گەورەترین مەترسییە لەسەر عێراق، كاتێك ئەوان وردترین زانیارییەكان لەسەر كۆمپانیاكانی نەوتی بەسڕ و دۆخی تەناهی عێراق كۆ دەكەنەوە.

ئێستە لە دنیا ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیا تەناهییە گەورەكان بڵاو بوونەتەوە لەوانە كۆمپانیای "G4"ی بەریتانی كە لە 110 دەوڵەت بوونی هەیە و زیاتر لە 570 هەزار كارمەندی هەیە، هەروەها كۆمپانیای "سكیوریتكس"ی سویسڕی لە 45 دەوڵەت هەیە و خاوەنی 250 هەزار كارمەندە و كۆمپانیای "سكوربكس"ی فڕەنسایی كە لە ئاسیا و ئەفریقیا هەیە و كۆمپانیای "داینكۆرپ" كە خاوەنی 17 هەزار كارمەندە و كۆمپانیای "میلیتاری پڕۆفیشناڵ ریسۆرسز" و "گلۆباڵ ریسك ئینتەرناسیۆناڵ"ی بەرتانی و "گستەر باتڵز" و هیتریش و كاری ئەوان لە چەند بوارێكە لەوانە هەڵسەنگاندنی مەترسییەكان و كۆكردنەوەی زانیاری هەواڵگری و شرۆڤەكاری و پێشكەشكردنی راوێژی تەناهی و پاراستنی كەسایەتییەكان و كۆمپانیا و دامەزراوەكان. 






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل