دوای هێرشە مووشەكیەكەی سەر كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل لە بەسڕە، پرسی جێهێشتنی كارمەندە بیانییەكان، وەزارەتی نەوتی عێراقی رای گەیاند، كۆمپانیا بیانییەكان عێراقییان جێ نەهێشتووە و لە هێرشەكەشدا سێ كارمەند بریندار بوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەعات 3:30 خولەك، بە مووشەكی جۆری كاتیۆشا هێرشكرایە سەر كێڵگەیەكی نەوتی لە بەسڕە و بەهۆیەوە سێ كارمەندی كۆمپانیای هەڵكەندنی عێراقی بریندار بوون و هیچ زیانێكیش بە كێڵگە نەوتییەكە و تیمەكەی ئێكسۆن مۆبیل نەكەوت كە تەواوی ستافەكە لە كارمەندانی ئەمەریكی و كەنەدی پێكهاتبوون.
عاسم جیهاد گوتەبێژی
وەزارەتی نەوتی عێراقی رای گەیاند، كاری كۆمپانیا بیانییەكان و كۆمپانیای هەڵكەندنی عێراقی بەو هێرشە مووشەكییە كە كرایە سەر ناوچەی برجسیەی نەوتی، هیچ كاریگەری نەبووە و ئەوانیش باسیان لە كشانەوە و چۆڵ كردن نەكردووە.
زیاتر گوتی "بەهۆی هێرشەكە سێ كارمەند بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە كراون، قەبارەی زیانەكەش هێندە گەورە نەبووە تا كاریگەری لەسەر كاری كۆمپانیاكە هەبێت".
لەبارەی كشانەوەی كارمەندەكانی كۆمپانیا بیانییەكانیش، گوتەبێژەكەی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەدا، كشاندنەوەی كارمەندانی كۆمپانیا بیانییەكان هیچ كاریگەری لەسەر پلانی بەرهەمهێنانی نەوت نابێت، لەسەر ئەو پرسەش هیچ ئاماژەیەك لای كۆمپانیاكان بە وەزارەتی نەوت نەگەیشتووە.
قسەكانی گوتەبێژی وەزارەتی نەوت لە كاتێكدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ كارمەندانی كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیلی ئەمەریكی كە هەر هەموویان كەنەدی و ئەمەریكیین، لەگەڵ دەنگی تەقینەوەی مووشەكێكی جۆری كاتیۆشا بۆ سەر ئۆفیسی كۆمپانیاكەیان بەخەبەر هاتن، مووشەكەكە چەند خیوەتێكی كارمەندانی كۆمپانیای هەڵكەندنی عێراقی كردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ كەس بریندار بوون.
تا ئێستە هیچ لایەنێك بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەكە رانەگەیاندووە، سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی بەسڕەش بەڵێنی تۆڵە سەندنەوە لەو هێرشە دەدات و رای گەیاند، لەگەڵ دەزگای هەواڵگری سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیاریین لەسەر رووداوەكە.