لە كوردستان خواست لەسەر كڕینی گوڵ نییە

:: PM:09:18:19/06/2019 ‌
هەرچەندە یادكردنەوەی بۆنە و ئاهەنگەكان و لەدایكبوونەكان زیاتر دەبێت، لەسەر مێزە ڕازێنراوەكان كەمترین گوڵ دەبینرێت، گوڵفرۆشان دەڵێن، كڕینی گوڵ نەبووەتە كولتوور.

گوڵ هەمیشە وەكو هێمایەك بۆ خۆشەویستی و جوانییەكەی بۆ ڕازاندنەوە بەكارهاتووە، لەم ساڵانەی دواییشدا ئەگەر كەمیش بێت لە بۆنە و ئاهەنگەكاندا بەكارهاتووە.

دیلان سیروان، ئەمساڵ ئاهەنگی دەرچوونی بوو لە پەیمانگە، نیگەرانە لەوەی بۆ ئاهەنگی دەرچوونەكەی بە چەپكێ گوڵی جوانەوە هاوشانی هاوڕێكانی بوەستێت و وێنە بگرێت، بۆ "وشە" دەگێڕێتەوە، بۆ ڕۆژی ئاهەنگی دەرچوونەكەی چەندان كۆڵان و شەقام و دوكانی كرد تا چەپكێ گوڵی جوانی بەدەستەوە بێت لە وێنەكاندا، دوای گەڕانێكی زۆر دەستی كەوت، ئەمەش نیگەرانی كرد و بۆیە ئەگەر هاوكاریم هەبێت بیرم لەوە كردووەتەوە دووكانێكی گوڵفرۆشی بكەمەوە، بۆ ئەوەی دووكانی گوڵفرۆشی زیاد بێت و هەمیش ببێتە كولتوورێكی جوان و هەمووان گوڵ بۆیەكتر ببەین.

تاژان ساڵح تەمەن 30 ساڵ گوڵفرۆشە و بۆ "وشە" گوتی، ماوەی مانگێكە دووكانم هەیە، بەڵام پێشتر كاری گوڵفرۆشیم كردووە بە بێ دووكان.

 لە دووكانەكەی تاژاندا بێجگە لە گوڵی سروشتی گوڵی تریش بوونی هەیە، سەرەتای دەستكردن بە فرۆشتنی گوڵ لای تاژان دەگەڕێتەوە بۆ كاركردنی لە ئارایشتگایەكی جوانكاری و فرۆشتنی گوڵ لە ڕۆژی خۆشەویستی و دواتر هەنگاوی نا بۆ فرۆشتنی گوڵەكان لە دەرەوەی ئارایشتگاكەدا.

ئەو گوڵفرۆشە نیگەرانە لەوەی كە كڕینی گوڵ نەبووەتە كولتوور و دەڵێت، هەندێك كەس شەرم دەكەن لەوەی گوڵێك بۆ دایكیان یا كەسێكی ئازیزیان بكڕن، بۆیە داوامان لێدەكەن كە گوڵەكانیان بە شێوەیەك دیزاین بكەین كە شاراوە بێت.

هەروەها هاوژین عوسمان، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی باخچەكانی سلێمانی، بۆ "وشە" گوتی ساڵانە زیاتر لە 400 هەزار گوڵ و نەمام، هەروەها زیاتر لە 17 هەزار جۆر گوڵ بەرهەم دەهێنن، وەكو دیاری دەیدەن بە هەر هاووڵاتیەك كە داوای بكات، ئێستە ڕێژەیەكی زۆر شەتڵگە و دووكانی گوڵفرۆشی هەن و ساڵانە دەیان هەزار جۆری جیاواز گوڵ دێتە سلێمانی.

هاوژین خوازیارە كە گوڵفرۆشی و بەكارهێنانی گوڵ بەرەوپێش بچێت و هاووڵاتییان ماڵەكانیان بە گوڵ بڕازێننەوە، تا سەرەڕای جوانییەكەی بەكارهێنانیشی ببێتە كولتوور.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد







وشە - سه‌رخێڵ هاشم