پارتی ناوی وەزیرەکانی لە پشکی حکوومەت پەسند دەکات

:: AM:10:21:20/06/2019 ‌

کاندیدی وەزیرەکانی پشکی پارتی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادیە و بڕیارە مەکتەبی سیاسی پارتی دەنگی لەسەر بدات.

ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لیژنەیەکی باڵا کاندیدی بۆ وەزارەتەکانی پشکی پارتی ئامادە کردووە و لە دوو رۆژی داھاتوو لە مەکتەبی سیاسی دەنگی لەسەر دەدرێت و پەسەند دەکرێت، پێش کۆتایی ئەم مانگە کابینەی نوێی حکوومەت پێکدێت و ھەفتەی داھاتووش پێکھاتەی کابینەی نوێ ئامادە دەبێت بۆ دەنگدان.

د.ئاراس حەسۆ میرخان ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ماوەیەکی زۆرە لیژنەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و کادیرانی پارتی پێکھاتووە و سەرقاڵی یەکلا کردنەوەی سیڤی وەزیرەکانی پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانن و لە ماوەی دوو رۆژی داھاتوو کاندیدەکان یەکلایی دەکەنەوە و مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانیش کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەسەر دەکات و دەنگی لەسەر دەدات و پەسەندیان دەکات.

لەبارەی ناوی وەزیرەکانەوە میرخاس نەیویست بەر لۆە پەسندکردنیان لە مەکتەبی سیاسیی ناویان بدرکێنێت و ئاماژەی دا، ناوی کاندیدەکان ئامادە بوون و زۆرینەی کاندیدی وەزیرەکانیش نوێن.

دووپاتی دەکاتەوە ، تا کۆتایی ھەفتەی داھاتوو پێکھاتەی حکوومەتی تازە ئامادە دەبێت و پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت بۆ ئەوەی پێش کۆتایی ئەم مانگە دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت.

هەولێر/ بڵند ئیبراھیم



وشە - هیدایه‌ت جان