كاتێك دەچیتە نەخۆشخانەی ھیوا لە شاری سلێمانی، خێزانێكی پێنج كەسی دەبینیت كە لە چێشتخانەیەكی بچووكی چەند مەتریدا سەرقاڵی ئامادەكردنی خواردن و خواردنەوە و شیرینی جۆراوجۆرن بۆ ئەو كەسانەی كە تووشی شێرپەنجە بوون و لە نەخۆشخانەكەدا دەمێننەوە.
خۆبەخشیی ئەو خێزانە چیرۆكێكی تراجیدیای لە پشتەوەیە كە هەمووان لە چیرۆكەكەیان ڕادەمێنن، لەبەرئەوەی ئەوان دوو ساڵ پێش ئێستە كوڕەكەیان لە نەخۆشخانەكە بە نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێن كۆچی دوایی كرد، دوا داواكاری كوڕەكەیان ئەوەبوو كە خزمەتی نەخۆشخانەی ھیوا بكەن، ئیتر ئەو خێزانە لەوكاتە بەدواوە رۆژانە لە سەعات حەوتی بەیانییەوە تا درەنگانی شەو لە نەخۆشخانەكەدا دەبن و خزمەت بە نەخۆشەكان دەكەن، كامەران محەمەد كە سەرۆكی خێزانەكەیە و باوكی ئەحمەدە، چیرۆكی ژیانیان و كارە خۆبەخشییەكانیان بۆ "وشە" دەگێڕێتەوە.
ئەحمەد كامەران تەمەن 23 ساڵ لە 2015 ڕۆژێك دوای مارەكردنی ئەو كچەی كە دڵخوازی خۆی بوو، نەخۆش دەكەوێت و بۆی دەردەكەوێت تووشی شێرپەنجە بووە و بۆ نەخۆشخانە بەرێ دەكرێت. كاتێك بە نەخۆشییەكەی ئەحمەد دەزانرێت كە كات زۆر تێپەڕیوە و نەخۆشییەكەی گەیشتووەتە پلە چوار، بۆیە خێزانەكەی خانوو و ئۆتۆمبێلەكەیان دەفرۆشن و دەیبەنە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەركردن.
لە دوای گەڕانەوەیان بۆ سلێمانی جارێكی تر نەخۆشییەكە لە ئەحمەددا سەرهەڵدەداتەوە و لە نەخۆشخانەی هیوا دەخەوێنرێت، داوا لە خێزانەكەی دەكات كە هەمان سیستمی خۆراكی پێشوو لە نەخۆشخانەی هیوا جێبەجێ بكەن، ئەو داواكارییەی ئەحمەد دەبێتە دوا داواكاری و خێزانەكەشی لە دوای كۆچی دوایی كوڕەكەیان لە مانگی 10ی 2017، بەدڵگەرمییەوە پێشوازییان لێ كرد و وازیان لە هەموو شتێكی ژیانیان هێنا و دەستیان كرد بە كاركردن لە نەخۆشخانەی هیوا.
لە 2017ەوە تا ئێستە ئەو خێزانە پێنج كەسییە كە دایك و باوك و برا و دوو خوشكی ئەحمەدن، ڕۆژانە لە سەعات حەوتی سەر لە بەیانییەوە دەچنە چێشتخانەی نەخۆشخانەكە و دەست دەكەن بە ئامادەكردنی خواردنی بەیانیان كە خۆی دەبینێتەوە لە گوێز و هەنگوین و پەنیر و زۆرجاریش نۆكاو و خواردنە جۆراوجۆرەكان، هەروەها خواردنی گۆشت و مریشك و برنج و شلە جۆراوجۆرەكانی تریش دەبێتە ژەمەكانی نیوەڕۆ و ئێواران، ئەو خێزانە بۆ كاتەكانی نێوان ژەمە خۆراكییەكان هەمیشە میوە یان ئاوی میوە جۆراوجۆرەكان و شیرینییەكان ئامادە دەكەن و پێشكەشی نەخۆشەكانی دەكەن تا كاتی ژەمە سەرەكییەكان برسیان نەبێت.
لای ئەم خێزانە تەنیا ئامادەكردنی خواردن گرنگ نییە، بەڵكو دیزاین و چۆنیەتیی بەكارهێنانی قاپ و كەوچكەكانیش گرنگی خۆی هەیە، كە بەكارهێنانی قاپی شووشە و ڕەنگاوڕەنگی و قەبارەكەی بۆ ژەمە خۆراكییەكان دەگۆڕێت، تا نەخۆشەكان دڵیان زیاتر بچێتە سەر خواردنەكان و بیخۆن.
نەخۆشەكان بە جۆرێك لەگەڵ ئەو خێزانە ڕاهاتوون كە ڕۆژانە لە كاغەزدا نامەیان بۆ دەنووسن و دەستخۆشییان لێ دەكەن، هەروەها ئەگەر حەزیان لە هەر خواردن و میوەیەك بێت لە كاغەزێكدا دەینووسن و دەیدەنە ئەم خێزانە.
كامەران محەمەد دەڵێت، زۆرجار نەخۆش هەبووە داوای خواردنی جیاوازی كردووە كە ئێمە لەو ژەمەدا ئامادەمان نەكردووە، بەڵام هەر بۆمان كردووە و دڵیمان نەشكاندووە، لەبەرئەوەی ئێستە ئێمە لەگەڵ نەخۆشەكان پێوەندییەكی ڕۆحیمان هەیە.
كاركردنی ئەم خێزانە بەردەوامە و بۆنە و یاد و جەژن و پشووەكانیشیان لەگەڵ نەخۆشەكاندا بەسەر دەبەن، زۆرجاریش دیارییان بۆ دەكڕن و بەسەریاندا دابەشی دەكەن و دڵی نەخۆشەكان خۆش دەكەن، جگە لەوەی كە خواردن ئامادە دەكەن و بەسەر نەخۆشەكاندا دابەشی دەكەن، دڵنەوایی نەخۆش و كەسوكاری نەخۆشەكانیش دەكەن و لە ڕووی دەروونییەوە وایان لێ دەكەن كە بەهێزبن و نەڕووخێن، ئەویش لەڕێی گفتوگۆ و قسەی خۆشەوە.
كامەران دەڵێت: ڕۆژانە برینەكەمان دەكولێتەوە بە بینینی ئەو ژوورەی بەرانبەر چێشتخانەكەمان كە كوڕەكەم تێیدا كۆچی دوایی كرد، بەڵام ئێمە ئەوە دەهێنینە پێش چاوی خۆمان كە ئەركێكی گەورەی پیرۆزمان لەسەر شانە كە خزمەتكردن و مامەڵەكردنە لەگەڵ توێژێك كە لە نێوان مان و نەماندان، بۆیە بە مردنی یەكێك لەو نەخۆشانە ئێمە لە دڵەوە ئازار دەچێژین.
لە تازەترین پڕۆژەشیاندا ئەم خێزانە لەگەڵ كۆمپانیایەكدا ڕێككەوتوون خواردن بۆ ئەو نەخۆشانەش دابین دەكەن كە تەنیا بۆ چارەسەركردن سەردانی نەخۆشخانەكە دەكەن و نامێننەوە. وەك كامەران محەمەد باسی دەكات لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان نەكراوە، ئەویش دابینكردنی بۆكسێكە كە میوە و شیرینی و ئاو و چەند خواردنێكی تری تێدایە، كە لە پێشدا ئەم كارە نەكراوە و كەسانی نەخۆش ڕەنگە تەنیا چایەك یان ئاوێكی پێشكەش بكرایە.
*نەخۆشەكان بە جۆرێك لەگەڵ ئەو خێزانە ڕاهاتوون كە ڕۆژانە لە كاغەزدا نامەیان بۆ دەنووسن و دەستخۆشییان لێ دەكەن
وشە/ سلێمانی – ئاریان محەمەد