"سه‌رقاڵی پڕۆژه‌یه‌كی نوێی سیاسین"
ئێڤار ئیبراهیم دوای 26 ساڵ له كاری حزبایه‌تى و گه‌یشتن به ترۆپك، ده‌یه‌وێ چانسی خۆی له بازرگانی به خولیایه‌كی منداڵی تاقی بكاته‌وه كه له پێنج ساڵی په‌رله‌مانتاریدا به پۆشینی جلوبه‌رگی كوردی له خۆیدا به‌رجه‌سته‌ی كردووه. ئێڤار چه‌ند رۆژێكه دووكانێكی گه‌وره‌ی فرۆشتنی جلوبه‌رگی ژنانی كوردی له گرانبه‌هاترین ناوچه‌ى هه‌ولێر داناوه، وازیشی له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هێناوه، به‌ڵام هێشتا پێیه‌كی له سیاسه‌تدا جێهێشتووه و له‌گه‌ڵ چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی خولی پێشتر پڕۆژه‌ی سیاسی‌یان هه‌یه.
ئێڤار ئیبراهیم ئه‌و ژنه به ره‌چه‌ڵه‌ك چۆمانییهی له هه‌ولێر چاوی به دنیا هه‌ڵێناوه و ژیاوه، له رێى برایه‌كی پێشمه‌رگه‌ی ساڵى 1993 ده‌چێته ریزی كۆمه‌ڵه‌ى خوێندكارانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.
"تا دروستبوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له ریزی یه‌كێتییدا بووم و ئه‌ندام كارگێڕی مه‌ڵبه‌ند بووم"، ئێڤار وای گوت. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه دوای دروستبوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌گه‌ڵ باڵی ریفۆڕم حزبی دایك جێده‌هێڵێت و ده‌بێته به‌رپرسی رێكخستنه‌كانی گۆڕان له هه‌ولێر، پاشان ده‌بێته ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی و ساڵى 2013 له خولی دووه‌می به‌شداری گۆڕان له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ناو په‌رله‌مانتاره ژنه‌كان زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ست هێنا و بێ كۆتا گه‌یشته په‌رله‌مان و پێنج ساڵ سه‌رۆكی لیژنه‌ى ژنان بوو.
دوای 10 ساڵ حزبایه‌تى له ریزی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و گه‌یشتن به لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵات، كه‌چی ئه‌و ژنه سیاسه‌توانه بازرگانه نوێیه، پێی وایه ئه‌وه‌ى پاڵی پێوه ناوه ریزه‌كانی یه‌كێتی جێبهێڵێت، ریفۆڕم و قبووڵ نه‌كردنی حزبی بنه‌ماڵه‌یی بووه، كه‌چی ئێسته بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش بووه به حزبی بنه‌ماڵه و 70%ی گۆڕانه ره‌سه‌نه‌كه له ماڵ دانیشتوون و ئه‌وانه‌ى ئێسته له گردی زه‌رگه‌ته له ده‌سه‌ڵاتن، گۆڕانه ره‌سه‌نه‌كه نین.
ئێڤار ئیبراهیم له ڤێلاكانی ڤیتاڵ كه نایابترین و گرانترین ناوچه‌یه‌ی خانووبه‌ره‌یه له هه‌ولێر، له‌سه‌ر رووبه‌ری 500 مه‌تر دووجا، دووكانی جلوبه‌رگی كوردی ژنانی داناوه و پڕی كردووه له قوماشی بڕاندی ئیتاڵی.
"دوای ته‌واوبوونی كاری په‌رله‌مانتاری حه‌زم كرد بێكار دانه‌نیشم، خوشكێكم پێنج ساڵه كاری بازرگانی ده‌كات، به‌یه‌كه‌وه تاوتوێی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی بازرگانیمان كرد، له‌وانه كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری جوانكاری و رێستورانت، به‌ڵام من قوماشفرۆشیم په‌سند كرد". ئێڤار وای گوت. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه خوشكه‌كه‌ی له پڕۆژه‌یه‌دا هاوبه‌شه، به پێكه‌نینه‌وه گوتی "هاتوومه‌ته سه‌ر حازری و دووكانه‌كه‌ش به ناوم كراوه، مه‌رجیش نییه سه‌ركه‌وتوو بم، به‌ڵام دڵم پێیه‌وه خۆشه".
له هه‌ولێر چه‌ندان بازاڕی به‌ناوبانگی فرۆشتنی قوماشی ژنان هه‌یه، له‌وانه قه‌یسه‌ری كه كۆنترینیانه، ئینجا بازاڕی ته‌یراوه و پردی سه‌یداوه و كوورانی مه‌خموور، به‌ڵام له چه‌ند ساڵی رابردوودا له بازاڕه زۆر گرانبههاكانیش وه‌ك مۆڵه‌كان و بازاڕی ناو شاره تهلبهندكراوهكانی پایته‌ختیش، له پاڵ كافێ و خواردنگه و نووسینگه‌كانی خانووبه‌ره، هه‌ندێك دووكان ده‌بینرێن كه كاره‌كه‌یان جیاوازتره. یه‌كێك له‌وان دووكانه‌كه‌ی ئێڤاره له ڤێلاكانی ڤیتاڵ، به‌ڵام ئێڤار به ده‌ستلێدان له هه‌ندێك قوماش كه نرخه‌كانی هه‌رزان بوون، ده‌یه‌وێ ترسی كڕیارانی بڕه‌وێنێته‌وه و ده‌ڵێ، له هه‌موو نرخێكمان لایه و قوماشهكانیشی هه‌مووی بڕاندی ئیتاڵین.
جێهێشتنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ ئێڤار و ئه‌وانه‌ی پێش خۆشی هه‌روا به ئاسانی تێنه‌په‌ڕیوه، ئه‌و هاوشانی گۆڕانخوازانی تر رووبه‌ڕووی تانه و ته‌شه‌ر بووه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت له ئاستى كه‌سانی سیاسی حزبه‌كانی تریش ره‌خنه‌ى لێ گیراوه، په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پێشتری گۆڕان باس له پشتگیریی خه‌ڵك بۆ پیشه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێ پیرۆزبایی زۆری لێ كراوه.
"80%ی خه‌ڵك پشتگیری‌یان له پڕۆژه‌كه‌م كردووه، منیش پێویستیم به پشتگیریی ئه‌وان هه‌یه و ناكرێ هه‌ر به‌رپرس بم"، ئێڤار وای گوت. ئه‌و هێشتا سیاسییانه قسه ده‌كات و رانه‌هاتووه وه‌ك بازرگانێك بدوێ، بۆیه ده‌ڵێ، بۆچی دوای په‌رله‌مانتاری داوای پۆستى وه‌زیری بكه‌م و هه‌ر له ده‌سه‌ڵات بم؟ گوتی "به‌شی زۆری سیاسییه‌كان، له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و حزبه‌كانی تریش پیرۆزباییان لێ كردووم، به‌ڵام بۆچوونێكیش هه‌بووه كه ئێڤار له كه‌سایه‌تى په‌رله‌مانتاری كه‌م كردووه‌ته‌وه به‌وه‌ی بووه‌ته قوماشفرۆش". زیاتر گوتی "ناكرێت به ته‌مه‌نی 42 ساڵییه‌وه له ماڵ دانیشم".
ره‌نگه بۆ ئێڤار كاری بازرگانی هێنده قورس نه‌بێت، ئه‌و خوشكه‌كه‌ی ئه‌زموونی پێنج ساڵ كاركردنی هه‌یه، خۆیشی له سیاسه‌تدا ریزی یه‌كێتی له ترۆپكی ده‌سه‌ڵات جێهێشت و له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك كورد گوته‌نی له سفره‌وه ده‌ستى پێ كرد. ئه‌و ده‌ڵێ، به هه‌موو بڕواوه بیرم له‌وه كرده‌وه كه پڕۆژه‌یه‌ك بكه‌م، مه‌رجیش نییه سه‌ركه‌وتوو بیت، به‌ڵام ده‌بێت بوێر بیت له بڕیاردان و نه‌ترسیت.
ئێڤار ئه‌مجاره بازرگانانه نهێنی پیشه‌كه‌ی ده‌پارێزێت و ئاماده نییه هیچ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر كرێی مانگانه‌ی دووكانه 500 مهترییهكهشی ئاشكرا بكات، وه‌ك له شه‌ش مانگی یه‌كه‌میدا چاوی له قازانجیش نییه، به‌ڵكو ده‌یه‌وێ متمانه‌ى ژنان به‌ده‌ست بهێنێت وه‌ك بۆ بوونه په‌رله‌مانتار به‌ده‌ستی هێنابوو. بۆیه ده‌ڵێ، به هێنانی قوماشی كوالێتی باش، چاوم لێیه له داهاتوودا پڕۆژه‌كه گه‌وره‌تر بكه‌م.
ئێڤاری 42 ساڵان، پاش خانه‌نشینبوونی له كاری په‌رله‌مانی، چانسی هاوسه‌رگیری دوای 16 ساڵ بێوه‌ژنی دیسان دەکرێتەوە، له‌م ماوه كورته‌دا چه‌ندان كه‌س ده‌چنه خوازبێنی، به‌ڵام هه‌موویان ره‌ت ده‌كاته‌وه.
ئه‌و پێشتر ساڵی 1997 ژیانی هاوسه‌رگیری پێكهێناوه و له ساڵی 2003 جیا بووه‌ته‌وه، ده‌یه‌وێ ئێسته گرنگی به پڕۆژه تازه‌كه‌ی بدات، به‌ڵام دهرگهیش بۆ دووباره شووكردنه‌وه له داهاتوو داناخات.
ئێڤار ره‌نگه یه‌كه‌م ژنی په‌رله‌مانتار و سیاسیی كوردستان بێت دوای كاری په‌رله‌مانتاری پشتی له حزبه‌كه‌ی و رووی له بازرگانی كردبێت، به‌ڵام وازی له سیاسه‌ت نه‌هێناوه و له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاران و وه‌زیرانی خوله‌كانی پێشتری په‌رله‌مان و حكوومه‌ت، كه‌سایه‌تى سیاسیی حزبه‌كانی تریش، سه‌رقاڵی پڕۆژه‌یه‌كی نوێی سیاسین و وه‌ك ده‌ڵێ، كار له‌سه‌ر ئه‌و ژماره زۆره‌ی ده‌نگده‌ران ده‌كه‌ن كه به‌شدارییان له هه‌ڵبژاردن نه‌كردووه.
ئه‌و له‌باره‌ى پڕۆژه‌كه گوتی، "له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی حزبی سیاسی نیم، چونكه حزب له كوردستان شكستی هێناوه، به‌ڵام پڕۆژه پێشنیار و چالاكی سیاسیمان ده‌بێت، ئێسته به به‌رده‌وام سه‌رقاڵی كۆبوونه‌وه‌ین، له‌ماوه‌ی دوو مانگی داهاتوودا ده‌ستبه‌كار ده‌بین و دژایه‌تى هیچ حزبێكی سیاسیش ناكه‌ین".