له دوایین كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌گه‌رچی نه‌یانتوانی بگه‌نه ڕێككه‌وتن له‌باره‌ی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كاندیده‌كان، به‌ڵكو بوونی چه‌ند داواكارییه‌كی نوێ بۆ پۆسته‌كانی به‌ركه‌وته‌ی یه‌كێتی، كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بێ ئه‌نجام كۆتایی پێ هێناوه و گومانیشی لای كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ دروست كردووه.
ڕۆژی یه‌كشه‌می ڕابردوو، مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی كۆبوونه‌وه‌ی له شاری سلێمانی ئه‌نجام دا و ئه‌گه‌رچی میدیاكانی ئه‌و حزبه وا بڵاویان كرده‌وه بڕیاری ته‌واو له‌باره‌ی كاندیده‌كانی ئه‌و حزبه بۆ پۆسته‌كانیان له حكوومه‌تی نوێ‌دا ده‌ده‌ن، به‌ڵام ده‌رئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه به‌پێی زانیارییه‌كانی به‌رده‌ست "وشه" پێچه‌وانه بوون.
زانیارییه‌كانی "وشه" كه له سه‌رچاوه‌ی ناو یه‌كێتییه‌وه وه‌ریگرتوون، ئه‌وه ئاشكرا ده‌كه‌ن له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داواكاریی نوێ بۆ پۆسته‌كان هه‌بوون، به‌ڵام داواكارییه‌كان بۆ ئه‌و پۆستانه بوون كه به‌ر باڵه‌كه‌ی كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ كه‌وتوون، ئه‌وه‌ش كه‌شی كۆبوونه‌وه‌ی تا ئاستی بێ ئه‌نجامبوون بردووه و كۆسره‌ت ڕه‌سووڵیش به گومانه‌وه كۆتایی به كۆبوونه‌وه‌كه هێناوه.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه گوتی، "داواكارییه‌كان له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵح و مه‌حموود سه‌نگاوییه‌وه بوون بۆ پۆستی وه‌زاره‌ته‌كانی پلاندانان و ڕۆشنبیری كه به‌پێی ڕێككه‌وتنی پێشوویان له‌گه‌ڵ ماڵی تاڵه‌بانی ئه‌و پۆستانه به‌ر باڵی كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ كه‌وتبوون، به‌ڵام ئه‌و داواكارییه ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی كاڵ كردووه‌ته‌وه."
ناكۆكیی ناوخۆیی ناو یه‌كێتی هه‌ر به‌رده‌وامه و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناوی كاندیده‌كانیان بۆ پۆسته حكوومییه‌كان له‌ناو یه‌كێتیدا قورس بووه، چونكه هه‌ر باڵه و خۆی به شایسته‌ی وه‌رگرتنی زۆرترین پۆسته باڵاكان ده‌زانێت كه به‌ر حزبه‌كه‌ی كه‌وتوون.
"كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ كه كۆبوونه‌وه‌كه‌ی كۆتا پێ هێناوه گوتوویه‌تی، ده‌بێ بۆ چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی پۆسته‌كان پشتمان به‌و ڕێككه‌وتنه ببه‌ستین كه پێشتر له مه‌كته‌بی سیاسی له‌سه‌ری كراوه." سه‌رچاوه‌كه‌ی "وشه" وای گوت.
ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ باسی ده‌كات پێشتر كراوه به‌م جۆره‌یه: پۆسته‌كانی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم، جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت و وه‌زیری پێشمه‌رگه سه‌ر به ماڵی تاڵه‌بانی بن، پۆسته‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و وه‌زیری پلاندانان و ڕۆشنبیریش له باڵی كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ بن و باقی پۆسته‌كانی تریش له نێوان باڵی به‌رهه‌م ساڵح و باڵی بێلایه‌نه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی‌دا دابه‌ش بكرێن.
مه‌سروور بارزانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه ده‌یه‌وێت به‌ر له واده‌ی یاسایی كابینه‌كه‌ی پێك بهێنێت، بۆیه داوای له حزبه‌كان كرد سیڤیی وه‌زیره‌كانیانی پێ بده‌ن، به‌ڵام كێشه‌كانی ناو یه‌كێتی وا دیاره ناوی كاندیده‌كانیان دوا ده‌كه‌ون.
له كۆبوونه‌وه‌ی دووشه‌می ڕابردووش‌دا كه مه‌سروور بارزانی سه‌ردانی یه‌كێتی كردووه، ئه‌و حزبه ناوی كاندیده‌كانی نه‌داوه‌ته سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو و هۆكاره‌كه‌شی به‌ستووه‌ته‌وه به هه‌ڵنانی هه‌نگاو له‌لایه‌ن پارتییه‌وه له‌باره‌ی پۆستی پارێزگاری كه‌ركووك، له كاتێكدا پرسی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كاندیده‌كانی ئه‌و حزبه له ناو خۆیاندا كێشه سه‌ره‌كییه‌كه بووه.
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی ئه‌و قسانه‌ی به پڕوپاگه‌نده‌ی میدیا ناو برد و گوتی، "ئه‌و قسانه بێ بنه‌مان، یه‌كێتی كاندیده‌كانی ئاماده‌ن، كه‌ی پێویست بێت پێشكه‌شیان ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ش كه‌وتووه‌ته سه‌ر بڕیاری مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی."