چەند چارەسەرێكی سروشتی بۆ وشكی پێستی سەر

:: PM:06:32:24/06/2019 ‌
وشكی پێستی سەر كاتێك روودەدات كە پێستی سەر چەوری دروست بەرهەم نەهێنێت. لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی خوران و دروستبوونی توێكڵی سەر و كۆبوونەوەی پێستی مردوون بەڵام چەندان رێگە هەیە كە پێستی سەر دەپارێزێت لە وشكبوونەوە یان دەتوانرێت شامپۆیی تایبەت بەكاربهێنرێت بۆ چارەسەركردنی وشكی پێستی سەر و رزگاربوون لە كرێش، بەڵام باشتر وایە چارەسەری سروشتی بەكاربهێنرێت بۆ رزگاربوون لە پێستی وشك ئەمانەیش چەند پێكهاتەیەكن كە پێستی سەر لە وشكبوونەوە دەپارێزین.

یەكەم: زەیتی گەڵاچا، ئەم زەیتە بۆ چارەسەركردنی چەندان گرفتی جۆراوجۆر بەكاردەهێنرێت، هەروەها باشە بۆ چارەسەركردنی توێكڵی سەر و وشكی پێستی سەر بۆ بەكارهێنانی ئەم چارەسەرە پێویستت بە شەش دڵۆپ زەیتی گەڵا چا دەبێت لەگەڵ كەوچكێك زەیتی زەیتوون پاشان تێكەڵی بكە و پێستی سەرتی پێ بشێلە بۆ ماوەی نیو سەعات بەجێی بهێڵە و دواتر بە ئاو و شامپۆ بیشۆ. باشتر وایە هەفتەی سێ بۆ چوار جار بەكاربهێنرێت.

دووەم: سركەی سێو، سركەی سێو زۆر پێویستە بۆ قژ و چارەسەری وشكی پێست، چونكە تایبتمەندی دژە كەروو و دژە بەكتریایی تێدایە، بەشێك سركەی سێو لەگەڵ بەشێك ئاو تێكەڵ بكە بە دوو بری یەكسان پاشان پێستی سەر و قژت بە گیراوەكە بشۆرە، دواتر بە ئاوی گەرم پاكی بكەرەوە. ئەگەر برینت هەیە لە پێستی سەرتدا ئەوە دەتوانیت چارەسەرێكی تر بەكاربهێنیت.

سێیەم: زەیتی باوی، چارەسەرێكی تری گونجاو بۆ وشكی پێستی سەر زەیتی باویە، ئەم زەیتە بەهەمانشێوە سیستەمی بەرگری بەهێز دەكات و دژە هەوكردنی تێدایە لەگەڵ دژە بەكتریا، بەهێواشی پێستی سەرت بشێلە بە زەیتەكە و پاشان بۆ ماوەی یەك سەعات بەجێی بهێڵە دواتر بە ئاوی گەرم بیشۆ یارمەتی هێوربوونەوە دەدات و پێستی سەر لە وشكبوون دەپارێزێت.

چوارەم: ترشی سالیسلیك، ئەگەر بتەوێـ چارەسەری توێكڵی سەرت بكەیت ئەوە باشتر وایە شامپۆیی دژە توێكڵ بەكاربهێنرێت لەگەڵ ترشی سالیسلیك، چونكە دژە هەوكردنی تێدایە هەروەها تایبەتمەندی دژە بەكتریایی هەیە، ئەم ترشە یارمەتی پێستی سەر دەدات كە وشكی كەم بكاتەوە و هەموو ئەو گرفتانە لادەبات كە تووشی پێستی سەر دەبن بە هۆی وشكیەوە.

پێنجەم: زەیتی زەیتوون، برێكە باش دژەئۆكسیدی تێدایە لەگەڵ پێكهاتەی خۆراكی گرنگ، و بۆ چەند چارەسەرێكی تری بەكاردەهێنرێت و چارەسەری وشكی پێستی سەر دەكات، دەتوانرێت كەوچكێك زەیتی زەیتوون بەكاربهێنرێت بۆ شێلانی پێستی سەرت دوایی سەعاتێك بەئاوی شیلەتێن بیشۆ. 



وشە - ئاوات ئازاد