حەجی فێڵاوی ئاشكرا دەبێت

:: AM:08:59:25/06/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج  و عومرەی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، كەسانێك بەدەل حەج بۆ هاووڵاتییان دەكەن، ئەوانە هیچ پێوەندییەكانی بە حكوومەت نییە و پێشێلكارییە.

ئەمڕۆ سێشەم 25ـی حوزەیران، لە ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان هاتووە، ماوەیەكە لە كەناڵەكانی تەلەڤزیۆن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا رێكلام بۆ ئەنجامدانی حەجی بەدەل بڵاو دەكرێتەوە، لە كاتێكدا ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان ئەوە رادەگەیەنین، كە ئەنجامدانی ئەو جۆرە مامەڵەیەی (حەجی بەدەل) هیچ پێوەندییەكی بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیمانەوە نییە و هیچ جۆرە بەرپرسیاریەتییەكی هەڵناگرین.

 ئەوەش روون كراوەتەوە، ئەو كارە پێشێلكردنی یەكێك لە بڕگەكانی دامەزراندنی كۆمپانیای حەج و عومرەیە.

باس لەوەش كراوە، ئەوەیش دەخەینە بەرچاوی هاووڵاتییان كە بۆ رێپێدانی هەر كەسێكی سعوودی بۆ ئەنجامدانی حەج حكوومەتی ئەو وڵاتە بڕی پێنج هەزار ریال (نزیكەی 14 وەرەقە)ی لێ وەردەگیرێت، ئەم زانیارییەش بە مەبەستی بەراوردە لەگەڵ ئەو نرخەی بۆ ئەنجامدانی حەجی بەدەل دەخرێتە روو.

لە هەرێمی كوردستان ساڵانە چەندان هاووڵاتی داوای بەدەل حەج لە كۆمپانیاكان دەكەن، بەڵام ئێستە ژمارەیەك لەو كۆمپانیایانە بەفێڵ تەنیا بڕوانامەیەك بە كەسەكە دەدەن بەبێ‌ ئەنجامدانی كارەكە.



وشە - رامیار جەواد