ئەمڕۆ دادگایی بکوژانی دلین بەڕێوە دەچێت

:: AM:10:09:25/06/2019 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ یەكەمین دانیشتنی دادگایی بۆ كەیسی كوشتنی دلینی تەمەن 10 ساڵان بەڕێوە بچێت و دادگا ئاگەداری دایك و باوكی دلینی كردۆتەوە لە دادگا ئامادە بن.

ئەمڕۆ سێشەم 25ـی حوزەیران، سۆزیار كەیفی پارێزەری کەیسی دلین لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاشکرای کردووە، ئەمڕۆ لە دادگای دهۆك یەكەمین دانیشتنی دادگایی بۆ كەیسی دلین وەلیدی تەمەن 10 ساڵان بەڕێوە دەچێت.

ئەو پارێزەرە ڕوونی كردۆتەوە، دایك و باوكی دلین ئاگەدار كراونەتەوە كە دوو تاوانباری كوشتنی دلین لەبەردەم دادگا ئامادە دەبن و بە تۆمەتی كوشتنی دلینی تەمەن 10 ساڵان لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان، دادگایی دەکرین.

پێشتر وەلید ئەحمەد، باوكی دلین بە چاوی گریانەوە بە "وشە"ی راگەیاندبوو، كچەكەم زۆر ئارام و خۆشەویست بوو و كەسێكی كۆمەڵایەتی و نەرمونیان بوو.

ئاماژەی بەوەیش دابوو، ماوەیەكە بكوژەكە دەناسم و پێكەوە چەند كارێكمان كردووە و چەندان جار هاوكاریم كردووە و پێوەندیمان باش بو و وەك دوو هاورێ بووین، بەڵام بەداخەوە هەرگیز بیرم لەوە نەكردبۆوە بەو شێوەیە خیانەت بكات و تاوانێكی ئەوەندە قیزەون بەرامبەر من و كچەكەم ئەنجام بدات.

باوكی دلین دووپاتی کردەوە، پێویستە بكوژەكە بە زووترین كات لەبەر چاوی خەڵك لە سێدارە بدرێت و هەرگیز لەو تاوانبارە و هاوكارانی خۆش نەبن.

لە ڕۆژی پێنجی حوزەیران كچێكی تەمەن 10 ساڵان بەناوی "دلین وەلید" ون بوو، دوای چەند رۆژێك تەرمەكەی لەناو یەكێك لە باغەكانی سەنتەری شاری دهۆك دۆزرایەوە، بەگوێرەی راپۆرتە پزیشكییەكان و گوتەی پۆلیسی دهۆك ئەم كچە لەلایەن تاوانبارێكەوە بەشێوەیەكی خراپ دەستدرێژی كراوەتە سەری و دواتر كوشتویەتی.



وشە - رامیار جەواد