ناوەندی بڕیار بێ هەڵوێستە
باڵی قۆرخكار گۆڵێكی تریان لە ناوەندی بڕیار كرد

:: AM:11:37:16/10/2016 ‌


هەرچەندە باڵی ناوەندی بڕیاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناڕەزایی زۆری بەرامبەر ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەربڕی، بەڵام باڵی قۆرخكار دوێنێ كۆبوونەوەكەی ساز كرد و راگەیەنراوێكیشی بڵاو كردەوە، ناوەندی بڕیاریش بێ هەڵوێستە، هەرچەندە بەپێی پێڕەوی یەكێتی كۆبوونەوەكە نایاسایی بوو، بەڵام باڵی قۆرخكار واقیعێكیان سەپاند و ناوەندی بڕیاریش تا ئێستە هەڵوێستێكی ڕوونی نییە.

دوێنێ شەموو باڵی قۆرخكاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ئامادەبوونی 33 ئەندامی سەركردایەتی لە كۆی 51 ئەندام، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی ئەنجام دا و دواتریش راگەیەنراوێكی نەرمیان بڵاوكردەوە.

سەرچاوەیەك لە ناوەندی بڕیاری یەكێتی بە "وشە"ی گوت: باڵی بنەماڵە توانییان قسەی خۆیان بهێننە دی و بێ حیسابكردن بۆ ئێمە، واقیعێكیان سەپاند، ئێمەش تا ئێستە ڕوون نییە كە هەڵوێستمان بەرامبەر ئەو كارە نایاسایییەی ئەوان چی دەبێت؟.

هەروەها گوتی، بەپێی مادەی 27 و 28ی پێڕەوی یەكێتی كۆبوونەوەكە بە تەواوی نایاسایی بوو، بەڵام ئەوان وەك چۆن هەموو جومگەكانی یەكێتییان قۆرخ كردووە، ئیتر ئەم كارەشیان كردووە و بۆیان چووە سەر، بەوشێوەیە دەیانەوێ هەم كارەكانی خۆیان بكەن، هەم لە رێی راگەیەنراوە نەرمەكەیان هەڵوێستی ناوەندی بڕیار بێ بایەخ بكەن، واتە ئەگەر ناوەندی بڕیار هەڵوێستێكی توندیان هەبێ، ئەوان ئاماژە بەوە دەكەن كە لە راگەیەنراوەكەدا بە نەرمی و بێ هیچ گرژییەك ویستوویانە كێشەكانی یەكێتی چارەسەر بكەن، ئەمە روونتر بڵێن گۆڵێكی تر بوو كردیان.

لەوبارەیەوە "وشە" پێوەندی بە حاكم قادر حەمەجان ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و یەكێك لە سەركردەكانی باڵی ناوەندی بڕیار كرد.

حاكم قادر گوتی، من هیچ لێدوانێك نادەم، تەنیا كاك كۆسرەت لە رێی راگەیەنراوی خۆیەوە، هەڵوێستەكانی ناوەندی بڕیار ڕادەگەیەنێت.

جێی باسە دوێنێ شەموو كۆسرەت ڕەسووڵ دوای بەستنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە دا، ئەو گیانە ناحزبییە دۆخی شێواندن و لاوازكردنی یەكێتی ساز دەكات، جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتی ئاگەداری هەموو لایەك بەگشتی و دڵسۆزانی یەكێتی دەكاتەوە كە هۆشیار بن لەو ئاراستەیەی كە دەبنە هۆی لێكترازان و ئۆباڵەكەیشی دەخەینە ئەستۆی ئەنجامدەرانی ئەو كۆبوونەوەیە.

دەستەواژەی "باڵی قۆرخكار" بۆ باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لەلایەن "باڵی ناوەندی بڕیار"ەوە پێیان بڕاوە، خۆشیان ناویان لەو باڵە ناوە "باڵی زۆرینەی مەكتەبی سیاسی.

هەروەها ئاماژەی داوە، لە مەودوا جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی و هەڤاڵانی لە دڵسۆزی بۆ یەكێتی و داهاتووی، ناچارن بۆ دەربازكردنی یەكێتی لەو گێژەنە و لە حاڵی لاوازی و بێ توانایی هەنگاوی پێویست بنێن، تا یەكێتی وەك هەمیشە بتوانێ بە ڕۆڵی خۆی هەڵسێ لە چارەسەركردنی كێشەكانی كوردستان.

ڕۆژی یەكی ئەیلوول/سێپتێمبەر، باڵی كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی، "ناوەندی بڕیار"یان پێك هێنا، لە راگەیەنراوێكدا ناوەندی بڕیاریان بە خاوەنی بڕیاری شەرعی یەكێتی زانی و باڵی هێرۆ برایم ئەحمەدیان بە ئەنجامدانی سەفقەی ژێر بە ژێر بۆ هەڵوشینی سامانی خەڵك و پاوانكاری یەكێتی و هەوڵدان بۆ بنەماڵەكردنی حزبەكە تۆمەتبار كرد، رۆژی دواتر هەینی دووی ئەیلوول/سێپتێمبەر باڵی هێرۆ برایم ئەحمەد لە دەباشان كۆ بوونەوە و دواتر لە راگەیەنراوێك لە ژێر ناوی "زۆرینەی مەكتەبی سیاسی" خۆیان بە خاوەنی بڕیاری شەرعی یەكێتی ناساند و داوای هەرچی زووە بەستنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان كرد، هاوكات لە دوێنێوە شاندێكی پاسدارانی ئێران گەیشتوونەتە سلێمانی و هەوڵی نێوەندگیری هەردوو باڵەكە دەدەن.

وشە/تایبەت.


وشە - كوردۆ شابان