كۆچه‌ر ئه‌بوبه‌كر شاعیر و نووسه‌ر كه ده‌مێكه ئاوێزانی شیعر بووه و چه‌ند خه‌ڵاتێكی شیعریشی به‌ده‌ست هێناوه. هه‌ر له زووه‌وه تێكه‌ڵی خوێندنه‌وه بووه و دواتر له‌رێی هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه‌وه كانیاوی شیعری ته‌قیوه‌ته‌وه. ئه‌و له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا باس له كاریگه‌رییه‌كانی شیعر بۆ سه‌ر تاك ده‌كات و پێی وایه مۆدێرنیزم كاریگه‌ریی خراپی بۆ سه‌ر شیعر هه‌بووه.
شیعر چۆن كار له وه‌رگر ده‌كات؟ هه‌ندێك پێیان وایه له‌ڕێی زمانی شیعرییه‌وه كه گه‌یه‌نه‌ره بۆ وه‌رگر، هه‌ندێكیش پێیان وایه زمان به‌ته‌نیا توانای گه‌یاندنی نییه و ناتوانێ جوانییه‌كان له شیعردا نه‌قڵ بكات، ئێوه له‌مباره‌یه‌وه چی ده‌ڵێن؟
مه‌به‌ستت له چ جۆره وهرگرێكه، ئێمه خاوه‌نی زیاتر له جۆرێك وه‌رگرین، خوێنه‌رانێكمان هه‌ن به‌دوای چێژهوهن، هه‌مانه به‌دوای نووسینێكهوهن له‌سه‌ر خه‌تی زه‌مه‌ن وه‌ستابێ، هه‌مانه به‌دوای كه‌شفكردنی مانای شیعره‌وه‌ن.. هتد، به‌پێی سه‌رده‌مه‌كانیش جۆری خوێنه‌ر له گۆڕان و جووڵه‌دایه، شتێك نییه به نه‌گۆڕی بمێنێته‌وه، له‌هه‌ر سه‌رده‌مێكدا ئه‌ده‌بێكی تایبه‌ت دێته ئاراوه‌و كار له وه‌رگر ده‌كات، ڕه‌نگه ئه‌وه‌ی ده‌یه‌یه‌ك به‌ر له ئێسته سه‌نته‌ر بووبێ ئێسته له په‌راوێزدایه، نووسه‌ر به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ خوێنهرگهلێكدا رووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه كه هه‌ڵگری رۆشنبیری و په‌روه‌رده و دنیابینی جیاوازن. نووسین به‌ته‌نیا زمان و گوتنه‌وه و دووباره‌كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك وشه و چه‌مك و بۆچوون نییه، به‌ڵكو دۆزینه‌وه و ناسینی مانا و واتا و ته‌كنیكی نوێیه، هاوكات پێم وایه دوور له زمان و وێنه و موزیك، شیعر وه‌ك زیندانێك ده‌مێنێته‌وه. هه‌موو وهرگرێكیش مانا ناس نییه، مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی چێژی له خوێندنه‌وه‌ی ده‌قێك وه‌رگرت ئیتر ئه‌وه خوێنه‌رێكی باشه. پێویسته خوێنه‌ر بناس بێت بناسی ده‌ق. شیعر به‌رده‌وام ده‌بێت پرسیار دروست بكات و پرسیاری هه‌بێت نه‌ك وه‌ڵام، گرفتی وه‌رگر و خوێنه‌ری ئێمه ئه‌وه‌یه به‌رده‌وام چێژ و حازرخۆری ده‌وێت، ئه‌و جۆره ده‌قه‌شی كه بهمهعریفهیهكی قووڵ و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی قووڵه‌وه ده‌نووسرێت، هه‌میشه خوێنه‌ریان كه‌مه و په‌راوێز خراون. ته‌نانه‌ت لێكۆڵه‌ر و ره‌خنه‌گرانیش توانا و تاقه‌تی ته‌ئویلكردنی ئه‌و جۆره ده‌قه‌یان نییه، بۆیه زۆر جار ئه‌و ده‌قانه ون ده‌بن و بهنهخوێندراوهیی ده‌مێننه‌وه.
دژی ئه‌وه‌م كه نووسه‌ر بیر له چێژ و جۆر و چۆنایه‌تی حه‌زی خوێنه‌ر بكاته‌وه، به‌لامه‌وه گرنگ نییه كێ ده‌قی من وه‌رده‌گرێ و كێش ره‌تی ده‌كاته‌وه، چونكه دواجار من خۆم ده‌خه‌مه سه‌ر كاغه‌ز، من ئه‌وه‌م. بۆ ئه‌وه‌ی باڵانسی ژیانم راگرم ده‌نووسم، بۆ ئه‌وه‌ی بمێنمه‌وه ده‌نووسم. پێویسته نووسه‌ر كه‌ناڵێك و دیدگه و زمانی خۆی هه‌بێت، كه ده‌ڵێم تایبه‌ت به‌خۆی بێگومان به تێكه‌ڵبوون و كاریگه‌ری نووسه‌رانی تر، به‌ڵام به‌تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌وه، ئه‌گه‌رنا ئه‌ده‌ب به‌گشتی پرۆسه‌یه‌كی دووباره و لێكچووه.
ئه‌و تێكشكاندنانهی مۆدێرنیزم پێی هه‌ستا بریتی بوو له به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌موو رواڵه‌ته‌كانی هاوسۆزی و كۆمه‌ڵایه‌تییه گه‌رموگوڕه‌كان، ته‌نانه‌ت ئه‌مه وایكرد كاریگه‌ری له‌سه‌ر شیعر دروست بێت، شیعر به‌رگێكی تری به‌به‌ردا كرا، تۆ ئه‌م دیارده‌یه چۆن ده‌بینی؟
هه‌ست بهغهمگینی ده‌كه‌م له‌باره‌ی ئه‌و ڕه‌وشه، له‌شكری مۆدێرنیزم زه‌برێكی توندی له گه‌رموگوڕی و جوانییه ڕاسته‌قینه‌كان دا، قووڵایی و تۆخی ڕه‌نگه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی خێرا تێده‌په‌ڕن، له ده‌رئه‌نجامدا شتێك دروست بووه به‌ناوی كرچوكاڵی و هه‌ژاریی جوانیی. هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی پێشتر پێداویستی رۆحی ئێمه و دروستكه‌ری خۆراكی رۆحی ئێمه بوون ئێسته گۆڕاون بۆ كۆمه‌ڵێك كه‌ره‌سته‌ی ره‌قی بێ رۆح.
ئێمه شوێنكه‌وته‌ی رۆژئاواین و تا ئاستێكی زۆر له رووی ته‌كنه‌لۆجیا و جۆری ژیانه‌وه گه‌یشتووین به رۆژئاوا، ئێمه پێشكه‌وتووین، به‌ڵام به فیكر و دنیابینی ئه‌وان، به دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانی ئه‌وان، به‌رده‌وام ئه‌وان هه‌نگاو ده‌نێن و ئێمه دوایان ده‌كه‌وین، ئه‌وان ده‌ست بۆ نادیاره‌كان ده‌به‌ن و خه‌ریكی تازه‌گه‌ری و كه‌شف و دۆزینه‌وه‌ی نادیاره‌كانن و ئێمه دۆزه‌ره‌وه و كهشفكراوهكانی ئه‌وان به‌كار ده‌هێنین و حازرخۆرین. ئه‌م شوێنكه‌وتنه به‌ده‌ر نییه له ئه‌ده‌ب و به‌تایبه‌ت شیعر. مۆدێرنیزم دنیای به‌ره‌و پێشكه‌وتن برد، به‌ڵام شیعری ساردوسڕ كرد، گه‌رموگوڕی و قووڵایی لێ وه‌رگرته‌وه، به‌تایبه‌تی شیعری كوردی به‌ره‌و په‌رش و بڵاوی و شێواوی چووه.
هه‌ست به پێوه‌ندییه‌كی نوێ و قووڵ ناكرێت له نێوان زمان و فیكر و شته‌كاندا، بنه‌ما و بنچینه‌یه‌كی سێنتراڵی له ده‌قدا نابینی. شیعری ئێمه به‌مه‌به‌ستی چوونه ناو دنیای مۆدێرنه‌وه، یان راستتره بڵێم دنیای نووسینی مۆدێرنه‌وه پێیه‌كانی به‌رز كردووه‌ته‌وه به‌مه‌به‌ستی هه‌نگاونان، به‌ڵام نازانێ پێی له كوێدا دابنێ، ئاراسته‌ی هه‌نگاوه‌كانی چۆن و ڕوو له كوێ بنێ. تا ئاستێك مومكینه به شیعری نوێی كوردی بڵێین به‌نیازه هه‌نگاوه‌كانی بنێ به‌ره‌و شیعری خۆرئاوا، به‌ڵام وه‌ك فیكر نا، به‌ڵكو وه‌ك داڕشتنه‌وه. شاعیری ئێمه به‌ده‌ست ئه‌و زمانه‌وه گیری خواردووه كه ده‌یه‌وێ وه‌ك شێواز و فۆرمی نوێ پێی بنووسێت، ئه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستی من له قه‌ڵه‌مه گه‌وره‌كان نییه كه له په‌نجه‌كانی یه‌ك ده‌ست تێپه‌ڕ ناكه‌ن، به‌ڵكو له‌سه‌ر باو قسه ده‌كه‌م. مۆدێرنیزم فۆرمێكی نوێی به‌نووسین به‌خشی، فۆرمێك كه نووسین نووسینی ژیانی شوقهنشینییه، شته‌كان ئاسان و بێ قووڵبوونه‌وه و ناوهڕۆك به‌شێوازێكی خێرا خۆیان ده‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه. سه‌پاندنی تازه‌گه‌ری و خواستی بوون به تازه‌گه‌ر، گرفتێكه وا له شیعری كوردی ده‌كات ئێسته كه‌موكورتی تێبكه‌وێت، شیعری نوێ پێویستی به دنیا بینی نوێ و ڕۆشنبیریی نوێ و ته‌كنیكی نوێ هه‌یه. شیعری ئێمه له‌پێناوی خواستی بوون بهتازهگهر چووه‌ته سه‌ر هێڵه خێراكه و به‌رده‌وام ئاڵۆز و ئازارچه‌شتوو و ماندووه، به‌ناوی تازه‌گه‌ری و یاخیگهرییهوه نزیكه بگاته قۆناغی بێ ئاكاری و رۆح و فیكر په‌راوێز بخات و به‌رده‌وام هه‌ست ده‌كه‌یت دنیا به‌ستوویه‌تی. شیعری ئێمه لانی كه‌م چاره‌كه سه‌ده‌یه‌كی ده‌وێت تا خۆی بگرێت و له‌و سه‌ر لێشێواوییه قوتاری بێت.
وه‌ك له زۆربه‌ی شیعره‌كانی ئێوه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت باسی ژن یه‌كێكه له په‌یامه گشتییهكانتان. ئایا ئه‌مه به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه كه خۆتان ژنن یان ده‌تانه‌وێ له‌ڕێی شیعره‌وه په‌یامی بهژنبوون له كۆمه‌ڵگه‌ی خۆماندا بگه‌یه‌نن؟
ئه‌م پرسیاره زیاتر له‌وه هه‌ڵده‌گرێت له چوارچێوه‌ی وه‌ڵامێكدا قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام پێم وایه ناكرێ له نووسیندا پرسی ناسنامه بهێنرێته ئاراوه و به‌مه‌به‌ست كاری بۆ بكرێت و نووسه‌ر له‌كاتی نووسیندا بیر له ڕه‌گه‌ز بكاته‌وه، به‌ڵكو ده‌بێت نووسه‌ر بێ ڕه‌گه‌ز بێت و نووسین ره‌گه‌زی نووسه‌ر دیاری بكات، چونكه به‌م جۆره ناسنامه خۆی ده‌كه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه به‌تایبه‌تی ناسنامه‌ی سێكسوالێتی، به‌ڵام هاوكاتیش ئه‌وه‌تا تۆ وه‌ك خوێنه‌رێك دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌یته‌وه كه باسی ژن یه‌كێكه له په‌یامه گشتییه‌كانی نووسینی من. ژنه نووسه‌رێكی رۆژئاواییم بیر كه‌وته‌وه كه ده‌ڵێت: -ئێمه وه‌ك ژن له دایك نابین، به‌ڵكو ده‌كرێین به ژن.
هه‌رچۆنێك بێت نووسه‌ران زاده‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كن كه تێیدا سیستم و یاسا‌و ئاین تا ئاستێكی زۆر نێرینه بووه و به درێژایی چه‌ندان سه‌ده ئه‌مه درێژ بووه‌ته‌وه و ژنان وه‌ك كه‌مینه چاویان لێ كراوه و هه‌لومه‌رجه‌كان بۆ ژنان له‌بار نه‌بوون، له‌ناویشیاندا ژنانی نووسه‌ر نه‌یانتوانیوه به‌مانا بنووس بن و هه‌بن، هه‌رچه‌نده له‌دوای ده‌وری رۆشنگه‌ری و رێنیسانسه‌وه تا ئاستێك هه‌ندێك گۆڕانكاری بۆ ژنانی نووسه‌ر ده‌سته‌به‌ر كرا، به‌ڵام له‌وه به‌دواش چه‌ندان سه‌ده‌ی ویست تا گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی هاته ئاراوه، ته‌نانه‌ت ژنه نووسه‌ره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه له‌ژێر ناوی خوازراو و له‌ژێر ناوی پیاوێكدا نووسینه‌كانیان په‌خش كردووه. تا ئێسته‌شی له‌گه‌ڵدا بێت لهكۆمهڵگهكاندا جیاوازی نێوان ژن و پیاو له ڕوی چین و ره‌نگ و ئایدۆلۆجیا و جۆری ژیانه‌وه شتێكی روونه.
لێره‌وه‌یه كه ژنانی نووسه‌ر له نووسیندا پرسی جێنده‌ر وه‌ك پێویستییه‌كی ئه‌زموونی، وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی راسته‌وخۆی كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتووری، په‌روه‌رده‌یی و تا ئاستێك سیاسیش به‌كار ده‌هێنن، لێره‌وه‌یه ره‌گه‌ز و تاك باوه‌ڕی له‌مباره‌دا پتر خۆی زه‌ق ده‌كاته‌وه.
به‌ده‌ر له هه‌موو ئه‌مانه‌ش شێواز و نووسینی ژنێك جیاوازه له هی پیاوێك، چۆنایه‌تی و ئه‌ندێشه و بیر‌و ده‌ربڕین و گوزارشتكردنی ژنان جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ هی پیاوان، ته‌نانه‌ت له باسكردنی هێڵه گشتییه‌كانیشدا زمانی ژنێك جیایه له زمانی پیاوێك. به‌م پێیه ره‌نگه شتێكی نامۆ نه‌بێت ژنێك ژنانه بنووسێت و ده‌ست له‌سه‌ر سكی دابنێ و پێی وابێ له گه‌ردوون دووگیانه، ده‌ست بخاته سه‌ر مه‌مكی و پێی وابێ دنیا له جه‌سته‌ی ئه‌مدا دروست بووه، ئێمه‌ی ژنان خۆمان خۆش ده‌وێ و بڕوامان به جوانی و به‌رده‌وامی و پابه‌ندبوونی دنیا هه‌یه به خۆمانه‌وه.
به‌م پێیه جیاكردنه‌وه و قسه له‌سه‌ركردن و نیشانه‌ی پرسیار خستنه‌سه‌ر ژنانه نووسینی ژنان ده‌كرێت به‌رانبه‌ر بێت له‌گه‌ڵ قسه‌كردن له‌سه‌ر پیاوانهنووسی پیاوان، ده‌كرێت به‌هه‌مانشێوه قسه له‌سه‌ر پیاوانه‌بوونی ئه‌ده‌بی پیاوان بكه‌ین، چونكه نووسینی پیاوانیش مۆركی جێنده‌ری پێوه دیاره. بۆچی پیاوانیش له نووسینه‌كانیاندا هه‌میشه پیاون؟
مه‌به‌ستمه بڵێم ژنانه نووسینی من پێوه‌ندی نییه به پرسی ژن و چه‌مكی باوی فێمینیزمی، یان راستتره بڵێم نامه‌وێ نووسین به‌كار بێنم بۆ به‌ده‌ستهێنانی یهكسانیم له‌گه‌ڵ پیاودا. راسته هه‌ندێك جار سیستمی نێرسالاری ده‌خه‌مه ژێر پرسیاره‌وه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ژنانه نووسینی من هه‌وڵدانێكه بۆ ئافراندنی زمان و سیمبۆل و ته‌كنیك و دیدێك كه له خزمه‌تی ستاتیكادا بێت. پێم وایه نووسینی هه‌ندێكی كه‌م له ژنان، نه‌ك ژنانه نووسین، زاده‌ی وشیارییه‌كی ژنانه‌ی جیاوازه له ره‌خنه‌یه‌كی فێمینیزمی كه به‌رپه‌رچی یاسا و دنیا و هه‌ڵسوكه‌وتی پیاوان ده‌داته‌وه، هه‌وڵدانه بۆ داڕشتنه‌وه و دروستكردن و ناساندنی ئه‌ده‌بێكی تۆكمه و جوان. نووسینی من پێوه‌ندی به خۆناسین و گه‌ڕان به‌دوای شوناس و وردبوونه‌وه هه‌یه له خود. هه‌نگاونانه به‌ره‌و جوانیناسی. ژنایه‌تییه له زمان و ده‌قدا، به‌رپه‌رچی یاسا و رێسا و فۆرمی پیاوانه‌ی دژ به ژن نییه.
وشه/ دیمانه- دانا و هه‌ورین