ئاماژەكانی ئارەقەكردن لە كاتی هەستكردن بە سەرما

:: PM:06:15:25/06/2019 ‌

ئارەقەكردن شتێكی ئاساییە و یەكێكە لە فرمانەكانی پێست و تیایدا لەش پارێزگاری لە پەلەی گەرمی خۆی دەكات و خۆشی لە چەند مادەیەك رزگار دەكات وەك خوێ و ژەهرەكان، بەڵام هەندێك جۆری ئارەقەكردن رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ بوونی كێشەیەكی تەندروستی وەك لە خوارەوە:

یەكەم/ دابەزینی رێژەی شەكر لە خوێن، ئەوكاتانەی ژەمەكانی خۆراك لە كاتی خۆیان ناخۆین، رێژەی گلوكۆز لە خوێندا كەم دەبێتەوە و ئەدرینالین بەرهەم دێت وەك هەوڵێك بۆ قەرەبووكردنەوەی كەمی سەرچاوەی خۆراك و ئەوكات لەگەڵ ئەنسۆلیندا تێكەڵ دەبێت، بەوەش شێوان لە لەشدا دروست دەبێت، بەتایبەتی ئارەقەكردن و هەستكردن بە سەرما. 

دووەم/ كێشە لە رژێنی دەرەقی، ئارەقەكردن لە هەموو كەشێكدا رەنگە نیشانەیەك بێت بۆ زیادی چالاكی رژێنی دەرەقی كە هۆڕمۆنێك دەردەدات بۆ كۆنترۆڵكردنی چۆنیەتی بەكارهێنانی وزەی ئەمباركراو و هەستیاری لەش بۆ هۆڕمۆنەكانی تر رێك دەخات، بۆیە ئەگەر ئەو حاڵەتەت هەبێت چەند نیشانەیەكی لابەلات لەسەر دیار دەكەوێت لە نێوان ئارەقەكردنی بەردەوام و كێشەی دڵ و پووكاوەیی ئێسك.

سێیەم/ كاریگەری چەند جۆرە دەرمانێك، ئەوكاتەی هەست بە ئارەقەكردن دەكەین لەكاتی سەرمابووندا، پێویستە تێبینی ئەو دەرمانانە بكەیت كە وەری دەگریت، لەوانە دژە خەمۆكی و پەستانی بەرزی خوێن و ئەنفلەوەنزا و وشكبوونی دەم.

چوارەم/ نیگەرانی، شارەزایان بۆیان دەركەوت كە ئارەقەكردن لەكاتی سەرمابوون یەكێكە لە دیارترین نیشانەكانی ترس و تۆقین و نیگەرانی كۆمەڵایەتی كە هۆڕمۆنەكانی نیگەرانی پلەی گەرمی لەش و تێكڕای لێدانی دڵ بەرز دەكەنەوە و رژێنەكان بۆ ساركردنەوەی لەش ئارەقە دەردەدەن. 

پێنجەم/ شێوانی زۆر ئارەقەكردن، ئەو كەسانە بەدەست ئارەقەكردنێكی زۆر و بەردەوام دەناڵێنن لە دەموچاو و ناو لەپی دەست و ژێر باڵ و پێیەكانیان و لەشیان رۆژانە 4-5 لیتر ئاو لەدەست دەدات و تووشی مەترسی وشكهەڵاتن دێنەوە و پێویستە ئازی زۆر بخۆنەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل