رێژەی بێ ئایینیی لە وڵاتانی عەرەبی هەڵدەكشێت

:: PM:08:55:03/07/2019 ‌
بەپێی توێژینەوەیەك لە 10 وڵاتی عەرەبی رێژەی بێ ئایینی رووی لە زیاد بوون كردووە، هاوكات خەڵكی ئەو وڵاتانە وەك ساڵانی پێشتر دژ بە هاوسەرگیری هاوڕەگەزی نین و مافەكانی ژنانیش زیاتر قبوڵ دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم سێی تەمووز، كەناڵی "بی بی سی" دەرئەنجامی راپرسییەكی بڵاوكردەوە كە لەماوەی كۆتایی ساڵی 2018 تا بەهاری 2019 لە 10 وڵاتی عەرەبی ئەنجامیان داوە، تیمی سەرپەرشتیاری راپرسییەكەیش دڵخۆشی خۆیان لە بارەی ئەنجامەكە ناشارنەوە.

راپرسییەكە وڵاتانی عەرەبی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیای گرتووەتەوە و بەیەكێك لە گەورەترین و وردترین راپرسی دادەنرێت كە تێیدا گفتوگۆی مافەكانی مرۆڤ و پرسی كۆچ و تەناهی و سێكس و ئایینی تێدا كراوە و تۆڕی عەرەب بارۆمیتر راپرسیەكەی ئەنجامداوە و 25 هەزار كەس تێیدا بەشداریان كردووە.
 
 بەپێی دەرئەنجامی راپرسیەكە بێت، لە دوای 2013 رێژەی ئەوانەی خۆیان بە "بێ ئایین" دەناسێنن لە 8% بۆ 13% زیادی كردووە، لەمەشدا تونس لە پلەی یەكەم دێت، رێژەكەی 30%ی تێپەڕاندووە و دوای ئەویش لیبیا دێت بە رێژەی 25%، لە میسڕیش رێژەی بێ ئایینان دوو هێندە زیادی كردووە و لە مەغریبیش بۆ چوار هێندە بەرز بووەتەوە، بەڵام لە یەمەن رێژەی بێ ئایینان كەمی كردووە، لە 2013 رێژەكە 13% بوو، بەڵام ئێستە تەنیا 5%ە.


وشە - فه‌رمان سادق