بەمشێوەیە دوای لە دایكبوون پێستی ورگت توند بكەوە

:: PM:03:36:06/07/2019 ‌
بوون بە دایك هەستێكی تایبەتە، بەڵام لە سەرەتای دروستبوونی كۆرپەڵە تا دوای لەدایكبوونی چەندان گۆڕانكاری لە لەشدا روو دەدات، یەكێك لەو گۆڕانكارییانەی كە بەچاو دەبینرێت گەورەبوونی ورگە. دوایی لە دایكبوونی كۆرپەڵە ورگ دەست دەكات بە  شلبوونەوە و شۆڕبوونەوە، بۆیە پێویستە لەم كاتەدا ئەو هەنگاوانە ئەنجام بدرێت كە یارمەتی گەرانەوەی پێستی ورگ دەدەن بۆ باری ئاسایی خۆی. زۆر هۆكار هەن كە وا دەكەن پێستی  ورگ بەخێرایی بگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی وەك وەرزشكردنی زۆر یان جووڵەی زۆر لەكاتی دووگیانیدا و پێكهاتەی ئێسك . ئەمانەش چەند كردارێكن كە یارمەتی گەڕانەوەی ورگ دەدەن لەدوای لەدایكبوون بۆ باری ئاسایی خۆی.

یەكەم: دەست بكە بە وەرزشكردن، ئەگەر بتەوێت ورگت بەخێرایی بگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی ئەوە پێویستە وەرزش بكەیت كە لە لایەن پزیشكەوە رێپێدراو بێت. باشتر وایە وەرزشی یۆگا یان رۆیشتن بە پێ ئەنجام بدرێت، باشتر وایە لە قۆناغەكانی دووگیانیدا بەتایبەتی سێ مانگی كۆتایی ئەو وەرزشانە بكرێت كە دەبنە هۆی جووڵانی لەش بە گشتی.

دووەم: ئاو زۆر بخۆرەوە، رێیەكی تر كە یارمەتی توندكردنەوەی پێست دەدات ئاو خواردنەوەی زۆرە، ئاو نەك تەنیا یارمەتی شێدار هێشتنەوەی لەش دەدات، بەڵكو لاستیكی پێست باشتر دەكات، ئەگەر ئاوی پێویستت لە لەشدا هەبێت پێست باشتر دەبێت  و توانای چوونەوە یەكی زیاتر دەبێت و چەوری زیاتر دەسووتێنێت رێ لە زیادبوونی ورگ دەگرێت.

سێیەم: ماسكی زبر بەكار بهێنە، كاتێك خۆت دەشۆیت ئەو ماسكانە بۆ ورگت بەكار بهێنە كە یارمەتی لابردنی خانە مردووەكانی پێست دەدەن، چونكە رێیەكی باشە بۆ توندكردنەوەی پێست سوڕی خوێن چالاك دەكات و ئەمەش وادەكات پێست باشتر بێت. نەك تەنیا پێست بە دروستی دەهێڵێتەوە، بەڵكو پاڵ بە خانەی نوێوە دەنێت بۆ رووی پێست.

چوارەم: پرۆتین و چەوری دروست بخۆ، وەك دەزانین پرۆتین و چەوری دروست یارمەتی بنیاتنانی ماسولكەكان دەدەن. پرۆتین كۆلاجینی تێدایە كە پێویستە بۆ توندكردنەوەی سك، ئەگەر پرۆتینت بەكار هێنا، باشتر وایە وەرزش بكرێت هەروەها كێشت رێكبخرێت. لەهەمان كاتدا پرۆتین پێویستە بۆ ئەو ژنانەی كە شیر بە كۆرپەڵە دەدەن.

پێنجەم: شیردان، یەكێكە لە سەرچاوە خۆراكییە نایابەكان بۆ كۆرپەڵە هەروەها سوودێكی زۆر بە دایك دەگەیەنێت، ئەو كالۆرییەی لە لەشدا هەیە دەگۆڕێت بۆ شیر بەمەش یارمەتی كەمكردنەوەی كێشی لەش دەدات و پێست توند دەكاتەوە. ئەو ژنانەی كە شیر دەدەن بە كۆرپەڵە كێشیان ئاساییە لەچاو ئەو ژنانەی شیر نادەن.

شەشەم: زەیتە سروشتییەكان، زۆر جۆری زەیت هەیە كە یارمەتی چاكبوونەوەی پێست دەدەن بەهۆی تایبەتمەندی دژە ئۆكسیدەوە هەروەها تایبەتمەندی دژە هەوكردن. زەیتی باوی كشان و دڕانی پێست كەم دەكاتەوە كە لەكاتی دووگیانیدا تووشی ران و سك دەبێت. زەیتی گوێز هیند و جۆجۆب ئەگەر سكی پێ بشێلرێت یارمەتی توندكردنەوەی سك دەدات لەدوای لەدایكبوونی كۆرپەڵە.

ئەمانە تەنیا چەند نموونەیەكن بۆ كەمكردنەوەی نیشانەكانی درێژبوونی و كشانی پێست و ناڕێكی پێست گۆڕینی شێوەی ئاسایی پێست.



وشە - ئاوات ئازاد