تانكی ستیل جێ بە تانكی پلێت لێژ دەكات

:: PM:04:34:06/07/2019 ‌

هاووڵاتییان بۆ هەڵگرتنی ئاوی خواردنەوە، سوودیان لە تانكی جۆری پلێت بینیوە و زۆربەی سەربانەكان ئەو تانكییەیان لەسەر دەبینرێت، بەڵام ماوەی دوو ساڵ دەبێت تانكی ستیل كە جۆرەكەی باشترە و كوالێتی بەرزترە، جێی تانكی پلێتی گرتووەتەوە و بەتایبەت ئەوانەی تازە خانوو دروست دەكەن یان تانكییەكەیان كۆن بووە، تانكی ستیل دەخەنە جێیەكەی.

خراپترین تایبەتمەندیی جۆری تانكی پلێت ئەوەیە ژەنگ دەگرێت و دەبێت ساڵانە لانی كەم دوو جار بشۆرێن و لە ژێر تانكییەكان قەوزە و پیسی كۆ دەبێتەوە، بەڵام لە تانكی ستیل ئەمە روو نادات.

 
 خاوەنی كارگەیەكی دروستكردنی تانكی دەڵێت، ئێستە زۆرترین خواست لەسەر ئەو جۆرە تانكییەیە كە ستیلە و جۆرێكی باشە و نرخی گونجاوە، فرۆشی مانگانەیان لە نێوان 15 بۆ 25 تانكییە لە قەبارەی جۆراوجۆر.

وەستا عەتا عەبدوڵا خاوەنی كارگەی دروستكردنی تانكی بۆ "وشە" ڕای گەیاند، تانكی ستیل كە ئێستە لە بازاڕەكاندا هەیە، جۆرێكی نوێ و باش و كوالێتی بەرزە، ئەو جۆرە تانكییە شتێكی نوێیە و لە داهاتوودا بەهۆی باشی و تایبەتمەندییەكەی جێی تانكی جۆری پلێت دەگرێتەوە، چونكە ساڵانێكە ئەو تانكی پلێتەی هاووڵاتییان بەكاری دەهێنن، چەندان كێشە و گرفتی هەیە.

ئەوەشی گوت، تایبەتمەندیی تانكی ستیل ئەوەیە هەرگیز ژەنگ هەڵناهێنێت و بۆ شووشتن بە ئاسانترین شێوە دەشۆرێت و هیچ لەحیمی تێ ناكەوێت، بەپێچەوانەوە تانكی پلێت بە زووترین كات ژەنگ هەڵدەهێنێت و شووشتنی قورسە و لە ڕووی تەندروستییەوە مەترسیدارە، چونكە لەحیم دەكرێت، ئەمە جگە لەوەی كونبوون و تەقینی بە خێرایی تێدا ڕوو دەدات.

تانكی ستیل جۆرێكی نوێیە لە بازاڕەكان، ئەگەرچی تا ئێستە زۆر نەناسراوە، بەڵام دیسان خواستی زۆری لەسەرە لەلایەن هاووڵاتییانەوە و ئێستە هەر كەسێك خانووی نوێ بكاتەوە، یان تانكییەكەی تری خراپ بێت، تانكی جۆری ستیل دەكڕێت.

تانكی ستیل چەند جۆرێكی هەیە كە لە حەوت بەرمیلی دەست پێ دەكات تا 15 بەرمیلی، واتە لە هەزار و 400 لیترەوە دەست پێ دەكات تا سێ هەزار لیتر، نرخەكانیشی لە 280 هەزار دینارەوە دەست پێ دەكات تا 440 هەزار دینار، دەتوانرێت بە قەبارەی گەورەتر دروست بكرێت و هەر قەبارەیەك لەسەر داوای هاووڵاتییان بێت.

بەگوتەی ئەو وەستایە، تانكی ستیل بەهۆی باشی و جۆرەكەی دەتوانێ بۆ ماوەی چەندان ساڵ بەبێ تێكچوون و ژەنگهەڵهێنان بمێنێتەوە.
"یەكێك لە خراپییەكانی تری تانكی پلێت، خراپی جۆری مادەكەیەتی كە ئاسنێكی كەم كوالێتی و زیاتر بۆ بازرگانی بەكار دەهێنرێت و ئاسنەكە كوالێتی باش نییە، هەر ئەوەندە باری دارایی هاووڵاتییان باش بێت و شتەكان بچنەوە شوێنی خۆیان، كەسانێكی زۆر ئەو تانكی ستیلە دەكڕن، چونكە تا ئێستە باشترین جۆرە لە ناو تانكییەكانی تر كە دروست كراون." عەتا عەبدوڵا وای گوت.
عەلی مەحموود هاووڵاتییەكە و تانكی ستیلی كڕیوە. ئەو  بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو تانكییەی پێشتر هەیبووە، كێشەی زۆری بۆ دروست كردووە، بەتایبەت بۆ پاككردنەوە و دروستكردنی ژەنگ، تانكی پلێت بەهۆی كوالێتییەكەی، تامی ئاوی خواردنەوەش دەگۆڕێت كە بۆ مادەكەی دەگەڕێتەوە.

ئەو لەبارەی تانكی ستیل گوتی، ئەو تانكییە جۆرێكی باشە، هاووڵاتی سوودی لێ وەردەگرێت و بێ كێشەیە، دژە ژەنگە و هیچ مادەیەكی كیمیایی یان لەحیمی تێدا بەكار ناهێنرێت و گۆڕانكاری لە تامی ئاوی خواردنەوە دروست ناكات، لە كاتێكدا بەهۆی ژەنگەوە تانكییەكانی تر ڕەنگی ئاویشیان بۆ زەرد دەگۆڕی.

وشە/ سلێمانی. هۆشیار عەلی





وشە - وشه‌