كۆی توێژینەوەكانی شێخ جەمالی كڕبچنە
جۆرێك تەماتەی چاندووە لە تەماتەی ئاسایی ناچێت

:: AM:10:03:07/07/2019 ‌

داواكاری شێخ جەمال كڕبچنە لە مەسروور بارزانی

با پسپۆڕێكی كشتوكاڵی بۆ پۆستی وەزیری كشتوكاڵ دەستنیشان بكرێ


جووتیارێكی كورد دیسان لە بەرهەمهێنانی كشتوكاڵیدا داهێنان دەكات و سەرنجی بازاڕ و جووتیاران و میدیاكان بۆ لای خۆی رادەكێشێت. ئەو جۆرە تەماتەیەكی  بەرهەم هێناوە كە لەگەڵ تەماتەی ئاسایی جیاوازییەكی زۆرە و مۆڵەكانیش پێشوازییان لەم جۆرە بەرهەمە كردووە. ماوەتەوە توێژینەوەكەی پەسند بكرێت بۆ ئەوەی تۆوەكەی بخاتە بازاڕەوە و جووتیاران دەست بە بەرهەمهێنانی بكەن.

جەمال جەلال حوسێن بە توێژینەوەكانی توانیویەتی زۆر لە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لەسەر خاك و كەشوهەوای كوردستان تاقی بكاتەوە و لە زۆربەشیاندا سەركەوتنی تۆمار كردووە. ئەو كە بە شێخ جەمالی كڕبچنە ناسراوە، ساڵی  1952 لە گوندی كڕبچنەی شارەدێی سەنگاوی سەربە شارۆكەی چەمچەماڵ لەدایك بووە. ئەو لەگەڵ كاری كشتوكاڵیدا، ماوەی چەند ساڵێكە لە گوندەكەی خۆی خەریكی توێژینەوەیە و خەڵكێك زۆر سوودیان لە توێژینەوەكانی وەرگرتووە.

تەماتەی دريژ

خەریكە نوێترین توێژینەوەی ئەو جووتیارە دوای چوار ساڵ لە ماندووبوون و شەونخوونی ئەنجامی دەبێت كە بەرهەمهێنانی جۆرێك تەماتەیە قەبارەكەی لە باینجان دەچێت، بەڵام رەنگەكەی سووری خەت خەتییە و زۆر سەرنجڕاكێش و جوانە. جووتیارەكە لە یەكێك لە خانووە پلاستیكییەكان ئەم جۆرە تەماتەیەی چاندووە و لە بەرهەمهێنانەكەیدا سەركەوتنی بەدەست هێناوە، تەنیا ئەوە ماوە لیژنەی  بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی بێن و بەرهەمەكە پەسند بكەن بۆ ئەوەی تۆوەكەی لە بازاڕ بفرۆشرێت و جووتیاران تەماتەكە بەرهەم بهێنن.

تەماتەكە بە پێچەوانەی تەماتەی ئاسایی درێژ هەڵكەوتووە. شێخ جەمالیش دەڵێت بۆ دۆڵمە و رازاندنەوەی سەرسفرە و خواردنگەكان زۆر گونجاوە، هاوكات گۆشتنە و بۆ مەبەستی بەرهەمهێنانی ئاوی تەماتەش بەسوودە.

نیگەرانی ئەم جووتیارە زیاتر لەسەر ئەوەبوو لە بازاڕ پێشوازی لەم جۆرە تەماتەیە نەكرێت، بەڵام هەر لە چەند رۆژی رابردوودا ئیدارەی كارفور پێوەندی پێوە كردووە و داوای كردووە بۆ هەرسێ مۆڵەكەی لە كوردستان ئەو جۆرە تەماتەیە دابین بكات.

46  جۆر تەماتەی چاندووە
ئەوەی ئەم جووتیارە توێژینەوەی لەسەر دەكات، تەنیا یەك جۆر تەماتە نییە، بەڵكو بە دەیان جۆر تەماتە و سەوزەی تری بەرهەم هێناوە و بەردەوام وەك تاقیگەیەكی كشتوكاڵی دەیەوێ باشترین جۆری تەماتە و سەوزە بدۆزێتەوە كە لەگەڵ كەشوهەوای كوردستان بگونجێت.
هەندێك لەو جۆرە تۆوانەی لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا و ئەمەریكا هێناوە و لەوانەیە بەشێكیان لە تاقیكردنەوە دەرنەچن. بە گشتی 46 جۆر تەماتەی چاندووە و وەك خۆی دەڵێت، لەوانە ئەگەر پێنج جۆریان سەركەوتن بە دەست بهێنن، ئەوا دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ كەرتی كشتوكاڵی كوردستان.

شێخ جەمال جۆرێكی تری تەماتەی چاندووە كە رەنگەكەی رەشە و دەگوترێت گرانترین جۆری تەماتەیە لە هەموو دنیا، خەریكە رەزامەندی فرۆشتنی ئەم جۆرە تۆوەش لە لیژنەی كشتوكاڵی وەردەگیرێت، هەروەها رەزامەندی خستنەبازاڕی چوار جۆر تەماتەی تر بە ناوەكانی سەنگاو، كەسنەزان، چەرموو و شانەدەر بەو جووتیارە دراوە كە ئێستە تۆوەكەی لە بازاڕ دەفرۆشرێت.

هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی كشتوكاڵ و پارێزگاری سلێمانی و وەزیری كشتوكاڵ و سەندیكای ئەندازیارانی كشتوكاڵی، خەڵاتی رێزلێنانیان بەم جووتیارە بەخشیوە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت دەیان جووتیاری تر لە كوردستان هەن كە نموونەن، بەڵام رەنگە حەزیان لەوە نەكردبێت لە میدیا دەربچن و جووتیارانی كوردستان هیچیان لە جووتیارانی وڵاتە پێشكەوتووەكان كەمتر نییە، جیاوازییەكە تەنیا لەوەدایە ئەوان لەلایەن حكوومەتەوە پاڵپشتی دەكرێن، بەڵام لە كوردستان پاڵپشتی ناكرێن.

لە چەند رۆژی رابردوودا سەنتەرێكی بازرگانیی هۆڵەندی كۆنفرانسیان بەستووە و تیایدا گوتراوە زانستی هۆڵەندی بۆ كوردستان دەگوازنەوە، شێخ جەمالیش پێی گوتوون "پێویستیمان بە زانستی ئێوە نییە و ئێمە زانستەكەمان هەیە، تەنیا پێویستیمان بە ئامێر و تەكنەلۆجیای ئێوەیە بۆ ئەوەی لە كوردستان كەرتەكەی پێ پێش بخەین."

یەكێك لەو شانازییانەی شێخ جەمال ساڵی رابردوو تۆماری كرد، ئەوەبوو بۆ ماوەی سێ مانگ سەرجەم مۆڵەكانی كارفور لە كوردستانی لە هاوردەكردنی تەماتەی رەنگاورەنگ بێ نیاز كرد، لە كاتێكدا پێشتر ئەو مۆڵانە لە وڵاتانی دەرەوە هاوردەیان دەكرد.

جووتیارێكی دەستڕەنگینە
جووتیارەكە چەندی بڵێی دەستڕەنگینە و ساڵ بەساڵ لە بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی داهێنانی نوێ دەكات، پێشتر نۆ جۆر كاهوو یان خاس و برۆكلی بەرهەم هێناوە. دوو ساڵ لەمەوبەر جۆرێك لۆبیای بەرهەم ‌هێنا كە نیو مەتر درێژ بوو. ئەو جووتیارە ساڵی رابردووش باشترین جۆری تەماتەی كوردی بەرهەم هێنا و تۆوەكەی پەرە پێدا.

خانووە پلاستیكییەكانی شێخ جەمال بوونەتە ناوەندێكی گرینگ بۆ توێژینەوەی كشتوكاڵی و لە كاری كشتوكاڵیشدا تەنیا پشت بە خانووی پلاستیكی نابەستێت، لە زەوییەكانی خەریكی بەرهەمهێنانە و ساڵانە فاسۆڵیا، باینجان، خەیار، بامیەی سوور و گولدن بێری و برۆكڵی و كۆمەڵێك بەرهەمی تر دەچێنێت.

لە ساڵی 2009 بۆ یەكەم جار ئەو جووتیارە گولدن بێری چاند و لەو كاتەوە تاكە جووتیاریشە ئەو جۆرە رووەكە بچێنێت. ئەو توانیویەتی سەوزەی برۆكلی لە خاكی هەرێمی كوردستان بە هەردوو شێوازی خانووی پلاستیكی و كراوە بەرهەم بێنێت. شێخ جەمال چەندان داهێنانی تری كشتوكاڵیی هەیە. پێشتر بە مۆتوربەكردنی دوو جۆر گەنم توانیبووی جۆرێك لە گەنمی باشتر بەرهەم بێنێت. هەروەها لە ساڵی 2009 داهێنانێكی نوێی كشتوكاڵی ئەنجام دا و بە مۆتوربەكردنی تەماتە لەسەر پەتاتە توانی لە یەك كاتدا هەردوو بەرهەم هەڵبگرێتەوە. هەروەها سێ ساڵ دواتر جۆرە سەوزەیەكی ئەڵمانی لە كوردستان بەرهەم دێنێت كە بە گرۆن كۆل ناسراوە.

داواكاری و گلەییەكانی شێخ جەمال

شێخ جەمال دوو گلەیی زۆر سەرەكی هەبوو كە یەكێكیان ئاراستەی سەرۆكی حكوومەت كرد و گوتی، حكوومەت خۆی وەزارەتی كشتوكاڵی پشتگوێ خستووە و بودجەی بۆ دابین ناكات، لە كاتێكدا ئەگەر وەزارەتەكە بودجەی لەبەردەستدا بێت، زیاتر دەتوانێ هاوكاری جووتیاران بكات و بەم هۆیەوە كەرتی كشتوكاڵ پێش بكەوێت.

ئەو داوای لە مەسروور بارزانی كاندیدی راسپێردراو بۆ دامەزراندنی كابینەی نوێی حكوومەت كرد كە بە پێچەوانەی كابینەكانی رابردوو، با كەسێكی پسپۆڕی كشتوكاڵی جا ئەندازیاری كشتوكاڵی بێت یان ئەكادیمییەكی بواری كشتوكاڵی بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بكات، نەك ئەوەی كەسێك بێت تەنیا لەبەر ئەوەی پشكی فڵانە حزبە دیاری بكرێت كە لە كشتوكاڵ نەزانێت. ئەو گوتی لە كشتوكاڵدا كێشەی بازاڕیان هەیە، كێشەی ساردكەرەوە و چەندان كێشەی تریان هەیە كە دەبێ خەمیان لێ بخورێت.

هاوكات گلەیی لەوە كرد كە لە كوردستان رۆژنامەنووسی تایبەت بە كشتوكاڵ نییە، وەك چۆن رۆژنامەنووسێكی وەرزشی لە گۆڕەپانی تۆپی پێ زانیاری وەرزشی دەگوازێتەوە، ئاواش پێویستە رۆژنامەنووس هەبن بەردەوام لە ناو كێڵگەكانی كشتوكاڵییەوە زانیاری بۆ خەڵك بگوازنەوە .

پاشخان

كورتەیەك لە توێژینەوە و بەرهەرمە سەركەوتووەكانی

1-لە ساڵی 1995بە لێكدانی (تلقیح)ی دوو جۆر گەنم توانی جۆرێك گەنم بەرهەم بێنێت كە بە گەنمە خڕەكە ناسراوە .

2-لە ساڵی 1998 توانی نموونەی جۆرێكی تری گەنم دەستنیشان بكات كە ئێستە لە ناوچەكە بە گوڵە رەشەكە ناسراوە و گەنمێكی زۆر باشە و بۆ ساوەر شیاوە.

3—بۆ یەكەم جار لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان پلەی یەكەمی لە بەرهەمهێنانی سەوزەی خانووی پلاستیكدا بەدەست هێناوە.

4- بۆ یەكەم جار لە كوردستان لە ساڵی 2009 بۆ 2010 بەشێوەیەكی سەركەوتوو توانی داهێنانی مۆتوربەی تەماتە لەسەر پەتاتە بكات كە لەیەك كاتدا هەردوو بەرەكە بدات .

5-لە ساڵی 2010 توانی سەركەوتووانە سەوزەی برۆكلی لە خانووی پلاستیكی و دەرەوەی خانووی پلاستیكیدا بەرهەم بێنیت.

6- توانی تەماتەی خۆماڵی "تەماتەی كوردی" بباتە ناو خانووی پلاستیكی و دوای چوار ساڵ توێژینەوە لەسەر ئەو جۆرە تەماتەیە، توانی نموونەیەكی زۆر باش لە تۆوەكەی بخاتە بازاڕەوە.

7- لە ساڵی 2012 بۆ یەكەم جار لە كوردستاندا توانی گۆڵدن بێری لەناو خانووی پلاستیكدا بەرهەم بێنێت و لە ساڵی 2012 بۆ 2013 دوای چوار جار تۆێژینەوە لەسەر گۆڵدن بێری، توانی نموونەی باشترین جۆری گۆڵدن بێری لە دنیادا بەرهەم بێنیت و بیخاتە بازاڕەوە.

8— لە ساڵی 2012 بۆ 2013 توانی سەوزەی "گرۆن كۆڵ" كە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێ "كالی" و كە راستییەكەی سەوزەیەكی ئەڵمانییە و لە خێزانی كاهووە، لە كوردستان بەرهەم بێنێت .

9—لە ساڵی 2013 توانی لە كوردستان سەوزەی كربن برۆكسل بەرهەم بێنێت كە سەوزەیەكی ئەوروپییە و یەكەم جار لە ساڵی 1363ی زاینی لە بەلجیكا بەرهەم هێنراوە .

10—لە ساڵی 2013  توانی سەوزەی جاترە كە سەوزەیەكی خۆماڵییە، بەرهەم بێنێت و ساڵێك دواتر سڵقی رەنگاورەنگی بەرهەم هێنا.

11-لە ساڵی 2014 توێژینەوەی لەسەر حەوت جۆر سلقی رەنگاورەنگ ئەنجام دا، بۆ یەكەم جار لە كوردستان  توانی بە سەركەوتوویی لە زستانی ساڵی 2015 بیخاتە بازاڕ و لە پێشانگەی نێودەوڵەتیشدا خرایەڕوو. ئەو تۆوی ئەو جۆرە سڵقەی بێ بەرانبەر بە سەر جووتیاراندا دابەش كرد.

12- لە ساڵی 2014دا توێژینەوەی لەسەر فاسۆلیای رەنگ پەمەیی كرد و سەركەوتوو بووە.

13-لە ساڵی 2014 توێژینەوەی لەسەر لۆبیای مۆر ئەنجام دا و سەركەوتنی بەدەست هێنا.

14-لە زستانی ساڵی 2015 توێژینەوەی لەسەر شەش جۆر كاهووی جیاواز كردووە. هەمان ساڵ  توێژینەوەی لەسەر سەوزەی ئەڵمانی"میزۆنا" كرد.

15-لە زستانی ساڵی 2015دا توێژینەوەی لەسەر سەوزەی "باسیل" كرد و سەركەوتوو بووه و لە زستانی ئایندەدا دەیخاته بازاڕەوە .

16-لە زستانی ساڵی 2015دا توێژینەوەی لەسەر قەرنابیتی رەنگ مۆر كرد و بە سەركەوتوویی خستیە بازاڕەوە.

17-ساڵی 2015 بۆ یەكەم جار لە هەرێمدا توێژینەوەی‌ لەسەر رووەكی كەنگر كرد بە مەبەستی چاندنی ‌ ناو خانووی پلاستیكی .

18- لە‌ ساڵی 2015دا توێژینەوەی لەسەر زیاتر لە 42 جۆر تەماتەی جیاوازی هەمەڕەنگ كرد.

19- بۆ یەكەم جار لە كوردستان سەوزەی "ئەس براغس" كە بە عەرەبی بە "هیلۆن" ناسراوە چاندووە بەمەبەستی توێژینەوە .

20-هەر لە ساڵی 2015 بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی كشتوكاڵیی سلێمانی، خانوویەكی پلاستیكی گەنمەشامی شیرینی چاند و تیایدا سەركەوتوو بوو. دواتر كوولەكەی زەرد و فاسۆڵیای زەردی بۆ یەكەم جار لە كوردستان بەرهەم هێنا.


*

جووتیاری كوردستان هیچی لە جووتیاری وڵاتە پێشكەوتووەكان كەمتر نییە، جیاوازییەكە تەنیا لەوەدایە ئەوان لەلایەن حكوومەتەوە پاڵپشتی دەكرێن، بەڵام لە كوردستان پاڵپشتی ناكرێن.
*

















وشە - سلێمان تاشان