ئاو بەو پێكهاتانەوە سوودی زیاتری هەیە

:: PM:04:01:07/07/2019 ‌

ئاو پێویستە بۆ بەردەوامبوون لە ژیان و شێداركردنەوەی لەش، بەڵام ئەگەر زۆر ئاو بخۆیتەوە تا ماوەیەك هەست بە بێزاری دەكەیت و حەزی خواردنەوەی ئاوت كەم دەبێتەوە. زۆر پێكهاتەی خۆراكی هەیە كە یارمەتی ئاو دەدەن تامێك بە ئاوەكە دەبەخشن و لەهەمان كاتدا سوودێكی زیاتریان هەیە و تینوویەتی كەم دەكەنەوە. ئەمانە چەند رێیەكن یارمەتی چالاككردنەوەی ئاو دەدەن.

یەكەم: خەیار، هاوین یەكێكە لە وەرزە گەرمەكان، بۆیە لەش پێویستی بە ساردبوونەوەیە باشتر وایە چەند قاشە خەیارێك زیاد بكرێت بۆ ئەو ئاوەی كە رۆژانە دەیخۆیتەوە بۆ ماوەی 12 سەعات دایبنێ لە بەفرگردا و پاشان بەكاری بهێنە یارمەتی هێوربوونەوەی لەش دەدات و تامێك بە ئاوەكە دەبەخشێت.

دووەم: لیمۆ، یەكێكە لە میوە ترشەكان و زۆر جۆری ڤیتامینی تێدایە بە تایبەتی ڤیتامین سی بەشێوەیەكی خێرا هەڵامەت چارەسەر دەكات، توانای لە ناوبردنی بەكتریا و ڤایرۆسی هەیە و توانایی هەیە كە ڤیتامین سی زیاتر بگەیەنێت بە سیستمی بەرگری لەش و رێ لە چەندان نەخۆشی تر دەگرێت.

سێیەم: ئەنەناس و تووی دڕكانە، تێكەڵەیەكی تر كە ئاوی خواردنەوە چالاك دەكات بەكارهێنانی ئەنەناسە لەگەڵ تووتڕك یان تووی دڕكانە. ئەنەناس ژەمێكی باش ڤیتامین سی و ریشاڵی تێدایە وە تووی دڕكانە  بەهەمان شێوەی تووتڕك بڕێكی زۆر درژەئۆكسیدی تێدایە كە بەسوودن بۆ تەندروستی لەش بەگشتی تامێكی خۆش بە ئاوەكە دەبەخشن و وادەكات بڕێكی زیاتر ئاو بخۆیتەوە.

چوارەم: زەنجەفیل، ئەگەر هەرسكردنت بەهێز نەبێت لەكاتی وەرزشكردنێكی زۆر و هیلاكی، ئەوە باشتر وایە بەهێزكەری زەینجەفیل بەكار بهێنیت چونكە تایبەتمەندی دژە هەوكردنی تێدایە و  گەدە باشتر دەكات. چەند قاشە زەنجەفیلێك بكە كەمێك ئاوەوە و پاشان رۆژانە بیخۆرەوە بەم شێوەیە سیستمی هەرسی باشتر دەكات.

پێنجەم: نەعناع و خەیار و لیمۆ، رەنگە وا دیار بێت كە ئەم سێ پێكهاتەیە بۆ چێشتلێنان ئامادە كراون، بەڵام راستییەكەی وانیە زۆر بەسوودە بۆ لەش ئەگەر لەگەڵ ئاو تێكەڵ بكرێت لەش چالاك دەكاتەوە. خەیار برژانەوەی قوڕگ كەم دەكاتەوە و لیمۆ ڤیتامین سی تێدایە كە لەش لە نەخۆشی دەپارێزێت و نەعناع بۆنی دەم خۆش دەكات و سیستمی هەرسی باشتر دەكات و رێ لە دڵ تێكچوون دەگرێت.

شەشەم: هەنگوین، یەكێكە لەو پێكهاتە سروشتییانەی كە زۆر بەسوودە بۆ لەش و یارمەتی چاكبوونەوەی برین دەدات و پێست پاك دەكاتەوە و رێ لە هەوكردن دەگرێت و دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەكان كەم دەكاتەوە. دەتوانیت كەوچكێك هەنگوین لەگەل سركەی سێو ئاو تێكەڵ بكەیت، بەم شێوەیە سیستمی هەرسی باشتر دەكات و  رێ لە هەوكردن دەگرێت.

حەوتەم: یەكێكی تر لەو پێكهاتە سروشتییانەی كە بۆ ئاوی خواردنەوە زیاد دەكرێت سێو و دارچینە. سێو بەشێوەیەكی گشتی شیرینن و دەوڵەمەندن بە ریشاڵ و وادەكات هەست بە تێربوون بكەیت و دارچینیش یارمەتی رێكخستنی ئاستی شەكری خوێن دەدات و كۆڵیسترۆڵی خراپ كەم دەكاتەوە.



وشە - ئاوات ئازاد