بوومەلەرزەیەكی گەورە ئیندۆنیسیای هەژاند

:: PM:09:19:07/07/2019 ‌
بوومەلەرزەیەكی توند بە گوڕی حەوت پلەی رێختەر، كەناراوەكانی باكوری رۆژهەڵاتی دوورگەی سولاویسی ئیندۆنیسیا هەژاند، ئەمەیش وایكرد دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە باری تەنگەتاوی رابگەیەنن لە ترسی ئەگەری روودانی تسۆنامییەكی زەبەلاح.

ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی تەمووز، بوومەلەرزەیەكی گەورە بە هێزی حەوت پلەی رێختەر دوورگەی سولاویسی ئیندۆنیسیای هەژاند، بەپێی زانیارییەكانی پەیمانگەی ئەمەریكی بۆ جیۆفیزیایی، بوومەلەرزەكە لە قووڵایی 24 كیلۆمەتر لە دەریای ملووك لەنێوان باكوری سولاویسی و باكوری ملووك دەستی پێ كردووە، هاوكات ئاژانسی ئیندۆنیسی بۆ جیۆفیزیایی هۆشداری دا لە هەڵگیرسانی تسۆنامییەكی زەبەلاح، ئەمەش وایكرد دەسەڵاتدارانی وڵات باری تەنگەتاوی رابگەیەنن.

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ سەعات بەسەر بوومەلەرزەكە، هێشتا دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە هیچ زانیارییەكیان لەبارەی قەبارەی زیانە گیانییەكان و مادییەكان بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام دانیشتووانی شاری تیرناتی لە ناوچەی باكوری دوورگەی ملووك باس لە بوونی زیانێكی زۆری گیانی دەكەن.

هاوكات پەیمانگەی ئەمەریكی هۆشداری توندی دایە دەسەڵاتدارانی ئیندۆنیسیا لە بارەی باڵەخانە كۆنەكان و ئەوانەی ژێرخانیان لاوازە و مەرجەكانی لەسەر جێبەجێ ناكرێت، بەوەی وەها بوومەلەرزەیەك دەبێتە هۆی داكەتنی باڵەخانەكان.

ئیندۆنیسیا یەكێكە لەو وڵاتانەی جیهان كە ساڵانە زۆرترین رووداوی سروشتی تێیدا روودەدات، لە رووی جوگرافییەوە، ئیندۆنیسیا دەكەوێتە سەر ئەرخەبیل كە دەبێتە هێڵی یەكتربڕینی شەپۆڵەكانە و لەسەر كەمەرەی ئاگرییە لە زەریای هێمن كە ناوچەیەكە پڕ لە چالاكی بوومەلەرزە و گڕكانی بەهێزە.

لە 26ی كانوونی یەكەمی 2004، بوومەلەرزەیەكی زۆر تون دكە گوڕەكەی 9.1 پلەی رێختەر بوو، لە یەكتربڕی ئەتچە خوارەوەی رۆژئاوای ئەرخەبیلی ئیندۆنیسیا روویدا، بەهۆیەوە تسۆنامییەكی زۆر بەهێز تەواوی زەریای هێمنی گرتەوە و بەهۆیەوە 168 هەزار كەس گیانیان لەدەستدا، جگە لە زیانە مادییەكان.

ساڵی رابردووش، بوومەلەرزەیەكی تر بە گوڕی 7.5 ناوچەی بالۆی لە دوورگەی سولاویسی گرتەوە كە بەدواییدا شەپۆڵەكانی تسۆنامی هێنا، لەو كارەساتەش زیاتر لە دوو هەزار و 200 كەس گیانیان لە دەستدا و هەزارانی تریش بێ سەروشوێن بوون.


وشە - فه‌رمان سادق