ئاڵانی كوردی 65 پەنابەر رزگار دەكات

:: PM:09:23:07/07/2019 ‌
دواجار دەسەڵاتدارانی ماڵتا بڕیاری كردنەوەی دەرگای بەندەرەكانی بە رووی كەشتی ئاڵانی كوردی كردەوە كە 65 پەنابەری هەڵگرتبوو. حكوومەتی ماڵتا دەڵێ، پەنابەرەكان دەگوازێتەوە بۆ وڵاتانی تری ئەوروپی.

ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی تەمووز، حكوومەتی ماڵتا رای گەیاند، سوپای ماڵتا پێشوازی لە كەشتی ئاڵانی كوردی كردووە كە 65 پەنابەری هەڵگرتووە، كەشتیەكە یەكێكە لە كەشتیەكانی سەر بە رێكخراوێكی ئەڵمانی ناحكوومی بۆ كاری مرۆڤایەتی بەكار دەهێنرێت.

رێكخراوی سی ئای ئەڵمانی، رێكخراوێكی ناحكوومییە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی، شەوی رابردوو رای گەیاند، كەشتی ئاڵانی كوردی لە كەناراوەكانی لامبیدوسای ئیتاڵی بەرەو ماڵتا بەڕێ كەوت.

65 پەنابەرەكەی سەر كەشتیەكە، ئەوانەن پێشتر رزگار كراون، جۆزێف موسكات سەرۆك وەزیرانی ماڵتا رای گەیاند، لەگەڵ كۆمسیۆنی ئەوروپی و حكوومەتی ئەڵمانیا قسەی كردووە تا ئەو 65 كەسە رەوانەی ئەڵمانیا بكرێن و پاشان دابەشی سەر وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا بكرێن. ئەمەش لە كاتێكدایە سوپای ماڵتا لە رۆژانی رابردوودا فریای 58 پەنابەر كەوتن كە بەلەمە چووپەكەیان نزیك لەوەی ژێر ئاو بكەوێت، نیوەی زیاتری ئەو پەنابەرانەیش بەگوێرەی رێككەوتنێكی نێوان ماڵتا و یەكێتیی ئەوروپا رەوانەی وڵاتانی تر كران.


وشە - فه‌رمان سادق

ئه‌م بابه‌ته 210 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌