بی ئێم بۆ یه‌كه‌مجار پیكابێكی دروست كرد

:: PM:05:19:08/07/2019 ‌

كۆمپانیای ئه‌ڵمانی بی ئێم له‌ پاڵ ئۆتۆمبێله‌ ناوازه‌كانیدا بۆ یه‌كه‌مجار پیكابێكی دروست كرد كه‌ ئێسته‌ له‌ پێشانگا تایبه‌ته‌كانی له‌ هه‌موو دنیادا نمایشی ده‌كات.

ماڵپه‌ڕی "caricos" بابه‌تێكیان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر كۆمپانیای بی ئێم كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار هه‌ستا به‌ دروست كردنی یه‌كه‌م پیكاب و ئاماژه‌ پێ داوه‌، ئه‌مرۆ دووشه‌م هه‌شتی ته‌مووز، كۆمپانیای بی ئێم ڕای گه‌یاند كه‌ یه‌كه‌م ئۆتۆمبێلی له‌ جۆری پیكاب خسته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسامییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كۆمپانیاكه‌ هه‌مان ناوی ئۆتۆمبێلێكی مۆدێل به‌رزی لێ ناوه‌ كه‌ ئه‌ویش "ئێكس حه‌وته‌".

ئه‌وه‌یش گوتراوه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ پیكابه‌ هه‌مان تایبه‌تمه‌ندی ئێكس حه‌وتی مۆدێل به‌رزی ده‌بێ له‌ڕووی هێز و توانی بزوێنه‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ڕووی دیزاینیشه‌وه‌ پێشه‌كه‌یان زۆر له‌ یه‌كتر ده‌چێ، هه‌ر ئه‌مه‌یش وای كردووه‌ بی ئێم ئه‌وا ناوی بنێت.

بی ئێم له‌سه‌ر هێزی ئه‌م پیكابه‌ ده‌ڵێ، یه‌كه‌مین پیكابمان به‌هێزێكی زۆر ده‌بێ و له‌گه‌ڵ بزوێنه‌رێك كه‌ توانای زیاتر له‌ 750 ئه‌سپی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها كێشێكی زۆری بۆ داناوه‌ كه‌ له‌كاتی هه‌ڵگرترنی بارێكی قوورسدا هیچ كاریگه‌رییه‌كی نه‌خاته‌ سه‌ری.

بی ئێم ده‌بلیو یان BMW كۆمپانیایه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌ڵمانییه‌ بۆ دروستكردنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیل كه‌ له‌ ساڵی 1916 له‌لایه‌ن "كارۆڵ فرێدریچ ڕاپ"ه‌وه‌ له‌ شاری "مونشن" دامه‌زراوه‌، BMW له‌ "ئه‌ڵمانیا، به‌ڕازیل، چین، هیندستان، ئه‌فریقای باشوور و ئه‌مه‌ریكا" بریكاری هه‌یه‌ و ئۆتۆمبێل دروست ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌ ساڵی 2015 یه‌كێك بوو له‌ پێنج باشترین كۆمپانیاكان بۆ دروستكردنی ئۆتۆمبێل.












وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان

ئه‌م بابه‌ته 707 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌