كۆمپانیای جەنەڕال ئەلكتریكی ئەمەریكی، لە سێ مانگی داهاتوودا 125 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت و دەیخاتە سەر تۆڕی كارەبای عێراقی، بەمەش بەشێك لە گوشارەكانی شەقام لەسەر سەرۆك وەزیران كەمتر دەكاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەم نۆی حوزەیران، مەدحەت مرعەبی بەرپرسی كۆمپانیای
جەنەڕاڵ ئەلكتریكی ئەمەریكی بۆ بەرهەمە كارەباییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رای گەیاند، كۆمپانیای جەنەڕاڵ ئەلكتریك لەماوەی سێ مانگی رابردوودا سەركەوتوو بووە لە چاككردنەوەی وێستگەی كارەبای عیمارە و گۆڕینی سیستەمی كارپێكردنەكەی بۆ تەكنەلۆجیا "F9"ی پێشكەوتوو، بەهۆیەوە ئێستە ئەو وێستگەیە 500 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت.
مرعەبی گوتی "تیمی كۆمپانیای جەنەڕاڵ ئەلكتریك زۆر لە كاتی زیاتری خۆیان كاریان كردووە لەپێناو بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ ئاستێكی زۆر بەرز، هەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ بەرهەمهێنانی 125 مێگاوات كارەبا لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا". زیاتر گوتی "كۆمپانیاكە پابەندە بەو بەڵێنەی بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی داوە بۆ زیاتركردنی بەرهەمهێنانی كارەبا، ئەمەش دوای ئەوە دێت كۆمپانیاكە توانیویەتی لەماوەی رابردوودا 1800 مێگاوات كارەبا بخاتەوە گەڕ كە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی پەكی كەوتبوو".
كۆمپانیای جەنەڕاڵ ئەلكتریكی ئەمەریكی، بەپێی گرێبەستێك لەگەڵ حكوومەتی عێراق بڕیارە چەندان پڕۆژەی ستراتیجی بەرهەمهێنانی كارەبا و پێشخستنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە عێراق پێش بخات.