هەواڵێكی "وشە" رێوشوێن لە بەرامبەر پێنج هەزارییەكەی داعش توند دەكات

:: PM:08:48:11/01/2017 ‌


دوای هەواڵێكی "وشە" لەبارەی بڵاوبوونەوەی دراوی پێنج هەزاری عێراقی كونكراو لە بازاڕەكانی ئالوگۆڕی دراو لە هەرێمی كوردستان، خاوەنی نووسینگەیەكی ئالوگۆڕی دراو لە هەولێر دەڵێ كە ئێوارەی ئەمڕۆ بەر لە داخستنی بازاڕی ئالوگۆڕی دراو لەلایەن ئەنجوومەنی دۆلار فرۆشان ئاگەدار كراینەوە كە هەموو مامەڵەیەك بە دراوی پێنج هەزاری عێراقی "چوار كون" قەدەغەیە.

زیاتر لە هەفتەیەكە پێنج هەزار دیناری عێراقی كونكراو لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بڵاو بووەتەوە، كە لەناو هەر سەفتەیەكدا چەند دانەیەكی تێ كراوە، پارەكەش ملیاران دینارە و لە ڕێی بازرگانیكردن لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لە بانكەكانی مووسڵەوە دەرهێنراون و لە بازاڕەكانی دراوی هەرێمی كوردستان دەفرۆشرێن، ئاسایشی شارەكانیش بۆ سەرچاوەی هاتنی ئەو پارانە دەگەڕێن.

كەمال عەبدولرەحمان خاوەنی نووسینگەی ئالوگۆڕی دراو لە هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بەر لە داخستنی بازاڕی ئالوگۆڕی دراو لەلایەن ئەنجوومەنی دۆلار فرۆشان ئاگەدار كراینەوە كە هەموو مامەڵەیەك بە دراوی پێنج هەزاری عێراقی "چوار كون" قەدەغەیە.

ئەو خاوەن نووسینگە دەڵێت، ئەنجوومەنی دراو گۆڕینەوە پێیان ڕاگەیاندووین كە ئەم بڕیارە لەلایەن بانكی هەرێمەوە بۆیان هاتووە و بەهیچ شێوەیەك مامەڵە بەم دراوە ناكرێت.

سیامەند مەولوود سەرۆكی ئەنجوومەنی دۆلار فرۆشان بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئەم پارەیە بە دراوی داعش ناوبانگی دەركردووە و گومان دەكرێت لە بانكی ناوەندی عێراق هاتبێت بۆ كوردستان.

سەرۆكی ئەنجوومەنی دۆلار فرۆشان دەڵێت، ئەمڕۆ لەلایەن بانكی هەرێم و هێزەكانی ئاسایش ئاگەدار كراینەوە لەسەر ئەم پارەیە كە بە هیچ شێوەیەك مامەڵەی پێ نەكەین.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بە سیامەند مەولوود سەرۆكی ئەنجوومەنی دراو گۆڕینەوەی هەولێر كرد، بەڵام ناوبراو وەڵامی پێوەندییەكەی نەدایەوە.

ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش جگە لە نەوت، چەندان جۆر بازرگانی تریشی ئەنجام داوە، تەنانەت زۆر جۆر بازرگانی كە بەپێی بنەماكانی شەریعەتی ئیسلامیش قەدەغەن، وەك بازرگانیكردن و كڕین و فرۆشتن بە ئافرەتەوە، ئەم جۆرە بازرگانییەش تەنیا سەركردەكانی داعش ئەنجامیان داوە و نەیان هێشتووە چەكدارە ئاسایییەكان پێی بزانن.

ئەگەر ڕێگری بە مامەڵە بەو دراوانەی داعش نەكرێ، دوای ئەوەی زۆربەی ڕێگە بازرگانییەكانی تریان لێ داخرا، ئەوا جارێكی تر لە ڕووی ئابوورییەوە بەهێز دەبنەوە، ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە هێزەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەیانەوێ بنبڕی بكەن.





وشە - رامیار جەواد