ئەو خۆراكانەی نابێت لەسەر گەدەی بەتاڵ بخورێت

:: PM:02:29:10/07/2019 ‌

كاتێك گەدە بەتاڵ دەبێت كە لە خەو هەڵدەستین لە بەیانیاندا یان بۆ ماوەیەكی درێژ هیچ خۆراكێك نەخورێت، رەنگە لە كاتی برسیەتی و گەدەی بەتاڵدا تامەزرۆی خۆراكی ترش یان ئەو شیرینییانە بكەیت كەبە هەویر دروست دەكرێن. مەرج نییە هەموو خۆراكێك باش نەبێت لەسەر گەدەی بەتاڵ بخورێت. لێرەدا باس لەو خۆراكانە دەكەین كە نابێت لەسەر گەدەی بەتاڵ بخورێت چونكە كاریگەری لەسەر گەدە دروست دەكات و دەبێتە  هۆی ئازار.

یەكەم: خواردنەوە گازییەكان، خواردنەوە گازییەكان بەهۆكاری سەرەكی قەڵەوی دادەنرێت لە ئەمەریكادا. تەنانەت ئەگەر لەسەر گەدەی بەتاڵ بخورێت نابێتە هۆی سووتاندنی شەكر بەڵكو زیان بەگەدە دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی تێكدانی هەرس. خواردنەوە گازییەكان ئەگەر لە بەیانیاندا بخورێت دەبێتە هۆی  كەمخوێنی زیان بە لینجە پەردەی گەدە دەگەیەنێت و دەبێتە هۆكارێك بۆ قەبزی.

دووەم: میوە مزرەكان، میوە مزرەكان سەرەڕای ئەو تامە ترشەی پڕە لە شەكری ئازاد، بەم هۆیەش سەخت دەبێت لەسەر گەدە. میوەترشەكان بەتایبەتی لیمۆ ئەگەر لەسەر گەدەی بەتاڵ بخورێت، ئازاری گەدە دروست دەكات لە هەندێك حاڵەتدا دەبێتە هۆی هێڵنجدان.

سێیەم: خەیار، خواردنی سەوزە زۆر كەمە لە بەیانیاندا، بەڵام لە هەندێك نەریتدا خەیار لە ژەمی بەیانیدا دادەنرێت بەگشتی خەیار باشە بۆ تەندروستی لەش، بەڵام ئەگەر لەسەر گەدەی بەتاڵ بخورێت ئەوە دەبێتە هۆكارێك بۆ دڵەكزێ‌ و بای سك و ئازاری سك.

چوارەم: ئەو بەرهەمە شیرانەی كە دەترشێت، ماست یەكێكە لە بەرهەمە ترشاوەكانی شیر بڕێك پرۆبایۆتیكی تێدایە، بەڵام ئەگەر لەسەر گەدەی بەتاڵ بخورێت ئەوە بەهۆی بەرزی ترشی هایدرۆكلۆریكەوە بەكتریایی سوودبەخش لەناو دەبات، بۆیە سوودێكی ئەوتۆی نابێت بۆ لەش.

پێنجەم: هەرمێ‌، خواردنی هەرمێ‌ لە كاتی برسیەتیدا كارێكی دروستە، بەڵام بەپێی خۆراكناسان باشتر وایە هەرمێ‌ لەسەر گەدەی بەتاڵ نەخورێت چونكە ریشاڵی خاوی تێدایە كە دەبێتە هۆی برینداربوونی لینجە پەردەی گەدە و دروستبوونی ئازار.

شەشەم: خۆراكی ناتەندروست، خۆراكی ناتەندروست وەك خۆراكی تیژ و پڕ لە بەهارات باش نییە لەسەر گەدەی بەتاڵ بخورێت، چونكە هۆكارێكە بۆ ژەهراویبوون و دروستبوونی ئازاری گەدە و هەڵگەڕانەوە ترش و بەدهەرسی.

حەوتەم: تەماتە، هەرچەندە تەماتە بڕێكی باش ڤیتامین سی و پێكهاتەی خۆراكی تێدایە، بەڵام ئاستێكی بڵند لە ترشی هەیە كە رێژەی تر لە گەدەدا زیاد دەكات. دەبێتە هۆی برینی گەدە بۆیە باشتر وایە ئێواران بەشێوەی زەڵاتە بخورێت.




وشە - ئاوات ئازاد