سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، پیرۆزبایی له سه‌رۆكی نوێی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێ: هیواخوازم پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان ببێته هۆی باشتربوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م (10ی تهمووز) محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا بۆ مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پیرۆزبایی حكوومه‌ته‌كه‌ی لێ كرد و گوتی: هیواخوازم پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان ببێته هۆی باشتربوونی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا".
حه‌لبووسی به‌ناوی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه، پاڵپشتی و هاوكاریی خۆی بۆ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و وێڕای پیرۆزبایی له سه‌رۆكی حكوومه‌ت و كابینه‌كه‌ی هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن.
ڕۆژی 10ی تهمووز، مەسروور بارزانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت، له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران متمانه‌ی پێ درا و دواتر و ته‌واوی حكوومه‌ته‌كه‌ی متمانه‌یان وه‌رگرت. پاشان له گوتارێكدا ڕای گه‌یاند، یه‌كێك له سه‌ره‌كیترین كاره‌كانی حكوومه‌ته‌كه‌ی بریتی ده‌بێ له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی.