سەتان كەس بۆ پارەی ئاو سەردانی ئەو فەرمانگەیە دەكەن

:: AM:11:27:11/07/2019 ‌
بەڕێوەبەری دابەشكردنی ئاوی هەولێر ئاشكرای دەكات، لە ماوەی سێ‌ هەفتەی ڕابردوو سەتان كەس سەردانیان كردووین كە پارەیەكی زۆریان بۆ هاتووەتەوە و كێشەكەیان بۆ چارەسەر كراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی تەمووز، ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری دابەشكردنی ئاوی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كاركردن بەپێوەری ئاو لە هەولێر بەردەوامە و لە ماوەی سێ‌ هەفتەی ڕابردوو سەتان هاووڵاتی بەهۆی هاتنەوەی ڕێژەیەكی زۆر لە پارەی ئاو سەردانیان كردووین.

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی، چوار زۆرترین ڕێژەی پارە لە هەولێر تۆمار كرابوو بریتی بوون لە 52 ملیۆن و 28 ملیۆن و 27 ملیۆن و 17 ملیۆن، دوای سەردانكردنیان بۆ فەرمانگەی ئاوی هەولێر، لیژنەیەك پێكهێنرا و دوای بەدواداچوون ئەو ڕێژەیە دەركەوت هەڵەی تێدایە و 52 ملیۆنەكە بۆ 150 هەزار دینار دیاری كرا.

باسی لەوەش كرد، هاووڵاتی هەیە بەهۆی بوونی كێشەی میكانیكی لە پێوەرەكە سەردانی كردووین و كێشەكەمان بۆیان چارەسەر كردووە، هەروەها ئەو دەنگۆیانەی باس لە وەستانی كاركردن بەپێوەری ئاو دەكرێت دوور لە ڕاستی و كاركردن بەردەوامە.

لە ماوەی ڕابردوو هەفتەنامەی "وشە" ئاشكرای كردبوو پێوەری ئاوی ماڵان كێشەی زۆری تێدایە و بڕێكی زۆر لە پارە بۆ هاووڵاتییان هاتووەتەوە.




وشە - رامیار جەواد