هۆكارەكانی ماندووبوونی لەش

:: PM:03:17:11/07/2019 ‌

هەرگیز لە خۆتت پرسیوە ئەو وزەییەی لە لەشدا هەیە چۆن بەفیرۆ دەدرێت. زۆركات وزە بەشێوەیەكی خێرا بەفیڕۆ دەدرێت، ئەمەش بە درێژایی رۆژ دەبێتە هۆی ماندووبوون و هەستكردن بە هیلاكی چەند هۆیەك هەیە كە وادەكات وزە بە خێرایی بەفیڕۆ بدرێت وەك كەمخەوی و پەڕاندنی ژەمەكان و زۆركاركردن. ئەمەش جیاوازی زۆر گەورە لە لەشدا دروست دەكات و بەردەوام هەست بە ماندووبوون دەكەیت.

چەند هۆكاریك هەن كە دەبنە هۆی هەستكردن بە هیلاكی دیارترینیان ئەمانەن:
یەكەم: كەمبوونەوەی رێژەی ئاسن، خانەكان بەردەوام پێویستیان بەوەیە ئۆكسجین وەربگرن ئاسن یەكێكە لەو پێكهاتە خۆراكییە گرنگانەی كە توانای گواستنەوەی ئۆكسجینی هەیە. ئەگەر گرفتێك لە رێژەی ئاسندا دروست ببێت ئەوە هەستكردن بە هیلاكی زیاد دەكات. باشتر وایە زیاتر پاقلەمەنی و گۆشتی سوور و سەوزە بخورێت بۆ ئەوەی رێژەی ئاسن بە دروستی بمێنێتەوە.

دووەم: كەمخواردنەوەی ئاو، گومانی تێدا نییە كە ئاو گرنگە بۆ مانەوە لە ژیان. كاریگەری هەیە لەسەر ئاستی وزە لە رۆژدا. ئەگەر وشكبوونەوە لە لەشدا روو بدات پێكهاتەی خۆراكی و ئۆكسجین كەمتر بە لەش دەگات، چونكە خوێن توانای گواستنەوەی كەم دەبێتەوە سەرئەنجام دەبێتە هۆی هەستكردن بە هیلاكی و كەمبوونەوەی توانای لەش.

سێیەم: وەرزش نەكردن، نوستن و راكشان لە رۆژدا مانای ئەوە نییە وزە بۆ لەش دەگەڕێتەوە، بەڵكو توانایی لەش كەمتر دەكاتەوە. ئەگەر بتەوێت لەشت چالاك بێت راهێنانی دڵ و بۆڕییەكانی خوێن بكە، پێویستە هەفتەی سێ‌ جار رابكەیت بۆ ئەوەی توانای لەشت زیاد ببێت و خوێن بەشێوەیەكی تەندروست بگات بە بەشەكانی تری لەش.

چوارەم: هەستكردن بە نیگەرانی، ئەگەر زۆر بیر دەكەیتەوە یان هەست بە بێزاری دەكەیت بە درێژایی رۆژ، ئەوە وزەی لەشت بەشێوەیەكی خێراتر بەفیڕۆ دەدرێت، بۆیە باشتر وایە لەكاتی هەستكردن بە بێتاقەتی و نیگەرانیدا راوێژ بە كەسێكی خێزانەكە بكرێت یان گفتوگۆ بكرێت بۆ ئەوەی حاڵەتە دەروونییەكان كەمتر ببنەوە لەسەر مێشك و بڕێكی باشتر ئۆكسجین بە لەش بگات و هەستكردن بە هیلاكی كەم ببێتەوە.



وشە - ئاوات ئازاد