ئەو خۆراكە ئامادەكراوانەی زیان بەلەش ناگەیەنن

:: PM:03:23:11/07/2019 ‌
هەموومان دەزانین كە خۆراكی دەستكاریكراو ئامادەكراوی ناو قوو یان شووشە باش نییە، چونكە بڕێكی زۆر پێكهاتەی ناپێویستی وەك سۆدیۆم و چەندان پێكهاتەی تری تێدایە كە زیان بەلەش دەگەیەنێت. بەڵام هەموو خۆراكێكی دەستكاریكراو خراپ نییە تەنیا ئەو خۆراكانە خرایە كە پێكهاتەی سروشتییان زۆر گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، ئەگەرنا ئەو خۆراكانەی كە پاككراون و توێكڵەكەیان لێ كراوەتەوە یان بەستێنراون یان وردكراون، هیچ زیانێك بەلەش ناگەیەنن.

ئەمانەش هەندێكن لەو پێكهاتە خۆراكییانەی سەرەڕای دەستكاریكردنیان یان لە قوتوونایان هیچ زیانێك بەلەش ناگەیەنن.

یەكەم: گۆشت بە سەوزەوات، ئامادەكردنی گۆشت لەگەڵ سەوزەوات بەشێوەیی قوتوونراو جگە لە بەخشینی تام بە گۆشتەكە، هیچ زیانێكی تری نییە لە بنەڕەتدا سەوزەكان بەشێوەیەكی راستەقینە هەن و ئامادە دەكرێن، بۆیە زیانیان كەمترە. بەڵام پێویستە خۆت لەو جۆرە گۆشتانە بەدوور بگریت كە نیشاستەی گەنمەشامی تێدایە.

دووەم: ماست، ماست پێكدێت لە شیر و بەكتریای بەسوود ئەم دوو پێكهاتەیە پێكەوە بەشێوەیەكی سروشتی دەرناكەون، بۆیە لەدوای ئامادەكردنی بەخۆراكێی دەستكاریكراو دادەنرێت. ئەمەش مانای ئەوە نییە كە هەموو جۆرە ماستێكی دەستكاریكراو بەسوودە و شیاوە بۆ خواردن، بۆیە پێویستە خۆت بەدوور بگریت لەو ماستانەی تەنی شەكر یان نیشاستەیان تێدایە.

سێیەم: كەرەی فستق عەبید، هەموومان دەزانین كە كەرەی فستق عەبید خۆراكێی دەستكاریكراوە. بەڵام لە رووی پێكهاتەوە ئەگەر سروشتی بوو ئەوە گونجاوە بۆ خواردن بڕێكی زۆر پرۆتین بەلەش دەدات. بەڵام خۆت بەدوور بگرە لەو جۆرانەی كە بڕێكی زۆر شیلەی گەنمەشامی فرەكتۆزی تێدایە لەگەڵ شەكر و رۆنی هایدرۆجەنێی. ئەگەر نا هەموو جۆرەكانی تری بەسوودە بۆ لەش.

چوارەم: دۆشاوی تەماتە، بەپێی توێژینەوە پزیشكییەكان دۆشاوی تەماتە لە تەماتەی ئاسایی باشترە بۆ لەش، چونكە رێژەی لیكۆپەینەكەی چالاكترە. لیكۆپەین كە جۆرێكە لە دژەئۆكسید وەك دژە شێرپەنجەیەك لە لەشدا كار دەكات، بەڵام باشتر وایە ئەو دۆشاوانە بەكار بهێنرێت كە سۆدیۆمیان تێدا نییە یان بڕێكی زۆر كەمیان تێدایە بۆ ئەوەی پەستانی خوێن بە ئاسایی بهێڵێتەوە.

پێنجەم: سەوزە و میوە بەستووەكان، میوە و سەوزە یەكێكن لە خۆراكە بەسوودەكان كاتێك ئامادە دەكرێن بەشێوەیەكی زۆر دروست كە شایەنی خواردن بێت دەشۆردرێن و پاك دەكرێن و پاشان ورد دەكرێن و دواتر دەپێچرێنەوە، بۆیە هیچ زیانێك بەلەش ناگەیەنن. زیادكردنی میوە و سەوزەی بەستوو لە ژەمەكاندا وادەكات لەش بڕێكی زیاتر دژەئۆكسید و ریشاڵ وەربگرێت و بەمەش تەندروستی لەش باشتر دەبێت.



وشە - ئاوات ئازاد