یەكێتی و گۆڕان دۆسیەی پۆستەكانی سلێمانی لەسەر یەكتر هەڵدەدەنەوە

:: PM:04:31:11/07/2019 ‌
هەریەكە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە دوای دوو ساڵ بە دوو ساڵ پۆستی پارێزگاری سلێمانی بە مافی خۆیان دەزانن و یەكێتیش دەڵێت، ئێستە ئێمە زۆرینەی سلێمانین و ئەگەر بمانەوێت پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە گۆڕان و هەڤاڵ ئەبوبەكر وەردەگرینەوە.

ساڵی 2014 یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بەپێی رێككەوتنێكی سیاسی پۆستەكانی سلێمانی و هەڵەبجەیان بۆ دوو ساڵ بە دوو ساڵ دابەش كرد و ئێستە وادەی یاسایی دوو ساڵی هەردوولا بەرەو كۆتایی دەڕوات و گۆڕانیش دەڵێت، با یەكێتی ئەوە بزانێت تەنیا پۆستی پارێزگار نییە و چەندان پۆستی تر هەیە دەبێت رێككەوتنی بۆ بكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی تەمووز، هۆشیار ئیسماعیل ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی بە "وشە"ی راگەیاند، بەپێی ڕێككەوتنەكەی هەردوولا بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگار دوو ساڵ بە دوو ساڵ بوو، یەكێتی دوو ساڵی خۆی تەواوكردوو رادەستی گۆڕانی كرد، ئێستە دوو ساڵی گۆڕانیش تەواو بووە و هێشتا ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات و رادەستی یەكێتی نەكردووە.

زیاتر گوتی، ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە ناو ئەنجوومەن دەكرێت و دوای پێكهێنانی حكوومەتیش دەكرێت پرسی ئاڵوگۆڕی پارێزگار بكرێتەوە، بەپێی رێكەوتنەكەی هەردوولا یەكێتی دەتوانێت پۆستی پارێزگار لە گۆڕان وەربگرێتەوە یان یەكێتی خۆی دەتوانێت بە گۆڕان بڵێ بەردەوام بن لە بەڕێوەبردنی.

ئاماژەی بەوە كرد، بەبێ گەڕانەوە بۆ یەكێتی گۆڕان ناتوانێ بەویستی خۆی بەردەوام بێت لە بەرێوەبردنی ئەو پۆستە، چونكە ئێستە یەكێتی هێزی یەكەمە لە پارێزگای سلێمانی.

لای خۆیەوە بارزان محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی راگەیاند، پۆستی پارێزگاری سلێمانی پێویستی بە رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان هەیە لە ناو ئەنجوومەن هەرگیز ئەو پۆستە یەكلا نابێتەوە، چونكە پێویستی بە 17 دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن هەیەو نە گۆڕان و نە یەكێتی هیچكام  ناتوانن ئەو دەنگانە پەیدا بكەن.

ئەندامێكی تری بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، با یەكێتی ئەوە بزانێت كە پرسەكە تەنیا پارێزگاری سلێمانی نییەو چەندان پۆستی تر لە ئارادان.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم