رووناكی مۆبایل تووشی كلۆربوونی ددان و شەكرەت دەكات

:: PM:04:36:11/07/2019 ‌

توێژینەوەیەكی فڕەنسایی- هۆڵەندی گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە بەركەوتنی شەوانە بۆ ماوەی سەعاتێك بۆ رووناكی شینی شاشەی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان، خواستی خواردنی شیرینی و خواردنەوە شیرینكراوەكان زیاتر دەكات و ئەوەش دەبێت هۆی زیادبوونی كێش و قەڵەوی و كلۆربوونی ددان.

توێژینەوەكە كە بە هاوبەشی هەردوو زانكۆی "ستراسبۆرگ"ی فڕەنسایی و "ئەمستردام"ی هۆڵەندی ئەنجام دراوە روونی كردەوە كە لە تاقیكردنەوە لەسەر مشك لە تاقیگە دەركەوتووە كە  ئەو رووناكییە شینە شەوانە وا دەكات بۆ رۆژی دواتر ئارەزووی خواردنی ناتەندروست بكەن و بەو شێوەیە ئاستی شەكر لە خوێنیان زیاتر بووە.

توێژەران چوار جۆر خۆراكیان لەپێش مشەكەكان دانا و بۆیان دەركەوت كە نێرەكان كاتێك بەشەو دووچاری بەركەوتنی رووناكی شین كرابوونەوە، زیاتر خواستی خۆراكی شیرینیان هەبوو بە بەراورد بەوانەی كە بەری نەكەوتبوون، بۆیە لەو تاقیكردنەوە و لە توێژینەوەی پێشتریش دەردەكەوێت كە زۆر بەكارهێنانی مۆبایلی زیرەك شەوانە دەبێتە هۆی قەڵەوی و زیادبوونی كێش، وەك رۆژنامەی "دەیلی مێڵ"ی بەریتانی ئاماژەی كرد.

لەبارەی هۆكارەكەیەوە رۆژنامەكە دەڵێت، ئەو رووناكییە شینەی مۆبایل كار دەكاتە سەر سەعاتی بایۆلۆجی لەشی مرۆڤ و وا دەكات زیاتر ئارەزووی خواردنی شیرینی بكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل